پزیشكێك باس له‌و هۆكارانه ده‌كات كه ده‌بنه هۆی حاڵه‌تى داخورانى ئێسك و جومگه، هه‌روه‌ك به وردیش له‌سه‌ر چاره‌سه‌ركردنى ئه‌و حاڵه‌تانه به پشت به‌ستن به به‌كارهێنانى ده‌رزی ده‌وه‌ستێت.
لە میانەی دیدارێکدا (د. هەڤین کەمال شاە محه‌مه‌د)، پسپۆڕ له زانستی ئازار و بێهۆشكاریی و شاره‌زا له چاره‌سه‌ری بڕبڕه‌ى پشت و نه‌خۆشی جومگه‌کان به‌بێ نه‌شته‌رگه‌ری و ئەندامی ئەکادیمیای ئەمریکی بۆ ئازارشکاندن، باس لە نەخۆشی داخورانی ئێسک و هۆکارەکان و چۆنیەتی چارەسەر کردنی نەخۆشیەکە دەکات له‌رێگه‌ى به‌كارهێنانى ده‌رزیه‌وه.
* سەرەتا با بەو پرسیارە دەست پێبکەین: داخورانی ئێسک چیە؟
نەمان و کەمبونهوەی کڕکڕاگەی دەوری ئێسکەکەیە، لەگەڵ کەمبونەوەی لینجی نێوان ئێسکەکان.
* هۆکارەکانی ئه‌م داخورانه چیە؟
چه‌ند هۆكارێك هه‌یه، له‌وانه: تەمەن كه لەسەروی 55 ساڵەوە کەسەکان زیاتر توشی داخورانی ئێسک دەبن، قەڵەوی، هۆکاری بۆماوەیی، ناڕێکی لە جومگەدا بەهۆی زگماکی یان روداو.
* نیشانەکانی داخورانی ئێسک چیە؟
به‌گشتى ئه‌م نیشانانه هه‌یه: ئازاری ئێسک و جومگە، ئاوسانی جومگە، کەمبونەوەی جۆڵە لە جومگەکەدا یان زۆرجار نەخۆش گوێی لە تەقەی جومگەی دەبێت لەکاتی جوڵەدا.
* بۆ چاره‌سه‌ر هه‌ندێكجار ده‌رزى به‌كارده‌هێنرێت، ئه‌و حاڵه‌ته چۆنه و تاچه‌ند به‌سوده؟
یەکێک لە رێگا چارەکان بۆ نەھێشتنی ئازاری ئەژنۆی داخوراو و ھەوکردنی جومگەی ئەژنۆ لێدانی دەرزی ناو جومگەیە، بەڵام ھەڵبژاردنی جۆری دەرزییەکە ھەمیشە کاری پزیشكی پسپۆڕە، ئەو دەزانێت چ جۆرێک باشە بۆ چ نەخۆشێک، ئەویش بەپێی تیشك و پشکنینی ئەژنۆ.
* جۆری دەرزیەکان چین؟
دەرزی ستیرۆیدەکان، دەرزی پلازمای چڕ بە خەپلەکانی خوێن (PRP)، دەرزی لینجی (viscosuplement)، دەرزی پرۆلۆسیراپی لەگەڵ گازی ئۆزۆن، یاخود کۆکردنەوەی دو جۆر دەرزی لەھەندێكجاردا.
* ئایا دەرزیەکان لێكه‌وته و گاریگەری خراپیان هەیە؟
بەڵێ، هەر دەرزیەک گاریگەری باش و خراپیشی هەیە. بۆنمونه: دەرزی ستیرۆیدەکان، ئازارشکێنە و دژە ھەوکردنیشە، به‌ڵام ھەندێك نەخۆش سودى لێوه‌رناگرن و لەوانەیە بەس کاتێکی زۆر کورت سودی لێ ببینێت، لەبەرئەوەی زیانی ھەیە بۆ ماسولکە و بێھێزکردنی جومگەکان، بۆیه ناتوانرێت زۆر به‌كاربهێنرێت.
هه‌روه‌ها دەرزی پلازما، یارمەتی دروست بونەوە و زیادکردنی خانەی کڕکڕاگەی جومگە ده‌دات، ھەروەھا گواستنەوەی سیگناڵی ئازار کەمدەکاتەوە، به‌ڵام رێنمایی زۆره و ده‌بێت هه‌موى جێبه‌جێ بكرێت، به‌پێچه‌وانه‌وه سوده‌كه‌ى ته‌واو نابێت.
به‌ڵام هه‌رچی دەرزی لینجیه، ئه‌وا یارمەتی زیادکردنی لینجی و چەورکردنی جومگەکە دەدات و زبریی و بەرکەوتنی ناو جومگەکە کەم دەکاتەوە و زیانی لاوه‌كی نییه و ده‌رزیه‌كى سه‌لامه‌ته، له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا زۆر دوباره‌كردنه‌وه‌ى ره‌نگه ببێته هۆی نه‌مانى سود و زیاتر داخورانى جومگە.
هه‌رچی ده‌رزى (پرۆلۆسیراپی)یه، ئەمیش یەکێکە لەتازەترین چارەسەرەکان کەماددەی دیکسترۆز بەکاردێت بۆ ناو جومگەی ئەژنۆ، یارمەتی دروست کردنەوەی خانە لە ناوچوەکان دەدات و گەشەیان پێدەکات و کۆنترۆڵی ئازار دەکات. خراپیەکهى ئه‌وه‌یه لەبەرئەوەی دیکسترۆز ماددەیەکی وروژێنەرە و ھەوکردن دروست دەکات، لەوانەیە ھەفتەی یەکەم نەخۆش ئازارێکی بێزارکەری بۆ دروست بێت و هه‌روه‌ها به چه‌ند كۆرسێك ئه‌نجام ده‌درێت ده‌بێت هه‌موى ته‌واو بكرێت.
* هه‌ندێكجار 2 ده‌رزى به‌كارده‌هێنرێت، بۆچی؟
بەکارھێنانی دو دەرزی له‌كاتێكدا ده‌بێت کە بەیەک جۆر دەرزی چارە نەبێت و داخورانێکی زۆر ھەبێت، تێکه‌ڵکردنی دو جۆر یان زیاترى چاره‌سه‌ر ھەمیشە کاریگەریەکی باشی ھەیە، ئەویش پزیشکی پسپۆڕ بڕیاری لەسەر دەدات، خراپیه‌كه‌یشی ئه‌وه‌یه كه له روى تێچونه‌وه گرانتره.
* له به‌كارهێنانى ده‌رزى دا وه‌كو چاره‌سه‌ر، رێنماییتان چیه؟
لەگەڵ ئەوەی ئەم دەرزییانە ھەمویان باشییان سەلمێنراوە بۆ ئەژنۆکان، بەڵام دەبێت ئەوە رەچاوبکەین کە دوای ھەمو دەرزییەک رێنماییە تایبەتەکان بەو دەرزییە بە تەواوەتی جێبه‌جێ بکەین، لەگەڵیشیدا وەرزش و چارەسەری سروشتی ئه‌نجام بده‌ین و دوربکەوینهوه لە ئه‌نجامدانى جوڵەی ھەڵە.
ئاماده‌كردنى: شه‌یما عه‌دنان