دەنگ نێت
کونسوڵی گشتی ئەمریکا لە هەولێر و نوێنەری ژمارەیەک میدیای ئەهلی کۆبونەوە و کاری میدیای ئەهلی و فشار و هێرشە ئەلیکترۆنیەکانی سەر میدیا بابەتی سەرەکی دیدارەکە بو، کونسوڵی گشتی ئەمریکا پشتیوانی خۆی بۆ میدیاکان راگەیاند و هەوڵەکانی بەرزنرخاندن.
لە ئۆفیسی سەرەکی کونسوڵخانەی گشتی ئەمریکا لە شاری هەولێر، هەفتەی رابردو بەرێوەبەر و سەرنوسەری ژمارەیەک لە میدیای ئەهلی و ئازاد لە هەرێم کە رادیۆی دەنگیشی تێدا بو، لەگەڵ: رۆبەرت پالەدینۆ، کونسوڵی گشتی ئەمریکا و شاندێکی بەشی سیاسی و پەیوەندیەکانی کونسوڵخانە کۆبونەوە و بە وردی باسیان لە دۆخی میدیا لە هەرێمی کوردستان بە گشتی و میدیای ئەهلی و ئازاد بە تایبەت کرد، لەگەڵ ئەو رێگری و فشارانەی بۆ کاری میدیا دروست دەبن کە نوێترینیان فشار و هێرشی ئەلیکترۆنی سەر میدیایە و بوەتە مەترسیەکی جدی لەسەر ئازادی رادەربڕین.
پالەدینۆ، وێرای دەستخۆشی لە کاری میدیای ئەهلی و ئازاد لە هەرێمی کوردستان، خۆشحاڵی خۆی دەربڕی بەو هەماهەنگیەی لە نێوان میدیا ئازاد و ئەهلیەکاندا دروستبوە و بە ستایشەوە باسی لە کۆبونەوە و بەیاننامەکانی مانگی رابردوی ئەو میدیایانە کرد و هۆکاری بانگهیشتەکەشی گێرایەوە بۆ کاریگەریی ئەو هەماهەنگی و بەیاننامەیەی کە بڵاوکرایەوە لەبارەی مەترسیەکانی سەر میدیا و ئازادی رادەربڕین.
لەبەشێکی دیدارەکەدا بە وردی باس لە چۆنێتی و جۆری ئەو هێرشە ئەلیکترۆنی و سایبەریانە کرا کە دەکرێنە سەر میدیاکان و فشارەکان زیاد دەکەن، کونسوڵی گشتی سەرسوڕمانی خۆی نیشاندا بە بونی ئەو هەمو فشارە سیاسی و مادی و ئەلیکترۆنیەی لەسەر میدیا هەیە و پشتیوانی خۆی و وڵاکەی بۆ ئازادی میدیا دوپاتکردەوە و بەڵێنی بەدواداچونی بۆ گرفتەکان دایە بەرپرسانی میدیاکان.
دیداری میدیا ئەهلی و ئازادەکان لەگەڵ کونسوڵی گشتی و شاندی کونسوڵخانە لەدوای کۆبونەوەی بەرپرسانی میدیاکان هات لە مانگی رابردودا کە لەشاری سلێمانی ئەنجامدرا و تیایدا باس لە هێرشە ئەلکترۆنیەکانی سەر میدیاکان کرا، کە دوای کۆبونەوەکە تیمێکی هەماهەنگی پێکهێنرا و بەیاننامەیەک بۆ رایگشتی و لایەنە پەیوەندیدارەکان و کونسوڵخانە و نوێنەرایەتی وڵاتان بڵاوکرایەوە و تیایدا بە وردی مەترسی سەر میدیاکان خرانەڕو.