پارێزەرەکەی شێروان شێروانی: دەبێت هەمو هیوایەکمان لەسەر دادگاکانی هەرێم بخەینە ژێر گڵ

2023/07/20 - 02:41 | 925 جار بینراوە    
 
دەنگ نێت
 
پارێزەری دەستگیرکراوانی بادینان، لەبارەی سزادانی شێروان شێروانی بە ٤ ساڵ زیندانیی دەڵێت: بڕیارەکە تەواو نایاسایی بو، دەشبێت هەمو هیوایەکمان لەسەر دادگاکانی هەرێم بخەینە ژێر گڵ.
 
رێباز وسو، پارێزەری خۆبەخشی دەستگیرکراوانی بادینان، بە رادیۆی دەنگی وت: ئەمڕۆ دادگای ٣ـی هەولێر سزای ٤ ساڵ زیندانیکردن بەسەر رۆژنامەنوس شێروان شێروانی دا سەپاند، بەڵام بڕیارەکە تەواو نایاسایی بو، دەشبێت هەمو هیوایەکمان لەسەر داداگاکانی هەرێم بخەینە ژێر گڵ.
 
دۆسیەکە دەگەڕێتەوە بۆ تۆمەتبارکردنی شێروان شێروانی بەوەی کە لەبری یەکێک لە هاوڕێکانی لە زیندان پەنجەمۆری کردوە بەبێ ئاگاداریی خۆی لەنوسراوێکی پەیوەست بە ئازادکردنیان بەشێوەی مەرجدار و نوسراوەکەش رادەستی چاکسازی گەورانی هەولێر کراوە.
 
پارێزەرەکەی دەڵێت: شێروان شێروانی لەبەردەم دادگا رەتیکردوەتەوە کە هیچ کارێکی لەوجۆرەی کردبێت، بەڵکو  پەنجەمۆری لە پەڕەو نوسراوی دیکەوە وەرگیراوە و بەکارهێنراوە.
 
ئەوەشی وت: ئەمڕۆ لە بەردەم دادگا  ئەو کەسەی دەوترێت پەنجەمۆری ساختە کراوە، وتویەتی ئەو هیچ سکاڵایەکی نیە و بەڕێکەوتنی نێوان خۆیان بوە، بەڵام دادگا سور بو لەسەر سزادانی.
 
سزادانەکەی شێروان بەپێی مادەی ٢٩٥ لە یاسای سزادانی عێراقی بوە، کە تایبەتە بە ساختەکاریی و تیایدا دەڵێت: هەرکەسێک ساختەکاریی بکات، سزاکەی لەنێوان ٢٤ کاژمێر تاوەکو ٥ ساڵ زیندانییکردنە، لەسەر ئەم بنەمایەش دادگای ٣ـی هەولێر ئەمڕۆ بە ٤ ساڵ زیندانیی، شێروان شێروانی سزادا.



Dengnet.net - 2024
دروستکراوە لەلایەن کۆمپانیای (کۆدتێك)ەوە
ژمارەی سەردان 2,257,259     ژمارەی میوان 2825