مونا قەهوەچی: تەنها پەرلەمانی کودستان دەتوانێت دەستکاری کورسی کۆتاکان بکات

2023/11/13 - 07:33 | 453 جار بینراوە    
 
دەنگ نێت
 
مونا قەهوەچی- سکرتێری خولی پێنجەمی پەرلەمانی کوردستان ئاشکرای دەکات تەنها پەرلەمانی کوردستان دەتوانێت دەستکاریی کورسی کۆتاکان بکات، لە ئاماژەیەکدا بۆ ئەو بڕیارەی کە چاوەڕواندەکرێت ١٩ـی ئەم مانگە دادگای فیدراڵی عێراق لەبارەی ئەو پرسەوە بیدات.
 
مونا قەهوەچی، بۆ ماڵپەری فەرمی پارتی دیموکراتی کوردستانی وتوە: کورسی کۆتاکان لەنێو یاسای هەڵبژاردندا جێگیرکراوە و سکاڵاکەی یەکێتی لەسەر یاسای هەڵبژاردنە نەک تەنها کورسی تورکمان، بەڵام لە راگەیاندنەکانەوە ئاوا گەورەکراوە.
 
دەشڵێت: کورسی کۆتا کاتێک دەستکاری دەکرێت، لەپەرلەمانی کوردستان یاسای هەڵبژاردن هەموار بکرێتەوە.
 
پێیشیوایە دادگایی باڵای فیدراڵی عێراق دەسەڵاتی یەکلاکەرەوەی هەیە و دەتوانێت سکاڵاکە بەوجۆرە یەکلابکاتەوە کە یاسای هەڵبژاردنی هەرێم قبوڵی دەکات یان رەتی دەکاتەوە.
 
وتیشی: لەئەگەری رەتکردنەوەی یاساکە، دەبێت لە پەرلەمانی کوردستان یاسای هەڵبژاردن هەموار بکرێتەوە، بەوپێیەش یان هەموارکردنەوەی یاساکە ناکرێت، یاخود هەڵبژاردن بەڕێوەناچێت.
 
ئەو سکاڵایەی باس دەکرێت، لەلایەن زیاد جەبار- سەرۆکی فراکسیۆنی یەکێتی لە خولی پێنجەمی پارلەمانی کوردستان و ئامانج نەجیب- سەرۆکی فراکیسۆنی رافیدەین لەئەنجومەنی پارێزگای سلێمانی، لەدژی سەرۆکی پەرلەمان خولی پێنجەم و سەرۆکی هەرێمی کوردستان و سەرۆک وەزیرانی هەرێم تۆمار کراوە و بڕیارە ۱۹ـی ئەم مانگە دادگای فیدراڵی بڕیاری لەبارەوە بدات.
 
لە سکاڵاکەیاندا هەردو سکاڵاکار داوادەکەن دادگا بڕیاری نادەستوریی بونی مادەکانی (٣٦٫٢٢٫١٥٫٩٫١)ـی یاسایی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان بدات، بەوپێیەش پێکهاتەی تورکمان لەو پێنج کورسییە بێبەش دەبێت کە بە کۆتا بۆیان دیارییکراوە.
 
مونا قەهوەچی، هەروەها دەڵێت: ئەولایەنەی سکاڵای کردوە، خۆی دەنگی بەیاساکە داوە رازی بوە پێنج کورسی کۆتا بۆ تورکمانەکان بێت.



Dengnet.net - 2024
دروستکراوە لەلایەن کۆمپانیای (کۆدتێك)ەوە
ژمارەی سەردان 2,256,841     ژمارەی میوان 2411