ده‌رباره‌   په‌یوه‌ندی
هەمەجۆریی بایۆلۆجی: 'ئێمە بەشێکین لە چارەسەر'

2021/05/27 - 11:24 | 1443 جار بینراوە    
 
سەرکەوت جەلیل 
 
هەمەجۆریی بایۆلۆجی چییە؟
 
هەمەجۆریی بایۆلۆجی(biodiversity) ڕاستییەکی حاشاهەڵنەگر و بەڵگەنەویستی ژیانی سەر ئەم هەسارە شینەیە؛ هەمەجۆریی ژیانە بە هەموو شێوە و دەرکەوتە و ڕۆڵ و پێگەیەکەوە. گەر ئەو ڕستە و پێناسەیە زۆر بەربڵاو بێتە بەر چاو، ئاساییە، چونکە خودی دیاردە و باسەکە هێندە بەرفراوانە؛ باسەکە باسی خودی ژیانە. هەمەجۆریی بایۆلۆجی چەند شێوەیەکی هەیە. لە زیندەوەری تاکخانەوە تا دەگاتە ئاژەڵە تاکڕەگەزەکان و ئینجا جڤاتی گیانلەبەران و لەوێشەوە سەرلەبەری ئیکۆسیستەمێک، وەک دارستانەکان و بەردە مەرجانییەکان(1). ئەمانەن کە بە خۆیان و کارلێکە جیاوازەکانیانەوە لە ملیۆنان و ملیاران ساڵەوە وایان کردووە، ژیان لێرە لەسەر زەوی مومکین بێت. ژیان واتە زەریا و دەریا، دەریاچە و ڕووبار، دارستان و درەخت و گیا، ئاژەڵ و خشۆک و پەلەوەر و بڕبڕەدار و گیانلەبەرە ئاوییەکان، کیسەڵ و حوشتر و فیل و مراوی و بەراز و کرم و قالۆنچە. ژیان بەمانەوە دەبێتە چیرۆک و بەسەرهات، مرۆڤیش لە هەناوی ئەم هەمەدەنگی و هەمەجۆرییەوە دروست بووە و بەردەوامە لە گەشە و پەرەسەندن. لێرەوە هەندێک لە زانایان دەڵێن، لەناوچوونی وەها هەمەجۆرییەک وەک "سووتاندنی کتێبخانەی ژیان" وایە(2). زیاتر لە پێناسەیەک بۆ دەستەواژەی هەمەجۆریی بایۆلۆجی هەیە. بەڵام لە پەیماننامەی هەمەجۆریی بایۆلۆجیدا، کە پێش چەند ڕۆژێک یادی 29 ساڵەی دەرچوواندنی بوو، هاتووە: "هەمەجۆریی بایۆلۆجی بریتییە لە نایەکانگیریی نێوان بونەوەرە زیندووەکان لە هەموو سەرچاوەکانییەوە، لەوانەش زەمینی، دەریایی یان هەر ئیکۆسیستەمێکی تری ئاوی، لەگەڵ ئەو کۆمەڵگە ئیکۆلۆجییەی بەشێکن لێی: ئەمەش هەریەکە لە هەمەجۆری لە نێو چەشنەکاندا، هەمەجۆری لە نێوان چەشنەکاندا و ئیکۆسیستەمەکان دەگرێتەوە"(3).
کار کراوە و بەردەوامیش دەکرێت، بەڵام هێشتا لەوە ناچێت مرۆڤایەتی لە لایەکەوە لە گرنگی و بایەخ، لە لایەکی تریشەوە لە مەترسییەکانی کەمبوونەوە یان لەدەستدانی هەمەجۆریی بایۆلۆجی، بەئاگا بێت. ئەوەتا دوای ئەو هەموو ساڵە، وەک ئەوەی چەند زانایەک لە توێژینەوەیەکدا دەربارەی ساڵانی 1991 تا 2016 دەریان خستووە، چ لە ڕووی ڕووماڵکردنی میدیایی و چ وەک ژمارەی توێژینەوەی زانستییش، گۆڕانی کەشوهەوا چەندان جار زیاتر لە هەمەجۆریی بایۆلۆجی، بایەخی پێ دراوە(4). ئەوەش لە کاتێکدا گەر بە ژمارە و ئاستی کاریگەرییش بەراوردیان بکەین، لەدەستدانی هەمەجۆریی بایۆلۆجی زۆر لە گۆڕانی کەشوهەوا ترسناکترە، بەو پێیەی لەدەستدانی هەر شێوەیەکی ژیان، هێنانەوە و چاککردنەوەی مەحاڵە. بەڵام گۆڕانی کەشوهەوا، با سەدان و هەزاران ساڵیش بخایەنێت، نەهێشتن یان کەمکردنەوەی ئاسەوارەکانی، مومکینە. بیر لەوە بکەوە گەر سیسرکە، مشک، جۆرێک کرم یان مەیموون لەناوبچن، چۆن دەشێت و دەکرێت سەرلەنوێ بهێنرێنەوە بوون؟ ئەوان کە لە ئەنجامی ملیۆنان ساڵ پەرەسەندنەوە دروست بوون، جارێکی تر دروست نابنەوە، یەک جار لەناو دەچن و ئیتر تەواو!
 
چی ڕووی داوە؟
لە یەکەمین پەرەگرافی دیباجەی پەیماننامەی هەمەجۆری بایۆلۆجیدا هاتووە: "دەوڵەتانی ئەندام لە سۆنگەی ئاگاییان بە بەهای جەوهەریی هەمەجۆریی بایۆلۆجی و سەرجەم بەها ئیکۆلۆجی، جێنێتیکی، کۆمەڵایەتی، ئابووری، زانستی، پەروەردەیی، کەلتووری، کەیفخۆشی و ئیستاتیکییەکانی هەمەجۆریی بایۆلۆجی و پێکهێنەرەکانی..." بڕیاریان لەسەر دەرچوواندن و پەسەندکردنی وەها پەیماننامەیەک داوە. ئەوەی لەم پەرەگرافەدا سەرنجڕاکێشە، دەستەواژەی بەهای جەوهەرییە. ئەو دەستەواژەیە لە زۆربەی پەیماننامە ژینگەییەکانی تردا نییە و نابینرێت. پرسەکەش بریتییە لە ململانێی دوو جۆر لە بەها، بەهای جەوهەری (intrinsic value) و بەهای ئامرازی (instrumental value). ئەوەی یەکەمیان واتە شتێک لە خۆیدا و لەبەر خۆی، بەهادارە. لە سەروەختێکدا ئەوەی دووەم واتە شتێک لەبەر خزمەتکردنی ئامانج و مەبەستی شتێکی تر، گرنگە. لە پەیوەست بە هەمەجۆریی بایۆلۆجییەوە، یان بڵێین بە ژیانی هەموو جۆرە زیندووەکانی سەر زەوییەوە (مێروو، ئاژەڵ، درەخت، پەلەوەر...هتد)، ئایا بۆ خۆیان گرنگن؟ یان لەبەر خزمەتکردنی مرۆڤە کە گرنگن؟ لێرەدا بابەتەکە پێچێکی فەلسەفیی ئاڵۆزی تێ دەکەوێت و لە پرسی بەها بەگشتی نزیک دەبێتەوە. یەکێک لە تێزەکان کە وەڵامی پرسی پەیوەندیی نێوان زیندەوەران دەداتەوە، تێزی مرۆڤسەنتەری(anthropocentrism)ـــە. مرۆڤسەنتەری جۆرێک دنیابینی و بیرکردنەوەیە، کە مرۆڤ دەخاتە چەقی گەردوونەوە، بە جۆرێک، کە سەرلەبەری بوونەوەر و زیندەوەرەکانی تر لە خزمەتی ویدا بن. سەرلەبەری بوونەوەر و زیندەوەرەکانی تر کاتێک بەهادارن، کە خزمەتی ئامانج و مەبەستێکی مرۆڤ و مرۆڤایەتی بکەن. بەم پێیە، مرۆڤسەنتەری لە پەیوەست بە مرۆڤەوە، باسی بەهای جەوهەریی دەکات. بەڵام بۆ زیندەوەرانی تر، لەگەڵ بەهای ئامرازیدا دێتەوە، چونکە پێی وایە بوونەوەر و زیندەوەرەکان، ئامرازن بۆ مەبەست یان ئامانجێکی مرۆیی و لە خۆیاندا بەهایەکی شیاوی باسیان نییە.
ڕەنگە ڕای جیاواز دەربارەی سنوور و مانا و لێکەوتەکانی مرۆڤسەنتەری هەبن، بەڵام لای کەم هەبوونی وەها دیدێک لای زۆرێک لە خەڵکی ئاسایی و بیرمەندانیش، ڕەت ناکرێتەوە و بە ئاسانی بوونی دەسەلمێنرێت(5). مەترسی و کاریگەریی مرۆڤسەنتەری لە ڕوانگەی هەمەجۆریی بایۆلۆجییەوە لەو خاڵەدایە، کە وەها دیدێک ڕێگە بۆ سڕینەوە و لەناوبردن و قەڵاچۆکردنی جۆرە بایۆلۆجییەکان، لەبەر بەرژەوەندی و خزمەتی مرۆڤ، خۆش دەکات. لە لایەکەوە مرۆڤ، سەنتەر و ئاغا و فەرماندە و هەموو شتێکی شانشینی گیانلەبەران بێت، لە لایەکی تریشەوە بە چاوی بەکارهێنان و ئامرازییەوە لە گیانلەبەرانی تر بڕوانێت، هەر ئەو فەوزایەی لێ دەکەوێتەوە کە ئێستا دەبینرێت. لە بۆچوونێکدا، مرۆڤ سەنتەرە و سەرجەم زیندەوەرانی تر لە خزمەتی ئەودان. بەپێی بۆچوونی دووەمیش، مرۆڤ بوونێکە شان بە شان و بە تەنیشت ملیۆنان جۆری زیندووی ترەوە، کە لە باشترین حاڵەتدا بەبێ ئەوان ناتوانێت بژی و بەردەوام بێت.
وەک زانایەک دەڵێت، لە ڕووی تەکنیکییەوە هەر زیندەوەرێک بگریت—قالۆنچە، قەوزە یان هەر یەکێکی تر—شاکارێکە بۆ خۆی. لە ڕووی پیکهاتن و زانیارییشەوە لە وێنەیەکی کاراڤاجیۆ، سیمفۆنییەکی مۆتزارت، یان هەر شاکارێکی تری هونەری، دەوڵەمەندترن. تەنیا دیقەتی شریتی ترشی ناوەکی (DNA) بدە(6). جگە لەوانەش، دابینکردنی زۆرێک لە پێویستییەکانی مرۆڤ، لەسەر گیانلەبەران و هەمەجۆریی بایۆلۆجی وەستاوە. ئاو، خۆراک، جل، خانوو، وزە و سووتەمەنی و...هتد، بەندە بە هەمەجۆریی بایۆلۆجییەوە. هەر بۆ نموونە، ماسی سەرچاوەی 20٪ی پرۆتینی ئاژەڵیی زیاتر لە سێ ملیار کەسە؛ 80٪ی خۆراکی مرۆڤ لە درەختەوەیە؛ نزیکەی 80٪ی خەڵکانی لادێنشین لە وڵاتانی تازە-گەشەسەندوو لە دابینکردنی دەرمانیاندا، پشتیان بە نەریتەیلێکی پشتبەستوو بە درەختەوە قایمە. ئەمانە و هی تریش، کەچی بە هۆی کار و چالاکییەکانی مرۆڤەوە، هەمەجۆریی بایۆلۆجی زۆر کەمتر بووەتەوە. ئەوەش لە هەندێک حاڵەتدا، دەبێتە ڕێخۆشکەر بۆ تووشبوون بە هەندێک پەتا و نەخۆشی؛ لێرەوە نەتەوە یەکگرتووەکان بڕیاری داوە کە ساڵانە یادی هەمەجۆریی بایۆلۆجیی بکاتەوە و هەموو ساڵێکیش جەخت لە گرنگی و بایەخی هەمەجۆریی بایۆلۆجی، دەکرێتەوە(7).
بەپێی هەندێک ڕاپۆرتی ڕێکخراوەکانی ژینگە و هەمەجۆریی بایۆلۆجی، لە پاش شۆڕشی پیشەسازییەوە مرۆڤ بەردەوام زیان و گورزی کوشندەی لە سروشت و پێکهێنەرەکانی وەشاندووە. لەوەش زیاتر، لە پاش جەنگی جیهانیی دووەم لە 1945ەوە، ژمارەی مرۆڤی دانیشتووی سەر زەوی، دووهێندە و ڕێژە و بڕی بەرهەمهێنان و وەبەرهێنان و ئاڵوگۆڕ و بازرگانییش، چەند قات بووە. بۆ ساڵی 2020 پێنج هۆکار وەک سەرچاوەکانی لەدەستدانی هەمەجۆریی بایۆلۆجی باس کراون(8). یەکەم، گۆڕینی شێوازی بەکارهێنانی زەوی و دەریاکان، کە لە ئەنجامی ئەمەشەوە سەر لە زیندەوەرانی نێو ئەو ژینگەیە دەشێوێنرێت و ئەگەری مانەوە و بەرگەگرتنی کەمتر دەبێت. دووەم، زێدەبەکارهێنانی زیندەوەران، وەک ڕاوەماسیی زیاد لە پێویست. سێیەم، ململانێی نێوان زیندەوەرانی خانەخوێ و زیندەوەری هێرشبەر و داگیرکەر، کە هەندێک جار قڕکردن و گواستنەوەی پەتای لێوە دەکەوێتەوە. چوارەم، پیسکردنی ژینگە. بەوەی ژینگەی ئامانج، نالەبار دەکرێت و چیتر بۆ ژیان و مانەوەی زیندەوەرەکە ناشێت. پێنجەم، گۆڕانی کەشوهەوا؛ ئەمیان دەبێتە هۆی نەخۆشخستنی زیندەوەر، چونکە ناتوانێت لە ماوەیەکی پێوانەییدا خۆی لەگەڵ ئەو گۆڕانە زۆر و کتوپڕەی کەشوهەوادا بگونجێنێت (بۆ نموونە، شێوازی خواردنی یان زاوزێی تێک دەدات).
کاریگەری و ئاستی هەریەک لەم فاکتەرانە وا دەکات، لێکەوتەی لەدەستدانی هەمەجۆریی بایۆلۆجی بەپێی ناوچە و ژینگە جیاوازەکان، بگۆڕێت. بۆیە لە هەموو ناوچە و هەرێمەکانی جیهاندا، لەدەستدانی هەمەجۆریی بایۆلۆجی وەک یەک نییە. وەلێ ڕۆڵی مرۆڤ یەکلاکەرەوەیە. لە 500 ساڵی ڕابردوودا، بە کاریگەری و دەستوەردانی مرۆڤ، زیاتر لە 680 جۆری بڕبڕەدارەکان (شیردەر، باڵندە، ماسی و ...هتد)، کە دەکاتە 1%ی جۆرەکانی نێو ئەو گرووپە، لەناو چوون. جگە لەوەی کە جۆری خاک(soil)یش گۆڕاوە، شێوازی دابەشبوونی زیندەوەرانیش وەک خۆی نەماوە و گۆڕانی بەسەردا هاتووە(واتە زیندەوەران چیتر پێکەوە ناژین، بگرە کەم تا زۆر پەرتەوازە و پەڕاگەندە بوون). بڕێکی زۆری ئەم تێکچوون و هەڵوەشاندنەوەیەی باڵانسی بایۆلۆجییش بە فیعلی مرۆڤە، کە تا دێت، بە حوکمی زۆربوونی ژمارە و فراوانبوونی پێویستییەکانی، پەلی زیاتر دەهاوێت و زیندەوەرانی تر دەکاتە قوربانی.
 
'سیروان' وەک بڵقی ژیان
لە ئەدەبیاتی قانون و ئاکاری ژینگەییدا ئیکۆسیستەم(ecosystem) هەر ناوچە یان ڕووبەرێکی جوگرافییە کە تێیدا هەم ئۆرگانە زیندووەکانی وەک درەخت و ئاژەڵ و باڵندە و ماسی و مێروو، هەمیش پێکهێنەرە نازیندووەکان دەژین. هەمووشیان پێکەوە جۆرێک لە بڵقی ژیان (bubble of life) دروست دەکەن، وەک ئەوەی هەموو پێکهێنەرەکانی ئەو ناوچەیە بە شێوەی خولاو و بازنەیی پشت بە یەکتر ببەستن و یەکتریش تەواو بکەن، کە ئەمەش خەسڵەتێکی دیار و سەرەکیی ئیکۆسیستەمە. ساڵانێکی زۆرە، بە پاڵ دەیان سەرچاوەی سروشتیی ترەوە، ڕووباری سیروان خراپ بەکاردەهێنرێت. مەبەست لە خراپ، لەبەرچاونەگرتنی واقیعی بایۆلۆجیی ڕووبارەکەیە، کە لە خۆرهەڵاتی کوردستانەوە دێتە باشوور، بە هەڵەبجە و دەربەندیخاندا تێدەپەڕێت تا دەگاتە کەلار و لەوێشەوە بۆ ناوچەکانی پارێزگای دیالە. لە دیوی باشوور و بە درێژایی ئەو ناوچانەی ناویان هێنرا، ڕووبارەکە تەنراوە بە کۆمەڵێک پرۆژەی بەرهەمهێنانی چەو و لم، کە ژمارەیان لە 25 دانە زیاترە، بەتایبەت لە گەرمیان(نێوان دەربەندیخان و کەلار). ئەو کارگانەش ڕەچاوی باری سروشتی و ژینگەیی ڕووبارەکە و، تەنانەت یاسا و ڕێساکانی پەیوەست بەو کارانەی حکومەتی هەرێمیش جێبەجێ ناکەن(درەختەکان دەشکێنن، ڕێڕەوی ئاوەکە دەگۆڕن، بە کەیفی خۆیان چەو و لم دەردەهێنن و...هتد).
گەر ڕووباری سیروان هێندە درێژ و گەورە و دەوڵەمەند بێت، گەر بەم مانایە بێت، ئیکۆسیستەمێکە بۆ خۆی. چونکە سەلماندنی ئەوەی هەموو ئەو جۆرە بوونەوەرانەی بەسەرەوەیە و بۆ هەموویان گرنگە، زۆری تێ ناچێت. بوونی بەراز و چەندان جۆر باڵندە و ئاسک و مێروو  و هی تریش، بەڵگەی ئەوەیە. بەگشتی، پاراستنی ژینگە نەک تەنیا بۆ مرۆڤ، کە سوودی ئەمەیان هەر باس ناکرێت، بگرە بۆ مانەوە و بەردەوامبوونی خودی ژیانیش گرنگە. ڕووباری سیروان مشتێکە لە خەروارێک، نموونەیەکە لە سەدان و هەزاران حاڵەت کە تێیدا مرۆڤ بەبێ گوێدانە بوون و ژیان و مانەوەی زیندەوەرانی تر، خەریکی کاری خۆیەتی. خاڵی پارادۆکسیکاڵیش ئەوەیە: مرۆڤ بە تێکدانی ژینگە، بە لەدەستدانی هەمەجۆریی بایۆلۆجی، گۆڕی خۆی زیاتر هەڵدەکەنێت؛ بەو کارانەی، سەرەتای کۆتایی خۆی دادەڕێژێت.
هەر ئێمەی مرۆڤین، کە لەبەر چاوچنۆکی و کەڵەکەکردنی زیاتری سەرمایە و قازانجی مادی، گوێ بە ژیان نادەین، بۆمان گرنگ نیە کێ/چی دەژی یان دەمرێت. بە درێژایی دەیان ساڵی ڕابردوو، لەبری پرۆژەی گەشتیاری و حەواندنەوەی خەڵکی دەڤەرەکە، ڕووباری سیروان بووەتە جێی خنکانی گەنجان لەکاتی مەلەوانی(9)، بە داگیرکردن و قۆرخکردنی خاک و خیز و چەو و لمەکەی لەلایەن بازرگانەکانەوە. ئێستەش لێی گەڕێن، دوای چەن ساڵێک ئەوەی وێران کراوە، سەوز و زیندوو دەبێتەوە و لە مێشوولە و بۆگەنیش تکێ ڕزگارمان دەبێت. دەزانم چارەسەری پرسی ژینگە، تەنیا بەوەش نابێت، چونکە ژینگە پێویستیی بە ڕیفۆرمێکی کۆمەڵایەتیی ڕیشەیی هەیە، وەک بۆ نموونە دیاریکردن و سنووردارکردنی ڕێژەی وەچەخستنەوە و مرۆڤ. بەڵام ئەم هەنگاوانەی ئێستەش، گەر بنرێن، گرنگن و ڕۆڵیان هەیە. غەسالە نەک تەنیا یاریی بە ئاو و ژینگەی سەوزی ڕووبارەکە، بگرە بە دەروون و میزاجی خەڵکیش کردووە، وەڕز بووگین. تەنیا غەسالەش نا، بەڵکو قەدەغەکردنی داربڕینەوە و ڕاوکردنی ناوەختیش فرە پێویستە، نەک تەنیا لە نزیک ڕووبارەکەش، بگرە لە تەواوی گەرمیان و هەرێمی کوردستانیشدا.
 
چمان لەدەست دێ؟
بە کورتی، زۆر شت. دەکرێت ڕێگەی تری بەرهەمهێنانی کاڵا و خۆراک و وزە بدۆزینەوە. دەکرێت بەرهەمهێنانی کاڵای ناپێویست، کەم بکەینەوە یان نەهێڵین. ئەوەی وای کردووە مرۆڤ، بەو ڕادەیە دەست بۆ سروشت و زیندەوەرانیش ببات، جگە لە پرسی پێویستییەکانی، پەیوەستە بە کەیفخۆشی و جوانکارییەوە. مرۆڤ شتانێکی زۆر بەرهەم دەهێنێت، کە زۆر ئاسان دەتوانێت بەبێ ئەوانەش بژی. دەکرێت چیتر ئەو شتانە، کە تەنیا خۆش و جوانن، بەرهەم نەهێنرێن. زۆر شت لە مەحەکدان، ئەوەتا بەهۆی جێدەستی مرۆڤەوە، تەنانەت سەرلەبەری ئایدیای ژیان وەختە دەگۆڕێت؛ بەتایبەت لە گۆڕانی کەشوهەوا و هەمەجۆریی بایۆلۆجیدا. گەر هەندێک خۆجێییانەش بڕوانین، حکومەتی هەرێم دەتوانێت و دەبێت، بۆ نموونە، سنوورێک بۆ کاری هەڕەمەکیی کارگەکانی چەو و لم لەسەر ڕووباری سیروان، دابنێت. دەکرێت ناچاریان بکات هاوسەنگیی نێوان ئەوەی دەیبەن و ئەوەی دەبێت بەو ئیکۆسیستەمەی ببەخشن، بپارێزن. درەختی زیاتر بچێنن، ڕێگەشیان نەدرێت لە پێویستیی خۆیان و توانای ناوچەکەش زیاتر هەڵبکەنن و بیبەن. چونکە لە وەها حاڵەتێکدا، دەچێتە خانەی ماندووکردن و ڕەتاندنی تواناکانی سروشتەوە، کە لەو سەرەوە بە کارەساتی ژینگەیی کۆتایی دێت. شان بە شانی ئەو کارانەش، قەدەغەکردنی ڕاوی هەڕەمەکی و ناوەخت و بێپلان لە ناوچەکەدا، وەک تەواوکردنێکی پلانەکانی تایبەت بە سیروان و کۆی ژینگەکەی، گرنگە.
وەک دەزانرێت، ناوچەی گەرمیان لە گەرمترین ناوچەکانی باشووری کوردستانە. ئەمەش دەبێت وا بکات کە پلانی تۆکمە و پتەو بۆ خۆگونجاندن لەگەڵ کەشوهەوا و ژینگەکەدا، دابنرێت. سەوزکردنی زیاتری ناوچەکە، ڕاکێشانی هێڵی ئاو و ئاودانی تر، دەستکاریکردن و پێداچوونەوە بە چۆنێتیی بنیاتنانی خانووەکانی ئەم ناوچەیە، ژمارە و جۆری ئەو ئامێر و تەکنۆلۆجییانەی بۆ هاوسەنگکردنی کەشوهەوا بەپێی وەرزەکان بەکار دێن(زستان و هاوین)، لەو کارانەن کە بکرێت حکومەتی خۆجێیی و خەڵکی دەڤەرەکە بیری لێ بکەنەوە بۆ ئەوەی بە کەمترین زیان بۆ سەر خۆیان و ژینگە و زیندەوەرانی نێو ئیکۆسیستەمەکەش، لێی دەربچن. گۆڕینی بیرکردنەوە و هەڵسەنگاندنمان، شێوازی لێکدانەوەی ڕۆڵ و پێگەی مرۆڤ بەراورد بە سەرجەم زیندەوەرانی تر، بە جۆرێک کە چەند هەنگاوێک لەو دیدە مرۆڤسەنتەرییەی نێو گوتار و یاسای ژینگەیی دوور بکەوینەوە، چوارچێوە گشتییەکەیە کە دەکرێت و دەبێت لە سایەیدا سەرجەم سیاسەتنامە و پلانەکانی خۆمان دابڕێژینەوە.
لەوێوە پێویستە دیدی مرۆڤی کورد بۆ ژیان و ژینگە بگۆڕێت، بە جۆرێک کە ئەو دیدە بەکارهێنانە سەرپێییە کۆتایی بێت. مرۆڤی ئێمە وا دەژی، وەک ئەوەی میوانی ئەم خاک و زەمینە بێت، وەک ئەوەی بۆ چەند سات و ساڵێک لێرە بێت. بۆیە دەبینین هێندە بە بازرگانییەوە سەرقاڵە، بایەخ بە هیچی تر نادات. بازرگانییەکەشی بێ پلانە و لەسەر ڕەتاندن و ماندووکردنی بێسنووری زەوی وەستاوە: لە نەوت و کانزاکانی ترەوە تا دەگاتە کشتوکاڵ، ئەو تەنیا قازانجێکی خێرا و کەڵەکەکردنی زیاتری سەرمایەی گەرەکە. نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ ئەمساڵی هەمەجۆریی بایۆلۆجی، دروشمی 'ئێمە بەشێکین لە چارەسەر'ی دیاری کردووە. مەبەست ئەوەیە بیری مرۆڤەکانی بهێنینەوە، کە هێندەی پەیوەندیی بە پرسەکانی ژینگە و سروشتەوە هەیە، مرۆڤ بەشێکە لە چارەسەر، واتە دەشێت بەشێک بێت لە چارەسەر. بەڵام بە باوەڕی من، نەک بەشێکین لە چارەسەر، بەڵکو زێدەڕەوی نییە گەر بڵێم لە ئێستادا مرۆڤ تاقە چارەسەرە. ئەوەی بە دەستی مرۆڤ خوڵقێنراوە، هەر ئەویش دەتوانێت بیگۆڕێت. لەدەستدانی هەمەجۆریی بایۆلۆجی، گۆڕانی کەشوهەوا، قڕکردنی جۆرە دەگمەن و ناوازەکانی زیندەوەر، ڕەتاندن و پیسکردن و چەندان کێشەی ژینگەیی تر، دەستەگوڵی مرۆڤی قازانجویستی خۆپەرستن بۆ سروشت. بۆیە بێگومان، ئێمە بەشێکین لە چارەسەر. گۆڕانی کەشوهەوا و لەدەستدانی هەمەجۆریی بایۆلۆجی لە قەیرانە زۆر هەنووکەیی و کاریگەر و گرنگەکانن، کە گەر مرۆڤ بە وریایی و لەخۆردوویی و حەماسەتەوە مامەڵەیان لەگەڵ نەکات و پلان و بەدیلی نوێ پێشکەش نەکات، دەشێت لای کەم لە پەیوەندیی بە مرۆڤەوە، سەرەتای کۆتایی بن.
شتێک کە لە بیرکردنەوەی ئێمەدا ونە، یان ئامادەییەکی تۆزێک لێڵی هەیە، داهاتووە. دەبێت مرۆڤی ئێمە فێری بیرکردنەوە لە داهاتوو و نەوەکانی داهاتوو بێت. گرنگە لە خۆمان بپرسین: ئێمە چ جۆرە خاک و وڵاتێک بۆ منداڵانی خۆمان و نەوەکانی داهاتوومان جێدەهێڵین؟ ئەمەیە پرسیارە گرنگەکە، کە پێویستە هەموو تاکێکی کورد لە خۆی بکات، نەک تەنیا لە پرسەکانی سروشت و ژینگەشدا، بەڵکو بۆ سەرلەبەری بیرکردنەوە و کۆمەڵگە و دەزگا و ڕێکخستنە کۆمەڵایەتییەکانی تریش. بەبێ تێپەڕاندنی جوغزە بەرتەسک و تەقلیدییەکانی بیرکردنەوە و هەڵسەنگاندنمان، بەردەوام زیانی زیاتر لە خۆمان دەدەین.
 
سەرچاوەکان
1_ Damian Carrington, 'What is biodiversity and why does it matter to us?' The Guardian:
https://www.theguardian.com/news/2018/mar/12/what-is-biodiversity-and-why-does-it-matter-to-us (accessed 25 April 2021)
2_ Pierre Legagneux et al, 'Our House if Burning: Discrepancy in Climate Change vs. Biodiversity Coverage in the Media as Compared to Scientific Literature' Frontiers:
https://www.frontiersin.org/articles/10.3389/fevo.2017.00175/full (accessed 19 May 2021)
3_ پەیماننامەکە لە 6ی حوزەیرانی 1992 لە ڕیۆ دی جانیێرۆی بەرازیل، پەسەند کرا. بۆ خوێندنەوەی دەقی پەیماننامەکە و سەردانی وێبسایتی فەرمییشیان، بڕوانە:
https://www.cbd.int/convention/text/
4_ بڕوانە لینکی ژمارە 2. توێژینەوەکە دەربارەی 7 دەزگای ڕاگەیاندن بووە لە سێ وڵات، کەنەدا و ئەمەریکا و بەریتانیا، بە 16 توێژەرەوە سەرقاڵی بوون.
5_ بۆ تێگەیشتنێکی کورت و پوخت دەربارەی لێکەوتە جیاوازەکانی مرۆڤسەنتەری لە پەیوەندیی بە ژینگەوە، بڕوانە:
Tim Hayward, ‘Anthropocentrism: A Misunderstood Problem’, 1997 Environmental Values 6(1), 49-63.
6_ Edward O. Wilson, ‘The Biological Diversity Crisis: A Challenge to Science’ 1985 Issues in Science and Technology 2(1), 20-29.
7_ بڕوانە:
https://www.un.org/en/observances/biological-diversity-day
8_ بڕوانە ئەم ڕاپۆرتە:
https://www.zsl.org/sites/default/files/LPR%202020%20Full%20report.pdf (accessed 17 May 2021)
9_ ڕۆژنیوز: گەنجێک لە کاتی مەلەکردندا خنکا:
 
 
 
 



Dengnet.net - 2024
دروستکراوە لەلایەن کۆمپانیای (کۆدتێك)ەوە
ژمارەی سەردان 1,721,113     ژمارەی میوان 3188