ده‌نگ نێت
بریکاری وەزارەتی پەروەردەی هەرێم لە یەکەم لێدوانی دا دوای بڕیاری دورخستنەوەی له ریزه‌كانى بزوتنەوەی گۆڕان، ده‌ڵێت: بڕیارەکەی هه‌ڵه‌یه و بزوتنەوەکەش یه‌ك ده‌نگ نه‌بوه له‌باره‌ى درێژكردنه‌وه‌ى ته‌مه‌نى خانه‌نشینیم.
شه‌وى رابردو، بزوتنەوەی گۆڕان لە راگەیه‌نراوێکدا له‌سه‌ر زارى وته‌بێژی بزوتنه‌وه‌كه- دلێر عه‌بدولخالقه‌وه رایگه‌یاند كه بڕیاریداوه بەدورخستنەوەی بریکاری وەزارەتی پەروەردەی هەرێم- د.سەیوان عەلی لە ریزەکانی، ئه‌ویش بەهۆی دوبارە درێژکردنەوەی تەمەنی خانەنشینییەوە.
له یه‌كه‌م لێدوانى بریکاری وەزارەتی پەروەردە دواى ئه‌و بڕیاره كه تایبه‌ت بۆ (ده‌نگ نێت) داویه‌تى، دەڵێت: دورخستنەوەم کارێکی لەناکاو بوە و بزوتنەوەی گۆڕان هەڵەی کردوە لەو بڕیارەیدا.
د.سەیوان عەلی، به (دەنگ نێت)ـى راگه‌یاند: هیچ کات ئاگاداری بابەتی دورخستنەوەکەی نەبوە لەلایەن حزبەکەیەوە و گفتوگۆیی ئەو بابەتەی لەگەڵ نەکراوە.
وتیشی: بزوتنەوەی گۆڕان هیچ یەکدەنگ نەبوە لەسەر درێژکردنەوەی تەمەنی خانەنشینیم.
رونیكرده‌وه: گفتوگۆم لەگەڵ سەرۆکی تیمی حکومەت- مستەفای سەید قادر کردوە و پێی راگەیاندوم کە بەردەوام بم لە کارەکەم، بەڵام رێکخەری ئیشوکاری بزوتنەوەی گۆڕان لە حکومەت- دانا عەبدولکەریم پێی راگەیاندم نابێت تەمەنی خانەنشینیم بۆ درێژ بکرێتەوە، منیش دڵنیام کردەوە کە داوای ئەوەم نەکردوە، بەڵکو وەک لە نوسراوەکەی وەزارەتی پەروەردەشدا هاتوە بەهۆی پێویستیەوە لە ئەرک و کارەکانی وەزارەت پێویستیان بە من بوە.
جه‌ختیشیكرده‌وه: "من تاکەکەس نیم تەمەنی خانەنشینی بۆ درێژ کراوەتەوە، بەڵكو بۆ چەند وەزیرێکی دیکەش کراوە".
بریکاری وەزارەتی پەروەردە پێیوایه بڕیاری دورخستنه‌وه‌ى له ریزه‌كانى گۆڕان بۆ مەبەستی بانگەشەی هەڵبژاردن بوه و وەکخۆی وتی: گۆڕان "پێیوایە بەو جۆرە دەنگ دەهێنێت، بەڵام هەڵەی کرد".
د.سەیوان عەلی، لەسەرپشکی بزوتنەوەی گۆڕان له كابینه‌ى نوێی حكومه‌ت دا پۆستی بریکاری وەزارەتی پەروەردەی هەرێمی وه‌رگرت، پارساڵ دواى گه‌یشتنى ته‌مه‌نى به خانه‌نشینی، ساڵێك بۆ راژەکەی بۆ درێژكرایه‌وه و ئه‌مساڵیش به‌هه‌مانشێوه ساڵێكى دیكه‌ى بۆ درێژكراوه‌ته‌وه تاوەکو مانگی ٩ـى ساڵی ٢٠٢٤.