وێنەی توانا خەلیفە لە مەراسیمێکی یەکێتی، کە دادگا بە تاوانی کوشتنی کاوە گەرمیانی سزایداوە (لە فەیسبوکەوە)
دەنگ نێت
برایەکەی ئەو کەسەی وەکو بکوژی کاوە گەرمیانی حوکمدراوە دەڵێت: "ناو و ناوبانگمان شێوێندراوە"، خێزانی کاوە گەرمیانیش دەڵێن: بکوژەکە لە زینداندا وتویەتی هەندێک بەرپرس تاوانەکەیان پێ ئەنجامداوین.
رۆژنامەنوس: کاوە گەرمیانی- سەرنوسەری گۆڤاری رایەڵ، لە شەوی 5ـی مانگی 12ـی ساڵی2013، لە ناو ماڵی باوکیدا لە شاری کەلار درایە بەر دەستڕێژی گولە و گیانی لەدەستدا. دوای روداوەکەش خێزانەکەی سکاڵایان لەسەر سێ کەس تۆمارکرد کە بریتیبون لە توانا حسێن "توانا خەلیفە" و زاخۆ ئەحمەد و هەروەها فەرمادەی باڵای سەربازی یەکێتی- مەحمود سەنگاوی.
لە رێکەوتی 26-10-2014 دادگای تاوانەکانی کەرکوک/ گەرمیان توانا حسێنـی وەک تاوانباری کەیسەکە دیاریکرد و سزای لەسێدارەدانی بۆ دەرکرد و دواتر دادگای تێهەڵچونەوە سزاکەی کەمکردەوە بۆ بەندکردنی تاهەتایی، لە ئێستادا لە گرتوخانەی چاکسازی گەورانی سلێمانی زیندانییە، بەڵام دادگا دو تۆمەتبارەکەی تری ئازاد کرد "بەهۆی نەبونی بەڵگە" لەسەریان.
شیرین ئەمین، هاوسەری رۆژنامەنوس: کاوە گەرمیانی، بە
دەنگی ئەمریکای راگەیاندوە: هەرچەندە بکوژەکە لە کاتی لێکۆڵینەوەدا رەتیکردەوە هیچ کەسێکی لەگەڵدابوبێت لەو کاتەی کاوەی تیرۆر کردوە، بەڵام لە ساڵی 2021 کاتێک بکوژەکەمان لە زیندان بینی، پێی وتین لە کاتی تاوانەکەدا برایەکیشم لەگەڵبوە و هەندێک بەرپرس تاوانەکەیان پێ ئەنجامداوین.
رونیکردەوە: "بکوژی کاوە گەرمیانی پێیوتین، براکەم کە لەکاتی تاوانەکەدا لەگەڵم بوە، دواتر لەسەر رێگەی کەلار-کفری کوژراوە و تاوانەکە خراوەتە ئەستۆی داعش، لە کاتێکدا ئەوانەی هانیانداین بۆ کوشتنی کاوە، گومان لەوان دەکەم براکەمیان کوشتبێت".
لە شەوی 21ـی مانگی 9ـی 2021، برای ئەو کەسەی لەسەر کوشتنی کاوە گەرمیانی لە زینداندایە، لەسەر رێگەی نێوان کەلار-کفری کوژرا. ئەوکات هێزە ئەمنییەکان داعشیان بە ئەنجامدانی تاوانەکە تۆمەتبار کرد.
عومەر خەلیفە، برای توانا خەلیفەـی سزادراو بە کوشتنی کاوە گەرمیانی، بە دەنگی ئەمریکای راگەیاندوە: "تۆمەتی کوژرانی کاوە گەرمیانییان خستوەتە ئەستۆی براکەم و لەزینداندایە، ناو و ناوبانگمان شێوێندراوە".
ئەو رەتیکردەوە براکەی تری کە لەسەر رێگەی نێوان کەلار- کفری کوژراوە، دەستی هیچ کەس و لایەنێکی لە پشتەوە بێت و وتی: براکەی ترم داعش کوشتی.
هاوکات کاوە لەتیف- پارێزەری دۆسیەی رۆژنامەنوس کاوە گەرمیانی، بە دەنگی ئەمریکای راگەیاندوە: دوای وەرگرتنی رەزامەندی بەڕێوەبەری گرتوخانەی سلێمانی و لەسەر داوای تاوانبارەکە خۆی، لەگەڵ کەسوکاری شەهید کاوەدا تاوانبارەکەمان بینی و لە ژوورێکی تایبەتدا قسەمان لەگەڵ کرد.
وتیشی: تاوانبارەکە وتی لەکاتی تاوانەکەدا براکەم لەگەڵ بوە، براکەم کوژراوە و گومانم لەوە هەیە داعش کوشتبێتی، تەنانەت وێنەی چەکێکی پیشانداین وتی تاوانەکەمان بەم چەکە ئەنجامداوە.
هاوسەری کاوە گەرمیانی داوا لە دەسەڵاتدارانی سنوری پارێزگای سلێمانی دەکات، پێداچوونەوە بە دۆسیەکەدا بکەن و جارێکی تر لێکۆڵینەوە لەگەڵ تاوانبارەکەدا بکەنەوە "چونکە گەر لێکۆڵینەوەی لەگەڵ بکرێت دەستی پشت تاوانەکە ئاشکرا دەکات."
شیرین ئەمین، وتیشی: "کاتێک کاوە تیرۆر کرا، قوباد تاڵەبانی هاتە ماڵمان و بەڵێنیدا رێگە بگرێت لە پینەوپەڕۆکردنی دۆسیەکە، بۆیە داوای ئاشکرا کردنی دەستی پشت تاوانەکە دەکەین".
لەبەرامبەردا، لەتیف نێروەیی- لێپرسراوی بۆردی راگەیاندن لە مەکتەبی راگەیاندن و هۆشیاری یەکێتی، ئامادەنەبو لەسەر ئەم پرسە لێدوان بدات و وتی: "من ئاگاداری وردەکاری مەسەلەکە نیم".