ده‌رباره‌   په‌یوه‌ندی
میسی بۆ رۆیشت؟

2021/08/09 - 06:34 | 822 جار بینراوە    
 
رەوەز ئەحمەد
 
هێشتا دەستم بە نوسین نەکردوە ، دەزانم کە زۆر دەبێت، بەڵام پێتان دەڵێم لەگەڵی بڕۆن، بۆ ئەوەى هیچ پرسیارێک نەمێنێت، وەڵامەکەیت دەست نەکەوێت.
هەوڵ دەدەم بەش بەش باسی کێشەکان و نهێنییەکانی رۆیشتنی میسی بکەم.
 
کێشەکە چییە؟
گوێمان لە لاپۆرتا بوو کە وتی ئێمە دەمانویست میسی بمێنێتە، گوێشمان لە میسی بوو کە وتی هەموو شتێکم کرد لە پێناو مانەوە، ئەى بۆ رۆیشت؟
لە ناوخۆی ئیسپانیا یاسایەکی یاریی خاوێن هەیە و یانەکان ناچار دەکات ساڵانە موچەى یاریزانەکانیان نەگاتە لەسەدا 70ی داهاتیان.
ئەم یاساییە ئاساییە و هیچ کێشەیەکی نەبوەو هەموو ساڵێک ئیشی پێکراوە، بەڵام لەبەرئەوەى داهاتی بەرشەلۆنە ساڵانە هێندە زۆر بووە، هەرگیز ئەو یاسایە نەیگرتۆتەوە، تەبعان ئەمە بۆ ریاڵ و ئەتلەتیکۆش هەر هەبوە.
بەڵام وەرزی رابردوو بەهۆی کۆرۆناوە، بەرشەلۆنە و ریاڵ و ئەتلەتیکۆ کۆمەڵێک زیانی زۆریان بەرکەوتوە ، بۆ نمونە بەرشەلۆنە پارەى بلیتی نەبوە، فرۆشی درێسی کەم بۆتەوە، سەردانیکەری مۆزەخانەکانی کەمبۆتەوە، سپۆنسەرەکان بەهۆی کەمی داهاتیانەوە، ئەوانیش پارەى کەمتریان داوەتە بەرشەلۆنە، پارەى پەخش کەمبۆتەوە، هەمووئەمانە کە کەمبونەتەوە، لە ئەخیرا داهاتی بەرشەلۆنەی لە ساڵێکدا کەمکردۆتەوە.
بەوەش ئێستا موچەى سەرجەم یاریزانەکانی بەرشەلۆنە بۆ یەک ساڵ، زیاترە لە  داهاتی یانەى بەرشەلۆنە بۆ یەک ساڵ، بەوەش راستەوخۆ یاساکەى یەکێتیی تۆپی پێی ئیسپانیا ئەکتیڤ دەبێتەوە.
 
بەرشەلۆنە دەبوو چی بکات؟
بەرشەلۆنە ئەگەر موچەى میسی درێژ بکردایەتەوە، کۆی موچەى ساڵانەکەى دەبوە لەسەدا 110ی داهاتی یانەکە، کە ئەوەش نایاساییەو یانەکەى روبەروی سزا دەکردەوە، کە دور نەبوو بخرێتە پلە دوو، بۆیە دوو بژاردەى لەبەردەم بوو، یان ئەوەتا شەش بۆ حەوت یاریزانی موچە زۆر بفرۆشێت یان ئەوەتا میسی کە زۆرترینە  و موچەکەى لانی کەم بایی پێنج یاریزانە، بیفرۆشێت، ئەمەى دووەمی هەڵبژارد.
تەبعان بەرشەلۆنە پێشتر داواى لە سەرجەم یاریزانەکان کردبوو کە موچەى ساڵانەکەیان کەمبکەنەوە، تەنها پیکێ رازی بوبو بە کەمکردنەوەى، ئەوەش هێندەى تر قەیرانەکەى زیاتر کرد.
 
میسی بۆ پارە رۆیشت؟
بە بێ هیچ کێشەیەک و بێ ئەمسەر و ئەوسەر، میسی خۆی بە رونی وتی کە مەسەلەکە پارە نەبوە و ئیدارەى بەرشەلۆنە وتویەتی لەسەدا 30 کەم بکەرەوە، من لەسەدا 50 کەمم کردۆتەوە، بەڵام کێشەکە بەوە چارەسەر نەدەبوو، لاپۆرتاش هەمان قسەى کرد و وتی بەراستی میسی هەمو شتێکی کرد بۆ ئەوەى هاوکاریمان بکات بەڵام هەر نەمانتوانی وا بکەین کە یاساکە ئەکتیڤ نەبێت.
دۆخەکە لەدەسەڵاتی کەسدا نەبوو، من پێتان دەڵێم، ئەمەى رویدا کۆرۆنا هۆکاری سەرەکی بوو.
دەتوانین بڵێین کۆرۆنا میسی لە بەرشەلۆنە دورخستەوە.
ئەگەر میسی بۆ پارە برۆیشتایە ، دەبوو لایەنی بەرامبەر هەبێت پارەیەکی زۆرت پێ بدات تۆ ناچار بیت بۆندەکەت نوێ نەکەیتەوە.
بۆ نمونە فینالدۆم لەنێوان بەرشەلۆنە و پاریس، ئەمەى دووەمی هەڵبژارد، زۆرێک رەخنەى ئەوەیان لێگرت کە ئەو لەبەر پارە پاریسی هەڵبژاردوە.
واتە تۆ دەبێت بژاردەو بێتە بەردەم بڵێت من موچەى زیاتر و سپۆنسەری زیاترت دەدەمێ ، تۆش گرێبەستی ئەملا نوێ نەکەیتەوە، لەپێناو پارەکەى ئەولا برۆیت.
 
میسی دەیتوانی بێ پارە یاریی بکات؟
بەڵێ دەتوانێت، بەڵام من پرسیارێک لە تۆ دەکەم، تۆ میسی بیت و ساڵانە 100 ملیۆن یۆرۆ وەربگریت، رازیت دوو سێ ساڵ بێ پارە یاریی بکەیت؟
خۆی لە راستیدا ئەم کێشەیەى میسی لەگەڵ بەرشەلۆنە بە یەک وەرز چاک نەدەبوو، واتە ئەم وەرزەش میسی بە بێ موچە یاریی بکردایە، هێشتا کێشەکە دەمایەوە و پێویستی بە دوو بۆ سێ وەرز دەبێت بۆ چارەسەر.
بۆیە بە یەک وەرز چارەسەر نەدەبوو، بەدەر لەوەش، ئەکرێ میسی لە 100 ملیۆن یۆرۆوە ئامادە بێت بە بێ موچەى ساڵانە یاریی بکات، کەچی کۆتینیۆ 16 ملیۆن یۆرۆ موچەى ساڵانە وەربگرێت و لەسەر کروسی یەدەگ بێت؟ یان ئۆمتیتی 12 ملیۆن یۆرۆ موچەى ساڵانە وەربگرێت و هەمیشە پێکان بێت؟
هەندێ شت هەیە ئەبێ مەنتیقی بیری لێ بکەینەوە، ئیدارەى بەرشەلۆنە وتویەتی لەسەدا 30 کەمکەرەوە و یاریزانەکانی تریش کەمی دەکەنەوە، بەڵام میسی لەسەدا 50 کەمی کردۆتەوە.
 
خەتاى تیباس بوو؟
نەخێر خەتاى تیباس نییە، ئەو سەرۆکی رابیتەى لا لیگایە و کۆمەڵێک یاسا و رێسای هەیە کە پێویستە هەموو یانەکان پێوەى پابەند بن، کە دۆخێکی لەو جۆرە دروست دەبێت ناکرێت لە پێناو یەک یاریزان بیگۆرن، خۆ ئەگەر چاکسازیان لە یەک یاسادا بکردایە، دەتوانرا میسی بهێڵرێتەوە، بەڵام نەکرا.
 
بە رۆیشتنی میسی کێ زەرە دەکات؟
میسیش و بەرشەلۆنەش لەم روداوەدا زەرەریان کرد، بەڵام باری ئابوری و کێشەى دارایی دۆخەکەى خوڵقاندوەو دەسەڵاتی کەسی تیا نەبوە.
میسی ئەگەر بچێتە فەرەنسا، بە دڵنیاییەوە خولی فەرەنسی دەبوژێنێتەو و ساڵی داهاتوو چاوی زیاتر لەسەر ئەو خولە دەبێت و دڵنیاشتان دەکەمەوە ئیتر ئەستێرەکان رو لەو خولە دەکەن.
میسی لە هەرشوێنێک بێت چاوی کامێراکانیش لەوێن، بۆ ئەم تەمەنەشی خولی فەرەنسا باشترە و گەر لە ئیسپانیا بتوانێت دوو ساڵی تر یاریی بکات لەوانەیە لە فەرەنسا بتوانێت چواری تر یاریی بکات.
بەرشەلۆنە زیانی زۆری بەردەکەوێت بە رۆیشتنی میسی، کۆمپانیاکانی راکۆتین و نایک کە سپۆنسەری بەرشەلۆنەن لەبەر میسی پارەیەکی زۆریان داوە بەڵام ئێستا داواى داشکاندن دەکەن.
رێژەى سەردانیکەری مۆزەخانەکانی بەرشەلۆنە و فرۆشی بلیتی یارییەکان و رێژەى ئامادەبونی هاندەران بە دڵنیاییەوە گۆرانکاری بەسەردا دێت.
دواى رۆیشتنی میسی چیتر بەرشەلۆنە لە ریزبەندی پێشەوەى ئەو یانانە نابێت کە زۆرترین فرۆشی درێسیان هەبوە.
 
ئایا میسی بێ وەفا بوو؟
بابەتی رۆیشتنی میسی پەیوەندی بە وەفا و بێ وەفاییەوە نەبوو، زۆر بە رونی دەڵێت پار ویستم برۆم بەڵام ئەمساڵ ویستم بمێنمەوە، زۆر بە رونی دەڵێت هەمو شتێکم کرد بۆ مانەوە، تەنانەت ئەمە لاپۆرتاى سەرۆکیش وتی، بەڵام کێشەکە یاساکەى یەکێتیی تۆپی پێی ئیسپانیا بوو، ئەمە وازحە.
 
لەدەرگاى پشتەوە رۆیشت؟
نەخێر ، لەبەرکۆرۆنا هەندێ شت گۆراوە، دەنا وەک ئەوەى ئینێستا و چاڤی بۆ دەکرا، چونکە هەمومان دەزانین ئەگەر لە ئینێستا و چاڤی زیاتر نەکردبێت، کەمتری نەکردوە.
 
هەنگاوی دواتر
میسی بە رێژەیەکی زۆر بەرەو پاریس دەروات، وەرزی داهاتوو خولی فەرەنسی لە ئیسپانی زیاتر چاوی لەسەر دەبێت، چاوەرێی کات بکەن و بزانن چی دەگۆڕێت، تەنها یەک تۆز تەحەمولی دەوێت.
ئەگەریش چامپیۆنزلیگ لەگەڵ پاریس بباتەوە، ئەوە تۆپێکی تر بەرێوەدەبێت.
کە ئەو پێکهاتەیەى پاریس پێیەتی، هی ئەوەیە چامپیۆنز لیگ بباتەوە.
 
 



Dengnet.net - 2024
دروستکراوە لەلایەن کۆمپانیای (کۆدتێك)ەوە
ژمارەی سەردان 1,704,991     ژمارەی میوان 953