دەنگ نێت
پێنج پارتی سیاسی لە خانەقین دژ بە "بچوککردنەوەی" سنوری ئیداریی قەزاکە و دروستکردنی قەزای نوێ، بەیاننامەیەکی هاوبەش بڵاودەکەنەوە و پێیانوایە هیچ بیانویەک نییە بۆ ئەو هەوڵانە.
هەریەکە لە: یەکێتی نیشتمانی کوردستان، پارتی دیموکراتی کوردستان، رێکخراوی بەدر، پارتی سۆسیالیست دیموکراتی کوردستان و حزبی شیوعی کوردستان، لەسەر ئاستی قەزای خانەقین بەیاننامەیەکیان بڵاوکردوەتەوە و تیایدا ئاماژە بەوەدەکەن بڕیاری بە قەزاکردنی جەلەولا و قەرەتەپە و هەوڵدان بۆ دروستکردنی ناحیەی دیکە، لەسەر بنەمای لێکۆڵینەوەی پێویست نەکراون و پێشێلکاریی مافی دانیشتوان و پێکهاتەکانی خانەقینە.
ئاماژە بەوەشدەکات ئەم هەنگاوە دەبێتە هۆکاری زیادکردنی ئاڵۆزیی سیاسی و کۆمەڵایەتی و زیان بە بونیادی کۆمەڵایەتیی و پێکهاتەیی ناوچەکە دەگەیەنێت.
خاڵێکی دیکە کە بەیاننامەکە جەختیلێکردوەتەوە، پەیوەستە بە مادەی (١٤٠)ـی دەستوری هەمیشەیی عێراقەوە و ئاماژە بەوەدەکەن خانەقین یەکێکە لە ناوچە جێناکۆکەکانی نێوان حکومەتەکانی عێراق و هەرێمە و نابێت پێش یەکلاکردنەوەی چارەنوسیان گۆڕانکاریی لە سنوری ئیدارییاندا بکرێت.
داواش لە ئەنجومەنی وەزیران و ئەنجومەنی پارێزگای دیالە و حکومەتی خۆجێی دەکەن کە پاشگەزببەنەوە لەهەر هەنگاوێک "بۆ پارچەپارچەکردنی قەزای خانەقین و کەمکردنەوەی رۆڵی ئیداریی قەزاکە".
هاوکات داواش دەکەن لەبەرامبەردا پرۆژەی زیاتری خزمەتگوزاریی لە شارەکەدا ئەنجام بدەن و ژێرخانی خزمەتگوزاریی شارەکە بەهێز بکەن.
لە دانیشتنی رۆژی (٣١ـی کانونی یەکەمی ٢٠٢٤)، ئەنجومەنی پارێزگای دیالە بڕیاریدا هەریەکە لە قەزاکانی: جەلەولا، قەرەتەپە و بەنی سەعد بکرێن بە قەزا و ناحیەیەکی نوێ بەناوی "حەمرین" بهێنرێتە کایەوە.