دەنگ نێت ناوەڕۆکی کۆبونەوەی ئەمڕۆی پەرلەمانی عێراق ئاشکرا دەکات

2023/11/18 - 12:42 | 960 جار بینراوە    
 
دەنگ نێت
 
بڕیارە ئەمڕۆ کاتژمێر یەکی دوانیوەڕۆ، کۆبونەوەی نائاسایی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق بەڕێوەبچێت، ئەندامێکی پەرلەمانیش دەڵێت: رەنگە بەکتوپڕ بڕیاری دادگای باڵای فیدراڵی عێراقمان پێبگات بۆ دەنگدان لەسەر وەرگرتنەوەی ئەندامێتی لە محەمەد حەلبوسی.
 
ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق ئەمڕۆ یەکشەمە بەشێوەیەکی نائاساییی دانیشتنی خۆی ئەنجام دەدات، کارنامەی دانشتنەکەش بۆ دەنگدانە لەسەر درێژکردنەوەی تەمەنی کۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق کە بۆ جاری دوەمە دەنگی لەسەر دەدرێت.
 
دانیشتنە نائاساییەکەی ئه نجومەنی نوێنەران لەبەردەم دو ئەگەردایە.
 
شوان محەمەد، ئەندامی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق لە فراکسیۆنی پارتی دیموکراتی کوردستان، بەدەنگ نێتـی راگەیاند: تاوەکو ئێستا بڕیاری دادگای باڵای فیدراڵی عێراقمان پێنەگەشتوە بۆ دەنگدان لەسەر دورخستەوەی محەمەد حەلبوسی و ئەو بابەتە لەکارنامەی دانیشتنەکەدا جێگر نەکراوە، بەڵام ئەگەر هەیە بەشێوەیەکی کتوپڕ بڕیارەکە بگاتە پەرلەمان یاخود دانیشتنەکان دوابخرێت بۆ شەو.
 
باسی لەوەشکرد؛ چونکە دانیشتنەکە نائاساییە، تەنها دەنگدان لەسەر درێژکردنەوەی ماوەی یاسایی کۆمسیۆنی هەڵبژاردنەکانی عێراق دەکرێت.
 
ئەمەش بەو پێیەی کۆمسیۆن ئەرکی ئەنجامدانی هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاکانی عێراقی لە ١٨ـی کانونی یەکەمی ئەمساڵ و هەڵبژاردنی پارلەمانی هەرێمی کوردستان لە ٢٥ـی شوباتی داهاتو دەکەوێتە ئەستۆ.



Dengnet.net - 2024
دروستکراوە لەلایەن کۆمپانیای (کۆدتێك)ەوە
ژمارەی سەردان 2,269,011     ژمارەی میوان 862