ژنه‌ خه‌یاتێكى شێوه‌كار

2020/09/08 - 10:45 | 1127 جار بینراوە    
به‌ بزه‌ى سه‌رلێو و خۆشحاڵیه‌وه‌، دەرگای پێشانگاکەی بەڕوی میوانەکانیدا کردەوە، پێشانگایه‌ك ده‌مێكه‌ خه‌ونى پێوه‌ده‌بینێت و ده‌كۆشێت بیكاته‌وه‌، تیایدا نمایشی ئه‌و تابلۆیانه‌ بكات كه‌ چه‌ند ساڵێكه‌ كێشاونى. ده‌یوت: "كردنه‌وه‌ی پێشانگا كارێكى ئاسان نه‌بو، به‌ڵام هه‌وڵم داو توانیم سه‌ركه‌وتو بم".
 
گوڵاڵە دارا، 30 ساڵ، ژنێكى شێوه‌كار و به‌رگدورێكى ده‌ستڕه‌نگینى دانیشتوی کەلاره‌، به‌هره‌ و خولیای وێنه‌كێشان و كارى ده‌ستی هه‌یه‌، ئه‌گه‌رچی خه‌ڵكى رۆژهه‌ڵاتى كوردستانه‌، به‌ڵام هاوسه‌رگیری كردوه‌ و چه‌ند ساڵێكه‌ له‌ كه‌لار گیرساوه‌ته‌وه‌، لێره‌ له‌م شاره‌ گه‌رمه‌ى باشور، په‌ره‌ى به‌ تواناكانى خۆی له‌ بوارى نیگاركێشی و درومان و كارى ده‌ستى داوه‌.
 
له‌ دیدارێكى رۆژنامه‌ى (نه‌وژین) دا، باسی ئه‌زمون و سه‌ربورده‌ى خۆی كرد له‌ بواری وێنه‌كێشان دا، سه‌ره‌تاش گه‌ڕایه‌وه‌ بۆ ته‌مه‌نى مناڵی و وتى: "ئه‌وه‌ى به‌ بیرم بێت هه‌ر لەمناڵیەوە حەزم لە وێنە کێشان بوە و دەستی وێنە کێشانم هەبوە، ته‌نانه‌ت له‌ ته‌مه‌نى 5-6 ساڵیه‌وه‌ كارى وێنه‌كێشانم ده‌ستپێكردوه‌".
 
له‌به‌ر حه‌ز و خولیای بۆ وێنه‌كێشان، (گوڵاڵه‌) رو له‌ شاری كرماشان ده‌كات، له‌وێ به‌شداری كۆرسێكى فێربونى وێنه‌كێشان ده‌كات و فێری بنه‌ماكانى وێنه‌كێشانى رۆنیی "زه‌یتی" ده‌بێت.
 
ده‌ڵێت: هه‌مو ساڵێك له‌قوتابخانه پلەی یەکەمم هێناوە لە وێنەکێشان، خاوەنی سێ بڕوانامه‌م لە هونەری وێنەکێشان، لەپاڵ ئەوەیش دا بەشی زانستم لە ئێران تەواو کردوە.
كه‌ روى له‌ باشورى كوردستان و كه‌لار كردوه‌، به‌رده‌وام بوه‌ له‌ كارى وێنه‌كێشان، به‌ڵام به‌هۆی ئه‌وه‌ى پشتگیرییه‌كى ئه‌وتۆی نه‌بوه‌، بۆی نه‌لواوه‌ پێشانگاى شێوه‌كاریی تایبه‌ت به‌ خۆی بكاته‌وه‌، هه‌تا رۆژێك له‌ رێگه‌ى رێكخراوى (PAO)ـه‌وه‌ ئه‌و ده‌رفه‌ته‌ى بۆ ده‌ڕه‌خسێت و پێشانگایه‌كى شێوه‌كاری تایبه‌ت به‌ خۆی له‌ گه‌رمیان ده‌كاته‌وه‌.
 
له‌باره‌ى ئامانجه‌كانى له‌ كردنه‌وه‌ى پێشانگاكه‌یه‌وه‌، (گوڵاڵه‌) وتى: ئامانجم لە کردنەوەی پێشانگاکە دەر خستنی توانا و بەهرەی خۆم نه‌بو به‌ته‌نیا، به‌ڵكو ویستم ئه‌وه‌ ده‌ربخه‌م كه‌ ژنانیش توانایان هه‌یه‌ و ئه‌گه‌ر ئەو رێگریانەى كه‌ هه‌یه‌ له‌رێگایان دا نەمێنێت، ئه‌وا ده‌توانن تواناكانى خۆیان بسه‌لمێنن و په‌ره‌ى پێبده‌ن.
 
جه‌ختیشیكرده‌وه‌: "ئەگەر پاڵپشتم هەبێت، لەشارەکانی دیكه‌ش دا پێشانگا دەکەمەوە".
 
ژن یه‌كێكه‌ له‌ زه‌قترین ته‌وه‌ره‌كانى تابلۆكانى ئه‌م ژنه‌ شێوه‌كاره‌. له‌باره‌ى هۆكاره‌كه‌یه‌وه‌، هێما بۆ ئه‌وه‌ ده‌كات كه‌ گه‌ره‌كێتى له‌رێگه‌ى قه‌ڵه‌م بۆیه‌ و فڵچه‌كانیه‌وه‌، خه‌مه‌كانى ژنان بخاته‌ڕو و بیانكات به‌ تابلۆ، جگه‌ له‌وه‌ش بابه‌تانى تر له‌ تابلۆكانى دا ره‌نگدانه‌وه‌یان هه‌یه‌، به‌تایبه‌تى سروشت.
 
ئه‌و لەپاڵ هونەری وێنەکێشاندا، سه‌رقاڵی درومان و كارى ده‌ستییه‌ و توانایەکی باشی لەو بواره‌شدا هەیە، ئه‌مه‌ سه‌رباری ئه‌وه‌ى وه‌كو سه‌رچاوه‌ى بژێویی كه‌ڵكى لێده‌بینێت، به‌تایبه‌تى كه‌ هێشتا هونه‌ر نه‌بوه‌ته‌ سه‌رچاوه‌یه‌كى به‌هێز بۆ بژێویی هونه‌رمه‌ندان.
 
سه‌رباری ئه‌وه‌ش وه‌كخۆی باسی لێوه‌ده‌كات، تابلۆکانی کڕیارێکی باشیان هەیە و لەشارەکانی تریشەوە خواستی لەسەرە، هه‌روه‌ك بەشێکی زۆری تابلۆکانیشی فرۆشتوە.
 
گوڵاڵەی شێوه‌كار، وه‌ك ئاماژه‌مان بۆ دا خێزاندارە و خاوەنی دو مناڵە، پێیوایه‌ ئه‌م دۆخه‌ خێزانیه‌ ده‌ستى نه‌گرتوه‌ بۆ ئه‌وه‌ى په‌ره‌ به‌ به‌هره‌ هونه‌رییه‌كه‌ى بدات "هاوسه‌ره‌كه‌م زۆر پاڵپشتمه‌ و ئه‌مه‌ش هۆكارى به‌رده‌وامی و سه‌ركه‌وتنمه‌".
 
له‌باره‌ى خه‌ونه‌كانیشیه‌وه‌ بۆ داهاتو، باسی له‌وه‌ كرد: "خەونی من لەداهاتودا ئەوەیە دەرس لە وێنەکێشە بەناوبانگەکان وەر بگرم و بتوانم ببمە کەسێکی تەواو شارەزا لە بواری وێنەکێشان دا".
 
 
ئاماده‌كردنى: خۆشبین جه‌لال
* ئه‌م بابه‌ته‌ له‌ ژماره‌ (34)ى رۆژنامه‌ى نه‌وژین بڵاوكراوه‌ته‌وه‌
 



Dengnet.net - 2024
دروستکراوە لەلایەن کۆمپانیای (کۆدتێك)ەوە
ژمارەی سەردان 2,257,256     ژمارەی میوان 2822