"دو رۆژنامەنوسەکەی (بوار) تەقەیان لێکراوە و ژیانیان لە مەترسی دایە"

2022/10/10 - 10:43 | 742 جار بینراوە    
 
دەنگ نێت
 
هاوڕێیەکی هەردو رۆژنامەنوس (سەرتیپ وەیسی و ئیبراهیم عەلی) دەڵێت: ئەو دوانە لە رێگای سلێمانی- هەولێر لەلایەن دژە تیرۆرەوە تەقەیان لێکراوە، دەزگای بواریش دەڵێت: ئەو دو رۆژنامەنوسە لای دەزگا ئەمنییەکانی سلێمانی دەستبەسەرن.
 
فەرمان رەشاد، لە هەژماری خۆی لە فەیسبوک نوسیویەتی: "زانیاری پشتڕاست کراوە.. سەرتیپ قەشقەیی و ئیبراهیم عەلی زۆر بەشێوەیەکی مافیاگەراییانە لەلایەن هێزەکانی دژە تیرۆری سەر بەسەرۆکی یەکێتی لەکاتی گەڕانەوە لە سلێمانیەوە بۆ هەولێر هێرشیان کراوەتە سەر".
 
دەشڵێت: تەقە لە ئۆتۆمبێلەکەیان کراوە پاشان دەستگیرکراون.
 
فەرمان رەشاد ئاماژە بە خراپی دۆخی ژیانی سەرتیپ وەیسی و ئیبراهیم عەلی دەکات و دەڵێت: "ژیانیان لەمەترسیە و پێویستە هەرچی زووە لایەنە پەیوەندیدارەکان لەناوخۆ و دەرەوەی کوردستان ئاگادار بکرێنەوە".
 
لایخۆشیەوە 'دەزگای میدیایی بوار' ئەم بەیانییە بەیاننامەیەکی بڵاو کردوەتەوە و تیایدا دەڵێت: "هەردوو رۆژنامەنووسەكەی بوار لە ئێوارەی رۆژی یەك شەممەوە لە شاری سلێمانی دیار نەماون‌و دوای سۆراغ‌و بەدواداچوون دەركەوت، كە ئەو دوو رۆژنامەنووسە لەلایەن دەزگا ئەمنییەكانی سلێمانییەوە دەستگیركراون".
 
دەشڵێت: "تائێستا هۆكاری دەستگیركردنی رۆژنامەنووسەكانی بوار نەزانراوەو وەك دەزگای میدیایی بواریش، پاراستنی گیانی ئەو دوو رۆژنامەنووسەمان دەخەینە ئەستۆی دەزگا ئەمنییەكانی سلێمانی".
 
لە راگەیەنراوێکی پێشترا، بەرەبەیانی ئەمڕۆ 'دەزگای میدیایی بوار' بڵاویکردەوە: "پێشنیوەڕۆی یەك شەممە 9/10/2022، هەریەك لە سەرتیپ وەیسی قەشقەیی، سەرنووسەری دەزگای میدیای بوار و ابراهیم عەلی، بەڕێوەبەری نوسینی دەزگاكە بۆ كارێكی رۆژنامەوانی لە هەولێرەوە بەرەو سەنتەری شاری سلێمانی بەڕێكەوتوون، لەو ماوەیە تاوەكو نزیك كاتژمێر شەشی ئێوارە لە پەیوەندیدابووین لەگەڵیان و بڕیار بوو ئێوارە بگەڕێنەوە هەولێر، بەڵام بەداخەوە لەو كاتەوە ژمارە مۆبایلەكانیان داخرایە و هیچ وەڵامێكیان نییە".

 




Dengnet.net - 2024
دروستکراوە لەلایەن کۆمپانیای (کۆدتێك)ەوە
ژمارەی سەردان 2,091,756     ژمارەی میوان 1235