کونسوڵخانەی ئەمریکا لە هەولێر: بەردەوامین لە نیگەرانیەکانمان لە پاشەکشەی ئازادیی رادەربڕین

2023/09/25 - 10:27 | 493 جار بینراوە    
 
دەنگ نێت
 
کونسوڵخانەی ویلایەتە یەکگرتوەکانی ئەمریکا بەردەوامیی نیگەرانی خۆیان لەبارەی پاشەکشەی ئازادیی رادەربڕین لە هەرێمی کوردستان دوپاتدەکاتەوە و دەستخۆشی لە رۆژنامەنوسانیش دەکات.
 
بەپێی بڵاوکراوەیەکی کونسوڵخانەی ویلایەتە یەکگرتوەکانی ئەمریکا لە هەولێر، مارک سترۆ- کونسوڵی گشتیی کونسوڵخانەی ئەمریکا لە هەولێر، لەگەڵ رۆژنامەوانانی ژمارەیەک ناوەندی راگەیاندنی سەربەخۆ لە هەرێم کۆبوەتەوە، کە لە کۆبونەوەکەشدا بەڕێوبەری رادیۆی دەنگ ئامادە بو.
 
هەربەپێی بڵاوکراوەکە؛ کونسوڵی گشتی دەستخۆشی لە رۆژنامەوانەکان کرد لەبەرامبەر هەوڵە بەردەوامەکانیان بۆ روماڵکردنی بێلایەنانەی هەواڵە سیاسی و ئابوری و کۆمەڵایەتیەکانی هەرێم. 
 
جەختی لەوەشکردوەتەوە "بەردەوامین لە نیگەرانیەکانمان دەربارەی پاشەکشەی ئەم دواییانەی ئازادیی ڕاگەیاندن، پاشەکشە لە نموونەی دەستبەسەرکردنی هەڕەمەکیانە و پشکنینی نایاسایی ئامێری ئەلیکترۆنی و کەموکوڕیی لە جێبەجێکردنی یاسای کاری ڕاگەیاندن و یاسای مافی بەدەستهێنانی زانیاریی هەرێمی کوردستان".
 
لە کۆبونەوەکەدا بەڕێوبەر و نوێنەرانی هەریەکە لە دەزگاکانی: ماڵپەڕی درەو میدیا، ماڵپەڕی پەرەگراف، ماڵپەڕی کەرکوکناو، ماڵپەڕی زێدنیوز، رادیۆی دەنگی نوێ و رادیۆی دەنگ بەشداربون.
 




Dengnet.net - 2024
دروستکراوە لەلایەن کۆمپانیای (کۆدتێك)ەوە
ژمارەی سەردان 2,115,987     ژمارەی میوان 1426