ده‌رباره‌   په‌یوه‌ندی
کەلار؛ پرۆژەیەکی نیشتەجێبون کێشەی تێدەکەوێت و ھەڕەشەی 'شەڕی عەشایەریی' تێدەکرێت

2021/05/20 - 06:25 | 2868 جار بینراوە    
 
دەنگ نێت
 
كێشە لە نێوان هاوبەشەكانی پرۆژەی نیشتەجێبونی (قەڵای شێروانە) لەكەلار دروست دەبێت، خاوەنی پرۆژەكە دو سكاڵا لەسەر بەڕێوەبەری جێبەجێكاری پرۆژەكە تۆمار دەكات، بەڕێوەبەری جێبەجێكاری پرۆژەكەش باس لەوەدەکات كە خاوەنی پرۆژەکە ئیفلاسی كردوەو بە رێكەوتن پشکەکانی نێوانیان کراوە بە (49%) بە (51%)، بەڕێوبەری وەبەرھێنانی گەرمیانیش دەڵێت: کێشەکە لەناو ناوخۆیانە و ھەقمان پێیانەوە نیە.
 
به‌پێی راپۆرتێكى سایتى دره‌و میدیا، پرۆژەی (قەڵای شێروانە) کە دەکەوێتە  نێوان کەلار رزگاریی و لە ھەزار و ١١٢ یەکە پێکدێت، ماوەی نزیكەی (6) مانگە كێشەی هاوپشكی لە نێوان خاوەنی پرۆژەكە (عەباس محەمەد) و بەڕێوەبەری جێبەجێكاری پرۆژەكە (كامەران ئەنوەر) بۆ دروست بوە.
 
كامەران ئەنوەر، ده‌ڵێت: لەساڵی 2018 كە دەستمانكردەوە بە كاركردن لە پرۆژەكە من بومە هاوبەشی (عەباس محەمەد) كە خاوەنی پرۆژەكەیە بەڕێژەی ( 49%) بەرامبەر بە (51%).
 
لەبەرامبەردا ( عەباس محەمەد) ئاماژەی بەوەداوه‌ كە "كامەران ئەنوەر بەڕێوەبەری پرۆژەكەمان بوەو رەغبەتی هەبوە ببێتە هاوبەشمان، بەڵام ئەو پارەی پێ نەبوە، بۆیە هاوبەشی چۆن لەگەڵ كەسێك دەكرێت پارەی پێنەبێت".
 
عه‌باس محه‌مه‌د، وتیشى: ئێمە دو سكاڵامان لەسەر (كامەران ئەنوەر) هەیە لە دادگای رزگاری: سكاڵایەكیان لەسەر ئەوەیە كە بەچەكەوە هاتونەتە سەر پرۆژەكەمان و ویستویانە پرۆژەكەمان پێ رابگرن، ئه‌وه‌ى دیكه‌ ئه‌وه‌یه‌ (192) جار بەبێ رەزامەندی خۆم ئیمزای كردوە، پاشان مۆری بەناوی ئێمەوە دروستكردوە.
 
بەڵام کامەران ئەنوەر باس لەوەدەکات کە بە پارەی ئەو تائێستا کار لە پرۆژەکە کراوە.
 
 
 
لەبەرامبەردا عەباس محەمەد دەڵێت: "پێمان وت چیت خەرجكردوە بە قازانجەوە ئەتدەینەوە، بەڵام رازی نەبو و دەڵێت ئەبێت پرۆژەكە جێبهێڵێن، شەڕیان پێفرۆشتین و تەقەیان لێكردین".
 
به‌ پێی راپۆرته‌كه‌ (كامەران ئەنوەر) نکۆڵی لەوە ناكات كە خزم و كەسوكارەكەیان چونەتە سەر پرۆژەكە، دەشڵێت: "ئەگەر بەیاسایی چارەسەر نەبو، ئەوا بەعەشایەری چارەسەری دەكەین، چونكە ئەم خاوەن پرۆژەیە بە پشتی بەرپرسەكانی ناوچەكە كاردەكات و بەرپرسان ئەمیان كردوەتە واجیهە بۆ غەدركردن لە ئێمە، ئێمەش ئەمە قبوڵ ناكەین". 
 
هاوكات هونەر مەحمود، بەڕێوەبەری وەبەرهێنانی گەرمیان له‌باره‌ى ئه‌و گرفته‌وه‌ ده‌ڵێت: لەئێستادا پرۆژەكە بەردەوامە و كاری تێدا دەكرێت پرۆژەكە بەناوی وەبەرهێنەر (عەباس محەمەد)ەوەیەو ئێمە هەمو مامەڵەیەكی لەگەڵ دەكەین و بەردەوام كار لەپرۆژەكەدا دەكرێت و هیچ كێشەیەكی یاسایی نیە، ئەگەر كێشەیەكیش هەبێت لەبەینی خۆیاندایەو پەیوەندی بە ئێمەوە نیە.
 
سەبارەت بە گرێبەستی خانوەكانیش ( هونەر مەحمود) دەڵێت، گرێبەستی خانوەكان لە رێگەی ئێمەوە پەسەندكراوەن و هیچ كێشەیەكیان نیە. 
 
بەڵام كامەران ئەنوەر لە بارەی گرێبەستەكانەوە دەڵێت: خاوەنی پرۆژەكە هەربۆی نیە خانوە دوقاتەكان بفرۆشێت بەبێ رەزامەندی دەستەی وەبەرهێنان، بەڵام هەردوێنێ گرێبەستی فرۆشتنی كردوە.

 

 

 




Dengnet.net - 2024
دروستکراوە لەلایەن کۆمپانیای (کۆدتێك)ەوە
ژمارەی سەردان 1,701,839     ژمارەی میوان 2926