داواى گۆڕینى نوێنه‌رى داواکاری گشتی له‌ دۆسیه‌ى راگیراوانى بادینان ده‌كرێت

2021/09/08 - 05:42 | 886 جار بینراوە    
 
ده‌نگ نێت
 
ئه‌مڕۆ جارێكى دیكه‌ دانیشتنی دوەمی پێنج چالاکەوانى سنوری پارێزگای دهۆک، لەسەر پێشنیاری نوێنەری داواکاری گشتی دواخرا بۆ ٦ی ١٠ی ٢٠٢١، شه‌ش په‌رله‌مانتاریش داواى گۆڕینى نوێنه‌رى داواكارى گشتى ده‌كه‌ن.
 
به‌پێی راگه‌ینراوێكى شه‌ش په‌رله‌مانتار ئاماژه‌یان به‌وه‌كردوه‌: دواخستنى دانشتنه‌كه‌ پێچەوانەی مافە بنەڕەتییەکانی دەستگیرکراوانەو زنجیرەیەکی تری ستەمە بەرانبەریان، چونکە نوێنەری داواکاری گشتی ئەندامی هەمیشەیی دادگای ٢ی تاوانەکانی هەولێرەو پێشتر دۆسیەی ئازادیخوازانی راگیراوی چوەتە بەردەست و دەبو خۆی بۆ دادگاییەکە ئامادە بکات و وردبینی خۆی بکات، بەڵام بەداخەوە زۆر بە ئاسانی پێشنیاری دواخستنەکەی لەلایەن دادگاوە پەسەندکرا.
 
باسیان له‌وه‌شكردوه‌: دۆخی خراپی دەرونی و جەستەیی دەستگیرکراوان پێ دەنێتە ساڵێکی تەواو هێشتا چارەنووسیان نادیارە لە کاتێکدا ئێمەو هەمو ئازادیخوازی هەرێم چاوەڕێی کۆتایهێنانی ئەم ستەمەین.
 
ئه‌و شه‌ش په‌رله‌مانتاره‌ داواش ده‌كه‌ن، سەرۆکایەتی داواکاری گشتی ئەو نوێنەرەی خۆی لە دادگای ناوبراو بگۆڕێت و نوێنەرێکی تر دەستنیشان بکات کە بتوانێت بە ئەرکە یاساییەکانی هەستێت.
 
 
ده‌قى رونكردنه‌وه‌كه‌
ڕوونکردنەوەیەک بۆ ڕایگشتی
 
ئەمڕۆ، دانیشتنی دووەمی پێنج چالاکەوان و ئازادیخوازی سنوری پارێزگای دهۆک، لەسەر پێشنیاری نوێنەری داواکاری گشتی لە دادگاییەکە دواخرا بۆ ٦ی ١٠ی ٢٠٢١، ئەگەرچی داواکارییەکەو دواخستنی دادگاییەکە بەرگێکی یاسایی هەیە، بەڵام پێچەوانەی مافە بنەڕەتییەکانی دەستگیرکراوانەو زنجیرەیەکی تری ستەمە بەرانبەریان، چونکە نوێنەری داواکاری گشتی ئەندامی هەمیشەیی دادگای ٢ی تاوانەکانی هەولێرەو پێشتر دۆسیەی ئازادیخوازانی ڕاگیراوی چووەتە بەردەست و دەبوو خۆی بۆ دادگاییەکە ئامادە بکات و وردبینی خۆی بکات، بەڵام بەداخەوە زۆر بە ئاسانی پێشنیاری دواخستنەکەی لەلایەن دادگاوە پەسەندکرا، بەمەش دۆخی خراپی دەروونی و جەستەیی دەستگیرکراوان پێ دەنێتە ساڵێکی تەواوو هێشتا چارەنووسیان نادیارە لە کاتێکدا ئێمەو هەموو ئازادیخوازی هەرێم چاوەڕێی کۆتایهێنانی ئەم ستەمەین.
 
هەر بۆیە لێرەوە داوا دەکەین سەرۆکایەتی داواکاری گشتی ئەو نوێنەرەی خۆی لە دادگای ناوبراو بگۆڕێت و نوێنەرێکی تر دەستنیشان بکات کە بتوانێت بە ئەرکە یاساییەکانی هەستێت.
 
هەروەها دەمانەوێت بۆ هەموو لایەکی ڕوونبکەینەوە کە هەر ئەمڕۆ بەمەبەستی بینینی دەستگیرکراوان سەردانی ئاسایشی گشتی هەولێرمان کرد، بەڵام بە پاساوی نەبوونی تەنسیق ڕێگەیان نەدا ئەو دەستگیرکراوانە ببینین کە یەک ساڵی تەواویشە ڕێگە بە کەس و کاریان نادرێت بە پێی یاسا بەرکارەکانی هەرێم کەس و کاریان بیان بینێت.
 
ئێمە کە لە نزیکەوە ئاگاداری دۆسیەو شاهیدو وتەی دەستگیرکراوانین، پێمان وایە ئازادیخوازو ڕۆژنامەنووس و چالاکەوانانی پارێزگای دهۆک بێ تاوانن و هیچ بەڵگەیەک نیە کە هیچ تۆمەتێکیان لەسەر ساغ بکاتەوەو دەستگیرکردنەکە هەر لە قۆناغی تۆمەتبارکردن تا دادگاییکردن پێشێلکارییە بەرانبەر بە مافە بنەڕەتییەکانی مرۆڤ و پێچەوانەی ئازادی و ئازادی بیروڕایە.
 
لەگەڵ ڕێز
ئەندامانی پەرلەمان
 
١- شیرین ئەمین.
٢- مژدە مەحمود.
٣- هەڵز ئەحمەد.
٤- د.شایان کاکە ساڵح.
٥- سیپان ئامێدی.
٦- عومەر گوڵپی.
 
٨ی ٩ی ٢٠٢١



Dengnet.net - 2023
دروستکراوە لەلایەن کۆمپانیای (کۆدتێك)ەوە
ژمارەی سەردان 1,371,235     ژمارەی میوان 40