ده‌رباره‌   په‌یوه‌ندی
10 فیلم له‌باره‌ى كۆژانى فەڵەستینییەکانه‌وه‌

2023/10/31 - 10:50 | 1182 جار بینراوە    
 
ده‌نگ نێت
ئاماده‌كردنى: دژوار رێبوار
 
لەم رۆژانەی دوایدا واقیعێکی سەخت و دژوار و کارەساتبار یەخەی فەلەستینییەکانی گرتوە و قوربانییەکی زۆریان داوە ئەمەش وەک ئاشکرایە بەهۆی بۆردومانی هەڕەمەکی و دڵڕەقانەی دور لەهەمو بەهایەکی مرۆییانەی ئیسرائیلییەکانە بەرامبەر بەگەلی فەلەستین. ئیسرائیلییەکان لەهێرشەکانیاندا رەچاوی مناڵ و ژن و خەڵکی سڤیل و مرۆڤی بێتاوان ناکەن و هەموان بەیەك موشەك ئەسوتێنن!
 
سەرەڕای زۆری ڕێژەی قوربانییە فەڵەستینییەکان هێشتاش بەشێکی خەڵکەکە نایانەوێت شوێنەکانیان جێبهێڵن، خۆ ئەگەر نیازێکی واشیان هەبێت هیچ رێگایەکی قوتاربونیان لەبەردەمدا نییە، تائێستا وڵاتانی هاوسنوری کەرتی غەزە ئامادەیی ئەوەیان دەرنەبڕیوە کە دەرگا بەڕوی ئەو خەڵکە بریندار و غەدر لێکراوانەدا بکەنەوە. بەم پێیە بێت هەموان لەناودەچن و لەداهاتودا وەکو کارەساتە مرۆییەکانیتری مێژو لەشاشەی سینەماکانەوە بەهونەر لەناوچونی خەڵکی غەززەـمان پێشان ئەدەنەوە!
 
دەتوانین بڵێین: دۆزی فەڵەستینییەکان هەمیشە چیرۆکێکی (مرۆیی- درامیی) دەوڵەمەندبوە. بەم هۆیەوە دەرهێنەرانی فلیمە سینەمایەکان سەرەڕای جیاوازی ڕەگەز و نەسەب و وڵاتیان، گەلێك جاران دەستیان بۆ ئەم چیرۆکە بردوە و ویستویانە لەڕێگەی سینەماوە هەرجارە و بەجۆرێك دیمەنێکی چیرۆکەکەمان بۆ بگوازنەوە.
 
ئەم کۆمـەڵە فلیمەی ئاماژەیان بۆ دەکەین گرنگترین و بینراوترین و دیارترین فلیمەکانن سەبارەت بەکێشەی فەڵەستین.
 
١. (paradise now - الجنه‌ الان - بەهەشتی ئێستا)
 
فیلمێکی فەلەستینییە لەساڵی ٢٠٠٥ دا دەرهێنەر "هانی ئەسعەد" کاری دەرهێنانی بۆکردوە. ژانری فلیمەکە کۆکراوەی (دراما، تاوانکاری و چیرۆکی هەسبزوێن)ـە. روداوەکانی فلیمەکە دو شەوی کۆتایی ژیانی دو گەنج ئەگێڕنەوە کە بڕیاریانداوە کردەی خۆکوژی ئەنجامبدەن و  خۆیان بتەقێننەوە. بەنیەتی ئەوەی ئەم کردەیە ببێتە هۆی ئەوەی جیهان ئاوڕ لەکەیسی فەڵەستین بداتەوە و میدیا ئاماژە بکات بەو پاکتاوە رەگەزی و نەتەوەییە کەبەسەر فەڵەستینییەکاندا دەهێنرێت لەلایەن دوژمنەکەیانەوە.
 
فلیمەکە سەرکەوتنێکی گەورەی هونەری بەدەستهێنا و بو بە خاوەنی چەندین خەڵاتی سینەمایی لەوانە (Golden Globe Awards - میهرەجانی بەرلین بۆ سینەمای جیهانی) سەرەڕای ئەوەی کە فلیمەکە کاندیدبو بۆ وەرگرتنی خەڵاتی ئۆسکار بۆ باشترین فیلمی بیانیی. سەرکەوتنە هونەرییەکان بون بەجێی باسی رەخنەگرانی سینەما و بەناڕەوایانزانی و دەرهێنەریان بەوە تۆمـەتبارکرد کە کردەوەی خۆکوژی "تیرۆریستیی" بەشێوەیەك وێناکردوە لای بینەران کە هەڵسوکەوتێکی ئینسانییە و دەیەوێت کۆمەڵگا مرۆییەکان بەم کردەوانە قایلبکات و پاساویان بۆ ئەهێنێتەوە.
 

 

٢. (when i saw you - لمـا شفتك - کاتێك کەتۆم بینی)
"لەهیوادا ژیانێك بۆ ئێوە هەیە"
 
ئەم فلیمـە لەساڵی ٢٠١٢ـدا دەرهێنانی بۆ کراوە. فیلمـەکە درامییە و دەربارەی پەنابەرە فەڵەستینییەکانە کە لەساڵی ١٩٦٧ـدا پەنایانبردە بەر وڵاتی ئوردن و کۆچی بە کۆمـەڵیانکرد. پاش نمایشکردنی فلیمـەکە بو بە خاوەنی خەڵاتی باشترین فیلمی عەرەبی لە ڤیستیڤاڵی سینەمایی ئەبوزەبیدا. مناڵێکی تەمەن یازدە ساڵان لەگەڵ دایکیدا ئەچن بۆ سەربازگەی ئاوارەکان لێرەوە بینەری دیمەنگەلێك ئەبین کە پڕن لەئاڵەنگاری و لێوڕێژن لە‌ ئازایی و بەرەنگاری. مناڵانی نێو سەربازگەکە ئەبینین کەچۆن وایان لێئەکرێت بەتوندی دەست بەهیوا و ئومێدەوە بگرن و هەنگاوبنێن بەرەو گەورەبون و دوبارە گەڕانەوە بۆ نێو خاکی خۆیان و وەرگرتنەوەی مافەکانیان.

 

٣. (inch' allah- انشا‌ء اللە)
"دیوەکەیتری دراوەکە"
 
فیلمـێکی درامیی کەنەدییە لەساڵی ٢٠١٢ـدا دەرهێنانی بۆکراوە. چیرۆکەکە باس لە دکتۆرێکی ئەمریکی دەکات کە ئەرکەکانی لەچوارچێوەی رێکخراوی  نێودەوڵەتیی خاچی سوردا تێدەپەڕێنێت. دکتۆر لەیەکێك لە نۆرینگەکانی نێو کامپی پەنابەرانی فەلەستینی لە کەناری رۆژئاوا "چفە الغربیه‌"ـدا کار دەکات. ئاشنایەتی لەگەڵ دو ژندا پەیدا دەکات یەکیان فەلەستینییە و مێردەکەی گیراوە و لەزینداندایە و ئەویدیش جوە و سەربازە لە سوپای ئیسرائیلدا. هەڵسوکەوتکردن لەگەڵ ئەم دو ژنەدا و بینینی روداوە ناخۆش و پڕ لەتوندوتیژییەکان و هێرشە دوژمنکارانەکانی ئیسرائیل بەرامبەر بەخەڵکی مەدەنی نێو  کامپەکە، کاریگەری لەسەر دونیابینی دکتۆر دائەنێن و وردە وردە دیوەکەیتری دراوەکەی بۆ ئاشکرا ئەبێت.
 
ئەو چاوێلکەیە لەسەر چاوی لادەبات کە چەندان ساڵە میدیا و ئایدیای ئەوروپی و ئەمەریکی  بۆی دروستکردوە و کێشەی عەرەب و ئیسرائیلی پێ ئەبینێت.

 
٤. (amreeka- امریكا)
"خەڵکی کەنارەکەی تر"
 
ئەکتەری سەرەکی فلیمەکە وابیردەکاتەوە کە کارتی سەوز "گرین کارد" رێگای رزگاربونە. لە ژیانی قورس و پڕ لەئاستەنگ و ناهەمواری نێو شاری "رام اللە"ـدا، دایکێك هەمو هەوڵ و کۆششی بۆ ئەوەیە رێگەیەك بدۆزێتەوە مناڵەکەی بەرەو ژیانێکیتر ببات دور لەو ژیانەی کە سەپاوە بەسەر دایکی و باپیری دایکیشیدا! رێگەیەك داهاتویەکی باشتری تێدا بەدیبکرێت و مناڵەکەی زوخاوی "رام اللە" نەچێژێت. 
 
هەر واشدەبێت، کۆچ ئەکەن. دایك دەست لەخەونە کۆنەکانی هەڵدەگرێت و پەڕەیەکی نوێ هەڵدەداتەوە بەئومێدێکی زۆر و پێشبینییەکی بەرزەوە. توشی شۆك ئەبێت کە خەونی ئەمریکاش وەکو خەونی خەڵكی "رام اللە" وەهمێکە و نزیکایەتییەک بەدی ناکات لەگەڵ واقیع. ئەیبینێت کە خەڵکی کەنارەکەی تریش لەدۆخێکی زۆر قورس و نالەباردا ژیان بەڕێ ئەکەن بەتایبەتیش دوای روداوی یانزەی سێپتەمبەر.
 
٥. (the tower- البرج- تاوەرەکە)
"خەونی گەڕانەوە"
 
"تاوەرەکە" فیلمێکی ئەنیمیی هاوبەشی (نەرویجی-فەڕەنسی-سویدی)ـیە لەڕێگەیەوە هەوڵدراوە زانیاری مێژویی و ڕوداوی کۆچکردنی 1948 فەڵەستینییەکان بخاتەڕو. ویستی ئەم ئەنیمییە ئەوەیە کەیسی فەڵەستینییەکان بگەیەنێت بەنەوەی نوێ ئاگارکردنەوەیان لە روداوەکانی مێژوی وڵاتەکەیان و ناساندی نەوەی پیر یاخود باسکردنی ژیانی ئەوانەی کە لەدونیادا نەماون بەو گەنجانەی کە هیچ نازانن دەربارەی ئەزمونی پێشینانیان.
 
(وەستان لە جوڵەدا- stop motion- ایقاف الحرکه‌) تەکنیکێکی مۆدێرن و سەرنجڕاکێشە لەم ئەنیمییەدا بەکارهاتوە و چیرۆکەکەمان لەچاوی منداڵیی (وەردە "کە سەر بەنەوەی چوارەمی دوای کۆچکردنەکەیە")ـەوە بۆ ئەگێڕێتەوە، گەڕانەوەیەك و پێداچونەوەیەكە هەمو ئەو زەبر و ناچارکردنانە ئەگێڕێتەوە کە بون بەهۆی کۆچی بەکۆمەڵ و جێهێشتنی وڵاتەکەیان. گێڕانەوەکە لەدیدی (وەردە)ـەوە لەکاتێکدایە بۆخۆی هەمو ژیانی لەچادرگەکەدا بەڕێکردوە و جگە لەکامپەکە ئاشنای هیچ نیشتیمانێکی تر نییە.

٦.  (شقه‌ 10-14 - ئەپاڕتمانی ژمارە 10-14)
 
کورتەفیلمێکی دیکەیە کە سەرکەوتو بو لە دەستنیشانکردنی برینی فەڵەستینییەکان و ئاماژە پێکردنیان.
 
چیرۆکی فلیمەکە بەدەوری پیاوێکدا دەخولێتەوە کەچاوەڕێی کچە خۆشەویستەکەی دەکات بۆ ئاهەنگگێڕان لەڕۆژی لەدایکبونیدا پێش ئەوەی دیواری جیاکەرەوە لەلایەن ئیسرائیلییەکانەوە دروستبکرێت کەدواتر هەمان پیاو لەڕێگەی ڕۆشتن بۆلای خۆشەویستەکە و بەهۆی دیوارەکەوە توشی زیندان و گرتن و ئەشکەنجە ئەبێتەوە. 
 
فلیمەکە لە زەمەنی پێش و پاش دروستکردنی دیوارەکەوە پرسی فەلەستین و دەرئەنجام و کاریگەرییە مرۆیی و ڕۆژانەییەکانی ژیانی خەڵک بەسادەترین و بچوکترین وردەکارییەوە ئەخاتەڕو.
 
٧. (condom lead- کۆندۆم لید)
"کامیان بەهێزترن ویستی مانەوە یان دێوەزمەی مەرگ؟"
 
"کۆندۆم" یەکێك بو لەنێو ئەو فیلمانەی کە سەرکەوتنی باشی بەدەستهێنا. پاڵێوراوبو بۆ خەڵاتی "Palme d'Or" بۆ کورتەفیلم لەڤیستیڤاڵی "کان"ـی ساڵی ۲۰۱۳ـدا. ناونیشانی فیلمـەکە بەمەبەست و بۆ لاقرتێکردن و بەنیەتی گاڵتەجاڕانەوە لە ناوی ئۆپراسیۆنێکی سەربازی وڵاتی ئیسرائیلەوە بۆ سەر فەڵەستین وەرگیراوە.
 
ئۆپراسیۆنە سەربازییەکە ئەگەڕێتەوە بۆ ساڵی ٢٠٠٨ ئیسرائیل ناوی لێنابو "کاستی لید".
 
ئەم فیلمـە باس لەژیانی دو هاوسەر دەکات کە توشی کێشەدێن لەسەر ئەوەی روداوە توندوتیژەکان تێکەڵی ژیانی رۆژانەیان ئەبن. لەکۆتایدا ئەگەن بەو بڕیارەی واز لەو ژاوەژاو و هەرایە بێنن کەلەشەقامی پشتەوەی فەڵستین رودەدەن. وایان لێدێت هەراوزەناکەی دەوروپشتیان وەکو جۆرێك لە ساوندتراك چاو لێدەکەن و چیتر بەمیوزیکی دەزانن.
 
هەرچەندە بیرۆکەی کارەکە بە شێوەیەکی سەرەکی درامایە، ئازاری نەوە دوای نەوەی لەخۆگرتوە کەچۆن دەستیانگرتوە بە ویستیی مانەوە و ژیانەوە، سەرەڕای تاڵی و تاریکی واقیعەکەیان کە رۆشنایی بۆمباران و جەنگ و بەلێشاو مردن رۆژەکان ئەبەن بەڕێوە. بۆیە خۆشەویستی نێوانیان دەکەن بە تاکە هیوای مانەوە و رێگەی دەرچون لەهەناوی مەرگ و تراژیدیا.

 
٨. (lemon tree- درەختی لیمۆ)
 
چیرۆکی فلیمەکە باسی ژیانی بێوەژنێکی فەڵەستینیی دەکات بەناوی "سەلما زەیدان" کە لەنێو چیاکانی کەناری رۆژئاوادا دەژێت. سەلما خاوەنی زەویوزار و باخێکی گەورەی داری لیمۆیە. هەمو رۆژێک بەخۆشەویستییەکی گەورەوە گرنگی بەباخی درەختی لیمۆکەی دەدات لەگەڵ درەختەکانیدا دەژی، بەڵام کاتێک سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل "ناڤۆن" دەچێتە ماڵە نوێیەکەی کە تەنیشتی باخ و زەوییەکەی سەلمایە، پاسەوانی سەرۆک وەزیران بەسەلما رادەگەیەنێت کە دەبێت لە باخی درەختی لیمۆیەکانی ببڕێتەوە چونکە تیرۆریستان لەوانەیە بەکاری بهێنن بۆ خۆشاردنەوە. بەڵام سەلما لەڕێگەی گرتنەبەری رێکاری یاساییەوە وا لە دادگای باڵا دەکات کە کەیسەکەی لەکەیسی کەسییەوە بگۆڕێت بۆ کەیسی گشتی و رای گشتی نێودەوڵەتی دژی داگیرکاری دەجوڵێنێت.
 
بێگومان چیرۆکی فیلمەکە لە روداوێکی ڕاستەقینەوە وەرگیراوە و سەرەنجام چیرۆکەکە بەشێوەیەکی تراژیدی بەکۆتادێت.
 
٩. (5broken cameras- پێنج کامێرا شکاوەکەـ)
 
بەڵگەفیلمێکە چیرۆکی پێنج کامێرا شکاوەکەی عیماد ئەگێڕێتەوە کە لە هەر یەکێکیاندا خەباتی خۆی لەگەڵ خەڵکی گوندەکەیدا دژی داگیرکاری ئیسرائیلی تێدا تۆمارکردوە کەهەوڵدەدەن زەوی و خاکی گوندەکەیان داگیربکەن. 
 
بەڵگەفیلمەکە پاڵێوراوبو بۆ خەڵاتی ئۆسکار بۆ باشترین دۆکیومێنتاری. عیماد لەکاتی تۆمارکردنی گرتەکاندا چەندین جار توشی ئەشکەنجە و ئازار بوەتەوە و تەنانەت جارێك بەجۆرێك بریندار ئەبێت کەنزیک دەبێتەوە لەمردن. بەڵام کۆڵ نادات و بەردەوام ئەبێت.
 
لەکۆتایدا عیماد هاوڕێیەکی جولەکەی خۆی کەبەکاردەهێنێت بۆ دروستکردنی ئەم فیلمـە و تۆمارکردنی هەمو ساتەکانی خەباتی خەڵکی گوندەکە. دواجار کامێرا شکاوەکانی عیماد و گرتەکان ئەم بەڵگە فیلمـەی لێ بەرهەم هات.

١٠. (born in gaza- لەدایکبون لە غەززەدا)
 
فیلمێکی دۆکیۆمێنتارییە نێتفلێکس لەساڵی ٢٠١٤ـدا بەرهەمیهێناوە. لەو ساڵەدا و لە دۆخی بۆردومانی چڕی غەززەدا لەلایەن دەوڵەتی ئیسرائیلەوە. هێرشەکان زیاتر لەچل شەویان خایاند و بەبێ مەودا بۆمب و موشەک دائەبارینە نێو شارەکە بێگومان و وەک هەمیشە رەچاوی هەبونی خەڵکی مەدەنی و مناڵ و ژن نەدەکرا. لەئەنجامی دەستدرێژییە سەربازییەکە ٢٢٥١ کەس بون بەقوربانی و لەنێویشیاندا ٥٥١ منداڵ هەبون.
 
لەم کەشوهەوایەدا بەڵگە فیلمی "لەدایکبون لە غەززەدا" بەرهەمهێنراوە و تیشك زیاتر خراوەتە سەر خولیا و رەوشی دەرونی مناڵانی غەززە و لەو رێگەیەوە ئازار و نەهامـەتییەکانی خەڵکی ئەو شارەمان بۆ ئەگوێزێتەوە. لەبەر ئەم هۆیەش کارەکە سەرکەوتنێکی زۆری بەدەستهێنا و چویە ریزی پڕبینەرترین دۆکیۆمێنتاری لەچەندین وڵاتدا. 
 
هێرنان زەین پەیامنێری سەربازی ئەرجەنتینی و دەرهێنەری بەڵگەفیلمەکە، دەڵێت: ئەوانەی غەززەیان لەچاوی مناڵەکانییەوە نەبینیوە، ئەوانەی کەچیرۆکەکانی ئەوشارەیان لەزمانی خۆیانەوە نەبیستوە، هیچ شتێك دەربارەی غەززە نازانن! 
 
هەربۆیە هێرنان لەفرمێسکی قەتیسماوی چاوی مناڵانەوە وێنەی برین و ئازار و دوکەڵ و تەڵخی غەززەمان پێشان ئەدات. هێرنان لە زەردەخەنەی هەڵبڕزکاوی سەر لێوی مناڵەکانەوە چیرۆکە تراژیدی و شۆکهێنەرەکانمان بۆ ئەگێڕێتەوە. ئەکتەرە سەرەکییەکانی ئەم بەڵگەفیلمە مناڵانی تەمەن 6 بۆ 13 ساڵن، ئەوان شایەتی بۆ ئەو شتانە دەدەن کە بینیویانە و ئازاریان پێیانەوە چێشتوە. هەریەک لەوان بەشی خۆی لەپارچە پارچەبون و برین و ناخۆشی و تیرۆر وەرگرتوە. 

 
سەرچاوەکان:
- نێتفلێکس 
- پێگەی شاهد
- سایتی یوتیوب
- رۆژنامەی "الشرق الأوسط"
 
 



Dengnet.net - 2024
دروستکراوە لەلایەن کۆمپانیای (کۆدتێك)ەوە
ژمارەی سەردان 2,222,708     ژمارەی میوان 2733