دەنگ نێت
مامۆستایەکی زانکۆی گەرمیان کتێبێک بەناوی 'سایکۆلۆجیای مناڵ' وەردەگێڕێت، دەشڵێت: کتێبەکە لە زۆربەی وڵاتە پێشکەوتوەکان پرۆگرامی خوێندنە.
هاوار کەریم، مامۆستای زانکۆی گەرمیان، بۆ رادیۆی دەنگ وتی: کتێبی 'سایکۆلۆجیای مناڵ' لە نوسینی نوسەری هیندی پرۆفیسۆر (ک. سی. پاندا)یە و ساڵی ۲۰۰۰ نوسیویەتی و پرۆگرامی خوێندنە لە زۆربەی وڵاتە پێشکەوتوەکان و لە ۲۲ بەشی جیاواز پێکدێت.
وتیشی: ئەم کتێبە نوسینێکی بنەڕەتییە بۆ خوێندکارانی کۆمەڵناسی، دەرونناسی، پەروەردە و زانستە کۆمەڵایەتییەکان، زیندەزانی و پزیشکی مناڵان، هەروەها بۆ خوێندکار و مامۆستایان لە پەروەردەی تایبەت و راهێنەران و کاری کۆمەڵایەتی لەسەر ئاستی زانکۆ و خوێندنی باڵا.
دەشڵێت: کتێبەکە بە درێژی باس لە قۆناغەکانی گەشەی مرۆڤ و بەتایبەت مناڵ دەکات لە نۆ مانگی پێش لە دایکبونەوە دەستپێدەکات و بە قۆناغەکانی کۆرپەیی و مناڵیی و هەرزەکاریی و گەنجی و کامڵی کۆتایی دێت، لە روی زانستی و تیۆرییەوە بە پشتبەستن بە حەقیقەتە زانستی و توێژینەوە جیهانییەکان تیشکی خستوەتە سەر هەمو لایەنەکانی گەشەی (جەستەیی، هەڵچون، زمان، عەقڵی، دەرونی، کۆمەڵایەتی، کەسایەتی، ئاکاری، زانینی و.. هتد).
هاوار کەریم، مامۆستای زانکۆی گەرمیان و نوسەر و وەرگێڕە و پسپۆڕی بواری کۆمەڵناسییە و خاوەنی چەندین بەرهەمی کاری نوسین و وەرگێڕانە لە بواری سایکۆلۆژی و گەشەپێدانی مرۆیی کە گرنگترینیان بریتیین لە: چەند بابەتێکی سایکۆسۆسیۆلۆژی، مێزگردی هابرماس و مارکۆزە، پەرەدان بە توانا مێشکییەکان، هاوسەری نمونەیی، یاساکانی ژن و مێردایەتی، چەند رێنماییەکی تەندروستی و دەرونی.