ده‌نگ نێت
به‌ڕێوه‌به‌ری به‌نداوی ده‌ربه‌ندیخان رایده‌گه‌یه‌نێت: ئێران به‌ته‌واوه‌تی سه‌رچاوه‌ی ئاوی ڕووباری سیروانی وشككردوه، هاوكات ئه‌و وڵاته ره‌دی ده‌كاته‌وه له‌سه‌ر ئه‌و پرسه له‌گه‌ڵ عێراق دابنیشێت.
ره‌حمان خانی، بۆ ده‌نگی ئه‌مه‌ریكا وتی: له‌ماوه‌ى 60 ساڵی ته‌مه‌نى به‌نداوه‌كه‌دا، ساڵی پار كه‌مترین داهاتی ئاوی هه‌بوه، چونكه ئه‌و ئاوه‌ی له ئێرانه‌وه ده‌هات به‌ته‌واوه‌تی بڕدرابو، ئه‌مساڵیش دوو مانگ به‌سه‌ر وه‌رزی باران بارین تێپه‌ڕیووه، 60%ی ساڵی پار باران باریوه و 40% ئاومان له‌سه‌رچاوه‌كانه‌وه بۆ هاتوه.
جه‌ختیشیكردووه: "ئه‌گه‌ر بارانیش ببارێت، ئێران سه‌رچاوه‌كانی ئاو به‌رنه‌داته‌وه، ناتوانین قه‌یرانی كه‌م ئاوی چاره‌سه‌ر بكه‌ین."
ئه‌مه له كاتێكدایه حكومه‌تی عێراق چه‌ندین مانگه له‌سه‌ر گرفتی ئاو داوای گفتوگۆی راشكاوانه له ئێران ده‌كات، به‌ڵام ئێرانیه‌كان ئاماده نه‌بون و مه‌رجی رێككه‌وتنیان هه‌بووه له‌سه‌ر بنه‌مای رێكه‌وتنامه‌ی جه‌زائیری ساڵی 1975، كه به‌شێكی رێككه‌وتنامه‌كه په‌یوه‌سته به‌ئاوه‌وه، له‌كاتێكدا كاتی خۆی عێراق رێككه‌وتنه‌كه‌ی ره‌تكردوه‌ته‌وه.
به‌وته‌ى به‌ڕێوبه‌رى به‌نداوى ده‌ربه‌ندیخان، دۆخه‌كه به‌مشێوه‌یه‌ى ئێستا به‌رده‌وام بێت، زیانمه‌ندى سه‌ره‌كی كشتوكاڵ ده‌بێت كه چیتر ناتوانرێت كشتوكاڵ به‌و بڕه ئاوه بكرێت، چونكه وه‌كخۆی وتى: ته‌نها به‌شى ئاوی خواردنه‌وه و باخداری و به‌كارهێنانى ماڵان ده‌كات.