دو دۆسیەی تر بۆ شێروان شێروانی لە دادگا کراوەتەوە

2023/04/16 - 07:35 | 665 جار بینراوە    
 
دەنگ نێت
 
بەشدار حەسەن، پارێزەری: شێروان شێروانی و گیراوانی دیکەی بادینان، لە راگەیەنراوێکدا بڵاویکردەوە: دۆسیەیەک بۆ شێروان کراوەتەوە بەو تۆمەتەی گوایا لە زیندان هەڕەشەی لە ئەفسەرێکی ئەو گرتوخانەیە کردوە کەتیایدا بەند کراوە و ئەمڕۆش براوەتە بەردەم دادوەری لێکۆڵینەوەی دەشتی هەولێر، بەڵام بەهۆی پێشتر ئاگادارنەکردنەوەی و ئامادەنەبونی پارێزەرەکانیەوە، ئامادە نەبوە وتە بدات و دادوەر دادگاکەی دواخستوە.
 
ئاماژەی بەوەشکرد: پێشتریش دۆسیەیەکی تر بۆ شێروان کرایەوە بەو تۆمەتەی گوایا واژوی گۆهدار زێباری کە گیراوێکی تری بادینانە ساختەکردوە، لەکاتێکدا خودی گۆهدار هیچ سکاڵایەکی نەکردوە و پێشتر گیراوانی بادینان رێککەوتون بەناوی یەکترییەوە بڕیار بدەن.
 
لە مانگی تشرینی یەكەمی 2020 شیروان شیروانی و چوار رۆژنامەنوس و چالاكوانی بادینان دەستگیركران، کە دوای شەش مانگ دادگای تاوانەکانی هەولێر یەکی بە ٦ ساڵ زیندانی سزای دان، دواتر سەرۆکی هەرێم بە مەرسومێک بەشێک لە سزاکەی کەمکردنەوە، مانگی رابردوش ٣ لە گیراوان (شڤان سەعید، ئەیاز کەرەم و هاریوان عیسا) ئازاد کران و (شێروان شێروانی و گۆهدار زێباری) بەهۆی کردنەوەی دۆسیەی تر بۆیان، ئازاد نەکران.
 



Dengnet.net - 2024
دروستکراوە لەلایەن کۆمپانیای (کۆدتێك)ەوە
ژمارەی سەردان 2,257,026     ژمارەی میوان 2592