ده‌رباره‌   په‌یوه‌ندی
کۆمپانیاکان دەرمان بە ناوەندە تەندروستیەکانی سنوری سلێمانی نافرۆشن

2022/02/07 - 03:25 | 766 جار بینراوە    
 
دەنگ نێت
 
کۆمپانیاکانی بواری دەرمان و پێداویستی پزیشکی لە سنوری سلێمانی، رایدەگەیەنن چیتر بەشداریی تەندەری وەرگرتنی دابینکردنی دەرمان و پێداویستی پزیشکی حکومیی ناکەن، ھۆکارەکەشی دەخەنە ئەستۆی وەزارەتی دارایی.
 
لە راگەیەنراوێکدا کە وێنەی دەست رادیۆی دەنگ کەوتوە، ئەو کۆمپانیایانە ئاماژەیان بەوەداوە ئەو رێوشوێنانەی کە وەزارەتی دارایی بۆ وەرگرتنی تەندەری دەرمان و پێداویستی پزیشکی گروتویەتیەبەر، زیانی زۆری بۆیان ھەیە و بەشێوەیەک کە خۆیان بە "دەستبەسەراگرتنی پارەکانمان لە بانک" ناوی دەبەن.
 
ئەم ھەنگاوە مەترسی ئەوەی لێدەکرێت کە نەخۆشخانەکانی سنورەکە بێ دەرمان و پێداویستی پزیشکی ببن، ئەمەش خودی کۆمپانیاکان جەختی لێدەکەنەوە و ئۆباڵی ئەمەش بە تەنیا دەخەنە ئەستۆی وەزارەتی دارایی.
 
بەپێی زانیارییەکانی رادیۆی دەنگ، رێکارەکانی وەزارەتی دارایی بۆ دابینکردنی تەندەری دەرمان و پێداویستی پزیشکی بۆ ناوەندە تەندروستییە حکومیەکان بەشێوەیەکە، کە ھەمو پارەی تەندەرەکان نادات، بەڵکو بە قیستی مانگانە ئەو پارەیە دەدات، کە پێشتر مانگانە تەنھا ٢٪‏ی کۆی پارەی تەندەرەکانی خەرج دەکرد و دواتر کردی بە ٢٠٪‏، ئەمەش وایکردوە زۆربەی کۆمپانیاکان لە وەرگرتنی تەندەر سارد ببنەوە بەوپێیەی خەرجکردنی شایستە داراییەکانیان کاتێکێ زۆر دەبات.
 
 



Dengnet.net - 2024
دروستکراوە لەلایەن کۆمپانیای (کۆدتێك)ەوە
ژمارەی سەردان 1,721,037     ژمارەی میوان 3117