ده‌نگ نێت
"كۆمپانیایه‌ك كه به‌ڵێنده‌رى ناوه‌ندی "مقاول ثانوی"یه، به‌هۆی ئه‌وه‌ى گرێبه‌ستى گواستنه‌وه‌ى نه‌وتى خاوى كێڵگه‌ى نه‌وتى حه‌سیره‌ى له گه‌رمیان بۆ ده‌رنه‌چوه، ئاماده نیه له‌گه‌ڵ ئه‌و كۆمپانیایه‌ى كه گرێبه‌سته‌كه‌ى بۆ درێژكراوه‌ته‌وه مامه‌ڵه بكات و مان له گواستنه‌وه‌ى نه‌وته‌كه ده‌گرێت و به‌وهۆیه‌وه بۆ ماوه‌ى نزیكه‌ى هه‌فته‌یه‌ك به‌رهه‌مى نه‌وتى ئه‌و كێڵگه‌یه ناگات به بۆڕی سه‌ره‌كی گواستنه‌وه‌ى نه‌وتى هه‌رێم".
ئه‌مه پوخته‌ى ئه‌و روداوه‌یه كه له دو هه‌فته‌ى رابردودا له كێڵگه‌ى نه‌وتى حه‌سیره رویدا و میدیاكان "به ئێمه‌شه‌وه" به‌مشێوه‌یه گواستیانه‌وه، به‌ڵام ئه‌گه‌رچی ئه‌م گێڕانه‌وه‌یه له روكه‌شدا تاڕاده‌یه‌ك راسته، به‌ڵام له ناوه‌ڕۆكدا هه‌ڵگرى كێشه و ململانێی قوڵى نێو خودی یه‌كێتى نیشتمانیه، ململانێیه‌ك كه ره‌نگه له داهاتودا به ئاست و قه‌باره‌ى به‌رفراوانتر ده‌ربكه‌وێته‌وه.
روداوه‌كه به گێڕانه‌وه گشتیه‌كه‌ى چۆن بوه؟
له رێكه‌وتى (29/3/2021)، به‌هۆی بونى كێشه له پرۆسه‌ى گواستنه‌وه‌ى نه‌وتى كێڵگه‌ى نه‌وتى حه‌سیره‌دا، گواستنه‌وه‌ى نه‌وتى ئه‌و كێڵگه‌یه راگیرا. كێشه‌كه‌ش بۆ ئه‌وه ده‌گه‌ڕێته‌وه كه كۆمپانیای "بلاك پوڵ" پێشتر ته‌نده‌رى گواستنه‌وه‌ى نه‌وتى كێڵگه‌كه‌ى بۆ ده‌رچوه، ئه‌ویش خۆی راسته‌وخۆ تانكه‌رى بارهه‌ڵگرى دابین نه‌كردوه، به‌ڵكو كارى گواستنه‌وه‌كه‌ى داوه‌ته به‌ڵێنده‌رى ناوه‌ندی "ثانوی" كه كۆمپانیای (كیپ ئۆف ئۆیڵ)ـه و ته‌نكه‌ره‌كان هی ئه‌م كۆمپانیایه‌ن، به‌ڵام ئه‌مساڵ كه ته‌نده‌ر كراوه، كۆمپانیای كیپ ئۆف ئۆیڵ خۆیشی ته‌نده‌رى پێشكه‌شكردوه و ویستویه‌تى له بری ئه‌وه‌ى وه‌ك به‌ڵێنده‌رى ناوه‌ندی بێت، راسته‌وخۆ گرێبه‌سته‌كه بۆ ئه‌و ده‌ربچێت، به‌ڵام دواتر كۆمپانیای گازپرۆمى وه‌به‌رهێنه‌رى كێڵگه نه‌وتیه‌كه، ته‌نده‌ره‌كه‌ى نه‌داوه‌ته كۆمپانیای دیكه و گرێبه‌سته‌كه‌ى بۆ كۆمپانیای (بلاك پوڵ) درێژكردوه‌ته‌وه.
ئه‌م كاره‌ش نیگه‌رانى كۆمپانیاكانى تری لێكه‌وتوه‌ته‌وه كه ته‌نده‌ریان پێشكه‌ش كردوه، به‌تایبه‌تى كۆمپانیای كیپ ئۆف ئۆیڵ، چونكه وه‌كخۆیان ده‌یڵێن ئه‌و نرخه‌ى كه له ته‌نده‌ره‌كه‌دا پێشكه‌شیان كردوه، زۆر كه‌متر بوه له‌وه‌ى كه بۆ كۆمپانیای (بلاك پوڵ) ده‌رچوه، به‌وهۆیه‌وه مامه‌ڵه‌یان له‌گه‌ڵ كۆمپانیای بلاك پوڵ راگرتوه كه پێشتر گواستنه‌وه‌ى نه‌وتیان بۆ ده‌كرد، ئه‌مه‌ش بوه هۆی راگرتنى گواستنه‌وه‌ى نه‌وته‌كه.
دیوه باس نه‌كراوه‌كه‌ى روداوه‌كه
ئه‌وه‌ى هۆكارى سه‌ره‌كی ئه‌م روداوه‌یه، ململانێی كۆمپانیاكان نیه، به‌ڵكو ستراتیژێكى نوێیه كه ئیداره‌ى گشتى یه‌كێتى نیشتمانى له كه‌رتى بازرگانى دا گرتویه‌تیه به‌ر.
ئیداره‌ى گشتى یه‌كێتى كه سه‌ر به خێزانى تاڵه‌بانیه و ئێستا تائاستێكى زۆر له‌ژێر ده‌ستى بافڵ تاڵه‌بانى هاوسه‌رۆكى یه‌كێتى نیشتمانى دایه، ئیداره‌ى زۆر پرس و بوار ده‌دات، له‌نێویدا بوارى بازرگانى و وه‌به‌رهێنان، له‌مڕوه‌شه‌وه خاوه‌نى چه‌ندین كۆمپانیاى گه‌وره‌ى وه‌به‌رهێنانه.
ئیداره‌ى گشتى وا ده‌رده‌كه‌وێت له حكومه‌ت به‌هێزتر و خاوه‌ن ده‌سه‌ڵاتتر بێت، چونكه ئه‌و مامه‌ڵه به پرۆژه‌كانى حكومه‌ت له زۆنى سه‌وز و ته‌نانه‌ت زه‌وی و درامه‌تى سروشتى ناوچه‌كه‌شه‌وه ده‌كات.
له‌م ماوانه‌ى دوایی دا و له‌و بۆشاییه‌ى نه‌خۆشكه‌وتنى جه‌لال تاڵه‌بانى دروستیكردبو، ئاراسته‌ى ئیداره‌كه وابو كه هه‌ر پرۆژه‌یه‌كی وه‌به‌رهێنان و بازرگانى گه‌وره و مامناوه‌ند له سنوره‌كه‌دا، به‌شێك له قازانجه‌كه‌ى بدرێت به‌وان، ئه‌مه‌ش له‌و نامه‌یه‌ى مه‌ڵبه‌ندی گه‌رمیانى یه‌كێتى نیشتمانى دا پشتڕاست كراوه‌ته‌وه كه له (13/2/2019) دا ئاراسته‌ى مه‌كته‌بی سیاسی كردوه و باس له‌وه‌ده‌كات 8%ى داهاتى كۆمپانیاكانى وه‌به‌رهێنانى بوارى نیشته‌جێبون له سنوره‌كه بۆ ئیداره‌ى گشتى ده‌گه‌ڕێته‌وه.
نوسراوێكى مه‌ڵبه‌ندی گه‌رمیانى یه‌كێتى نیشتمانى كه ئاراسته‌ى مه‌كته‌بی سیاسی كردوه
ئه‌م ئاراسته‌یه‌ى ئیداره‌ی گشتى گۆڕاوه، ئێستا به‌و به‌شه كه‌مه رازیی نابێت كه وه‌به‌رهێنه‌ران و كۆمپانیاكان له‌بری پێدان و جێبه‌جێكردنى پرۆژه‌كان پێیان ده‌دا. نه‌ك هه‌ر ئه‌مه‌ش، به‌وه‌ش رازیی نیه به‌رپرسه‌كانیش كه پێشتر له پرۆژه‌كاندا به‌پێی باڵاده‌ستیان له‌ناوچه‌كان دا به‌شیان ده‌درا، به‌وشێوه‌یه‌ى پێش‌و سودمه‌ند بن، به‌ڵكو ده‌یه‌وێت تا ئاستى بڕین و قه‌تعكردن، ئه‌و پاره‌پێدانانه رابگرن.
به‌وته‌ى ئه‌و سه‌رچاوانه‌ى كه بۆ ده‌نگ نێت قسه‌یان كرد، جاران به‌شى یه‌كێتى له پرۆسه‌ى گواستنه‌وه‌ى نه‌وتى حه‌سیره به نزیكه‌یی 20% بوه، ئه‌و 80%ـه‌كه بۆ كۆمپانیاكانى گواستنه‌وه و ژماره‌یه‌ك به‌رپرس بون كه شه‌ریك بون له‌و پرۆسه‌یه‌دا چ به راسته‌وخۆیی و چ به ناڕاسته‌وخۆیی.
به‌ڵام ئێستا ئیداره‌ى گشتى هاوكێشه‌كه‌ى ئاوه‌ژو كردوه‌ته‌وه، به‌شێوه‌یه‌ك پشكی شێری قازانجه‌كه‌ى بۆ خۆی ده‌وێت و به‌شێكى كه‌م ده‌دات به كۆمپانیاكان و به‌رپرسه‌كانیش له‌م نێوه‌نده‌دا هیچ به‌ده‌ست ده‌رده‌كات، هه‌ر ئه‌مه‌شه وایكرد كه ئه‌و به‌رپرسانه به توندی نیگه‌ران بكات و رۆڵیان هه‌بێت له دروستبونى مانگرتن و ناڕه‌زایه‌تیه‌كانى ئه‌م ماوه‌یه‌ى كۆتایی دا.
به وته‌ى سه‌رچاوه‌یه‌ك، ئێستا داهاتى گواستنه‌وه‌ى نه‌وتى كێڵگه‌ى حه‌سیره به‌شى زۆری "ده‌وترێت 80%" بۆ ئیداره‌ى گشتییه و به‌شه كه‌مه‌كه‌یشی "ده‌وترێت 20%" بۆ كۆمپانیاكانه له‌نێویشی دا دو كۆمپانیا سه‌ره‌كی و ناوه‌ندییه‌كه، واتا رێك به‌پێچه‌وانه‌ى پێشوتره‌وه.
ئه‌وه‌یشی كه مایه‌ى تێبینی و سه‌رنجه ئه‌وه‌یه، ئه‌م بازرگانی و ده‌ستوه‌ردانه‌ى ئیداره‌ى گشتى یه‌كێتى و به‌رپرسه‌كان و كۆمپانیا نزیكه‌كانیان، له‌سه‌ر حسابی به‌رژه‌وه‌ندیی گشتى و به‌تایبه‌تیش بۆ ئه‌و پرۆژانه‌یه كه حكومیین و ده‌بێت تیایدا ره‌چاوى به‌رژه‌وه‌ندى خه‌ڵك پێش حزب و ده‌سته و كۆمپانیاكان بكرێت، به‌ڵام وادیاره ئه‌وه‌ى به ته‌واوى له دیمه‌نه‌كه‌دا ونه، به‌رژه‌وه‌ندی گشتى و هه‌روه‌ها بونى هه‌ر ده‌سه‌ڵاتێكه به‌سه‌ر ئه‌م خواسته‌وه له‌لایه‌ن دامه‌زراوه شه‌رعیه‌كانه‌وه.
بێبه‌شكردنى به‌رپرسان له قازانجی زۆر
بێبه‌شكردنى به‌رپرسه‌كان جگه له روه داراییه‌كه‌ى، روى سیاسیشی هه‌یه، چونكه هه‌ندێك له‌و به‌رپرسانه "به‌تایبه‌ت ئه‌وانه‌ى گه‌رمیان" له‌ژێر كۆنترۆڵی باڵی خێزانى تاڵه‌بانى دا نین و ئه‌م پاره‌داركردنه‌یان ده‌بێته هۆی به‌هێزیان، كه ئه‌مه‌ش سه‌ره‌نجامێكه نایانه‌وێت به‌دیی بێت.
به‌رپرسانیش دركیان به‌م مه‌ترسیه كردوه كه له‌م رێگه‌یه‌وه له‌سه‌ر پێگه و قازانج و سودیان دروست ده‌بێت، بۆیه په‌رچه‌كردارێكى توندیان نواند له پرسی كێشه‌كه‌ى حه‌سیره و گه‌یاندیان به ئاستى راگرتنى به‌رهه‌مى تاكه كێڵگه گه‌وره نه‌وتیه‌كه‌ى ژێر ده‌سه‌ڵاتى یه‌كێتى.
هه‌نگاوى یه‌كه‌مى "ستراتیژه" نوێیه‌كه
به‌وته‌ى ئه‌و سه‌رچاوانه‌ى قسه‌یان بۆ كردین، ئه‌مه‌ى له دۆسیه‌ى نه‌وتى حه‌سیره‌دا رویداوه، هه‌نگاوى یه‌كه‌مى ئه‌و "ستراتیژه‌یه" كه ئیداره‌ى گشتى یه‌كێتى نیشتمانى گرتویه‌تیه‌به‌ر، به‌دواى ئه‌ویشدا له پرۆژه گه‌وره و ستراتیژیه‌كاندا هه‌مان رێكار په‌یڕه‌و ده‌كه‌ن.
ده‌مێنێته‌وه ئه‌وه‌ى كه ئیداره‌كه تاچه‌ند له‌مه‌دا سه‌ركه‌وتو ده‌بێت، یاخود كۆمپانیا و به‌رپرسه‌كان له‌وه به‌هێزتر ده‌بن كه بتوانرێت پلانی له‌مشێوه‌یه‌یان به‌سه‌ردا جێبه‌جێ بكرێت.
ئاماده‌كردنى: یه‌كه‌ى رۆژنامه‌وانی مافه‌كانى مرۆڤ له رادیۆی ده‌نگ