داهاتی کتێبێکی مەلا جەمیل رۆژبەیانی دەبەخشرێتە نەخۆشخانەی هیوا

2023/12/12 - 12:15 | 828 جار بینراوە    
 
دەنگ نێت
 
کتێبی "پوختەی مێژوی عێراق" لە نوسینی نوسەرو مێژونووسی کۆچکردوی کورد: مەلا جەمیل رۆژبەیانی بڵاودەکرێتەوە و داهاتی کتێبەکەش دەبەخشرێتە نەخۆشخانەی هیوا.
 
"پوختەی مێژوی عێراق- کوردستان و دەوڵەتە دراوسێکان (١٩١٤-١٩٧٥)"، ناونیشانی کتێبێکە كە دەقێكی كۆنی نوسەر و مێژونوسی کۆچکردوی کورد: مەلا جەمیل رۆژبەیانییە کە بە زمانی فارسی نوسیویەتی و پێشتر بەشێوەی كتێب بڵاونەکراوەتەوە، دەقە فارسییەكە لەلایەن ئومێد سەعدوڵڵا رۆژبەیانییەوە وەرگێڕدراوەتە سەر زمانی کوردی و لەلایەن عەبدوڵڵا زەنگەنەوە پێداچونەوە و پەراوێزی بۆکراوە.
 
وەرگێڕی کتێبەکە: ئومێد سەعدوڵڵا رۆژبەیانی، بە رادیۆی دەنگی وت: ئەم کتێبە كە بە چاپمان گەیاندووە نوسینی دەقێكی فارسی بەشێوەی چاپی رۆنیۆی ئەو كاتانەیە كە رەوانشاد مەلا جەمیل رۆژبەیانی لە وڵاتی ئێران دەژیا، ناوەڕۆكی كتێبەكە لێکۆڵینەوە و گێڕانەوەیەکی بەپێزی مێژوی عێراق و كوردستان و دەوڵەتە دراوسێیەكانە لەماوەی نزیکەی ٦٠ ساڵدا، کە نوسەر خودی خۆی لە نزیکەوە ئاگاداری وردەکاری و ماجەراکانی بەشێکی زۆری بووە، هەربۆیە بە پێویستم زانی بۆسەر زمانی کوردیی وەریبگێڕم بۆ ئەوەی خوێنەری کوردیش لێی بەهرەمەند بێت.
 
وتیشی: بەسوپاسەوە  نووسەرو مێژووناسی كورد عەبدوڵا زەنگەنە بە پێداچونەوە و پەراوێزە بەنرخەکانی، کتێبەکەی زیاتردەوڵەمەندکردوە.
 
کتێبەکە بڕیارە داهاتەکەی ببەخشرێت بە نەخۆشخانەی هیوا کە ئەو نەخۆشانە لەخۆ دەگرێت توشبوی شیرپەنجەن. ئومێد سەعدوڵڵا لەمبارەوە وتی: بەسوپاسەوە ئەرکی چاپکردنی ئەم کتێبە لەلایەن بەڕێز: وریا جەلیل رۆژبەیانی- خاوەنی كۆمپانیای سەوزبڵاخی بچوكەوە گیراوەتە ئەستۆ، هەربۆیە پێمان باش بو داهاتی فرۆشتنی تەرخان بکەین بۆ نەخۆشخانەی هیوا کە خزمەتگوزارییەکی مرۆییانەی باڵا پێشکەش بە نەخۆشانی هەرێم دەکات.
 
کتێبی "پوختەی مێژوی عێراق- کوردستان و دەوڵەتە دراوسێکان (١٩١٤-١٩٧٥)"، ئێستا لە زۆربەی کتێبخانەکانی هەرێمی کوردستان دا دەستدەکەوێت.



Dengnet.net - 2024
دروستکراوە لەلایەن کۆمپانیای (کۆدتێك)ەوە
ژمارەی سەردان 2,091,842     ژمارەی میوان 1321