دەنگ نێت
رژانی سوتەمەنی لەسەر رێگای دەربەندیخان- زەڕایەن گرفتی بۆ شۆفێران دروست کردوە، بەڕێوبەری هاتوچۆی دەربەندیخانیش بەشێکی گرفتەکە دەخاتە سەر شۆفێرانی بارهەڵگر و بەشێکی دیکەی دەگەڕێنێتەوە بۆ سەر خراپی رێگاکە.
رۆژی ۱۱ـی ئەم مانگە بەهۆی رژانی سوتەمەنییەوە
ئاستەنگی هاتوچۆ بۆ شۆفێران دروست بو و بۆ ماوەی ۱۱ کاتژمێر رێگای دەربەندیخان- زەڕایەن داخرا و لە درەنگانی شەودا رێگاکە کرایەوە، کە ئەم حاڵەتە دەیان جارە دوبارە دەبێتەوە.
جاسم عەلی خان، بەڕێوبەری هاتوچۆی دەربەندیخان، بۆ رادیۆی دەنگ وتی: بەشێکی خەتاکە لە شۆفێری بارهەڵگرەکانە کە لەسەرەوەی تانکەرەکە لاستیک هەیە بە پێنج هەزار دینارە و ساڵی جارێک ئەبێت بگۆڕێت، هەرکات ئەو لاستیکە ستۆک دەبێت، بارهەڵگرەکەش کە بە هەوراز سەردەکەوێت، سوتەمەنی لێ دەڕژێت و جادەکە خلیسک دەکات و ئۆتۆمبیلەکانی دیکە ناتوانن سەرکەون.
وتیشی: لەو حاڵەتەدا پێویستە خۆڵ بکەین بەسەر جادەکەدا بۆ ئەوەی وشک بێتەوە، لەوکاتانەشدا باران ببارێت خۆڵ سودی نابێت، کە ئۆتۆمبێلی بارهەڵگریش بەوێدا رۆشت سەرناکەوێت و مەقەست دەکات و ئاستەنگی دروست دەکات.
دەشڵێت: ئەم حاڵەتە لە دو شوێن دوبارە دەبێتەوە، لای گوندی بیرکێ و سەروی گوندی بیرکێ، هەموی ۲۰۰ مەترە، ئەگەر جادەکە لەم شوێنە فراوان بکرێت یان بکرێت بە جوت ساید ئەم گرفتە کەمتر دەبێتەوە و نامێنێت.
لەبارەی پێشنیازی گواستنەوەی هاتوچۆی تانکەر بۆ رێگای ناوتاق، بەڕێوبەری هاتوچۆی دەربەندیخان وتی: ناکرێت تانکەر بخرێتە سەر رێگای ناوتاق بە یەکجاریی، چونکە رێگاکە باریکە و بەکەڵکی تانکەر نایە، ئەبێت فراوان بکرێت تاوەکو زەڕایەن.
وتیشی: کە زستان دێت کارمەندەکانمان ئیسراحەتیان نامێنێت بەم دۆخەوە، ئەم حاڵەتە بەردەوام دوبارە دەبێتەوە، هەندێکیان ۱ـی شەو نانی نیوەڕۆیان خواردوە، نەک ئێمەش هەمو فەرمانگە پەیوەندیدارەکان هەمان دۆخیان هەیە، ماندون و پێویستە رێگاچارەیەکی بۆ بدۆزرێتەوە.