ده‌رباره‌   په‌یوه‌ندی
ناکۆکی باڵی 'مام جەلال' و 'شێخ جەنگی'... ژیلەمۆ یان خۆڵەمێش؟

2021/07/09 - 03:04 | 1545 جار بینراوە    
 
دەنگ نێت
 
دوای شەوێکی پڕ ترس و گرژیی، ئاڵۆزییەکانی نێوان باڵەکانی دو ھاوسەرۆکەکەی یەکێتی ھێور بونەوەی بەخۆیەوە دیوە، ئەگەرچی ئاماژەکان بەوەدەچن کە باڵی ماڵی مام جەلال براوەبون لەم گەڕەدا، بەڵام پێناچێت ئاڵۆزییەکە کۆتایی ھاتبێت.
 
شەوی رابردو زۆنی سەوز و ناوخۆی یەکێتی نیشتمانی روبەڕوی دۆخێکی تەواو ئاوارتە و جیاواز بویەوە، کە ئەویش روبەڕوبونەوەی چەکداریی نێوان باڵی ھاوسەرۆکانی یەکێتی (بافڵ تاڵەبانی و لاھور شێخ جەنگی) بو.
 
ئاڵۆزییەکە لەوەوە دروستبو دەزگای زانیاری کە سەر بە یەکێتی کە لەژێر ھەژمونی لاھور شێخ جەنگی بو، پابەندی ئەو بڕیاری گۆڕانکارییە نەبو کە بافڵ تاڵەبانی دەریکردبو، بەوەی 'ئەژی مەلا ئەمین' لە جێگەی 'محەمەد تەحسین تاڵەبانی' بکرێت بە سەرۆکی دەزگاکە.
 
ئەم رازیی نەبونە سەریکێشا بۆ ئەوەی بافڵ تاڵەبانی ھێز بنێرێتە سەر بارەگای دەزگای زانیاری لە قەڵاچوالان، چ ھێزێکیش؟ دژە تیرۆر، ئەو ھێزەی کە سەر بە لاھور شێخ جەنگی بو و لە چەند مانگی رابردو بافڵ تاڵەبانی لەژێر دەستی ئەو دەریھێنا.
 
پێشتر دەزگای دژە تیرۆر لە ژێر کۆنترۆڵی لاھور شێخ جەنگی بو، بافڵ تاڵەبانی لە چەند مانگی رابردودا توانی وەلائی سەرکردە دیارەکانی بۆ لای خۆی بگۆڕێت و دەزگاکە بخاتەژێر رکێفی خۆیەوە، بەمەش یەک لە دو گرنگترین دەزگای ژێر دەستی لاھور شێخ جەنگی و تەنانەت یەکێتیش، 'کۆنترۆڵ' کرا.
 
بەچەند مانگێک دوای ئەم کۆنترۆڵکردنە، سەرە ھاتە سەر دەزگا گرنگەکەی تر 'زانیاریی'، ھەتا ئەمشەو توانرا ئەویش 'کۆنترۆڵ' بکرێت، بەڵام جیاوازیەکە ئەوە بو کە دژە تیرۆر وەلائی سەرکردەکانی گۆڕدرا و ھەر بە خۆیان گۆڕانکارییەکە کرا، بەڵام گۆڕانکارییەکەی زانیاریی پێویستی بە ھێز و کەسانی دەرەوەی دەزگاکە ھەبو بۆ کۆنترۆڵکردنی.
 
ئێستا واپێدەچێت کە ئاگرەکەی دوێنێ بە نێوەندگیریی چەند سەرکردەیەکی یەکێتی و وڵاتانی دیکە 'ئێران و ئەمریکا' کۆتایی پێھێنرا بێت، دوای ئەوەی باڵی ماڵی مام جەلال لە ھەنگاوەکەیان سەرکەوتو بون و ئەوەی ویستیان بەدییان ھێنا، بەڵام ئەوەی لەو ئاگرە بەجێماوە، زۆرتر ژیلەمۆیە وەک خۆڵەمێش، چونکە پێناچێت ئەو دو باڵە بە ئاسانی لە باڵادەستبونی بەرامبەرەکەیان خۆش بن، ئەگەرچی بەناو ھاوسەرۆک و بە رایەڵەی کۆمەڵایەتیش ئامۆزان.
 
 
 



Dengnet.net - 2024
دروستکراوە لەلایەن کۆمپانیای (کۆدتێك)ەوە
ژمارەی سەردان 1,720,746     ژمارەی میوان 2890