دادگایی ٢ چالاکوانەکەی بادینان لە زاری شایەتحاڵێکەوە

2021/07/29 - 01:25 | 820 جار بینراوە    
 
دەنگ نێت
 
پارلەمانتار: شایان عەسکەریی، کە بەشداریی لە دانیشتنی ئەمڕۆی دادگاییکردنی ٢ چالاکوانی بادینان: بەدەل بەرواری و شڤان بەرۆشکی کردوە، وردەکاریی دانیشتنەکە لە بابەتێکدا دەگێڕێتەوە.
 
دەقی بابەتەکەی شایان عەسکەریی:
 
ئەمرۆ دادگای ھەولێر دادگایی کردنی بەڕێزان مامۆستا بەدەل بەرواری و شڤان حاجی بەڕوشکی، دوای وەرگرتنی ووتەی شاھێدەکان دواخرا، کە بەڕێزان شێروان شێروانی، شڤان سعید بەڕوشکی ، ئەیاز کەرەم، گوھدار زێباری و ھاریوان عیسایان کردبوو بە شاھێد لەسەریان، لەگەڵ ھەواڵدەری نھێنی ژمارە ٥٠ ( کەس نازانێ کێیە ڕەنگە ھەر بوونیشی نەبێت) ،کەسێکی تر کە سیخوری کردبوو بەسەریانەوەو لە کەیسی شێروان شێروانی و ھاورێکانیشی ئیفادەی دابوو و ئامادە نەبوو لە دادگا، ھەروەھا دوو کەسی دیکە بەڵام ئەو دووانە نە ئامادە بوون و نە ئیفادەی شاھیدیان  خوێنرایەوە بەھۆی ئەوەی دەسگیرکرابوون، بۆیە دواخرا تا بانگھێشت بکرێن و شاھیدی بدەن. 
 
پێنج شایەدە شێرەکەی بادینان ئەو ئیفادانانەیان ڕەت کردەوە کە بەناوی ئەوان خوێنرایەوە وەکو شایەد.
 
نوێنەری ئەنجومەنی ئاسایش داوای کرد کە دادگا واژووی شێروان شێروانی بنێرێت بۆ بەڵگەی تاوان تا بیسەلمێنن ئەوە واژووی ئەوە یا نا؟ چونکە گەر واژووی ئەوی لەسەر بێت و ئینکاری ئیفادەکەی بکات، دادگا و پرۆسەی دادگایی دەکەوێتە ژێر پرسیارەوە.
 
شێروان شێروانی ووتی: من ڕەنگە ٥٠ وەرەقەم پێ ئیمزا کرابێت لەژێر ھەڕەشەی خێزانی و لێدان، و بێ ئەوەی ئیفادەشم بۆ خوێنرابێتەوە پێیان ئیمزا کردووم، پرسیارم لە نوێنەری داواکاری گشتی کردووە مافم ھەیە ئیفادەکە بخوێنمەوە پێش ئەوەی ئیمزای کەم؟ خۆی لێ تووڕە کردووم و ووتویەتی بڕوات بە ئێمە نیە؟ ووتوومە: نەخێر.
 
ئەیاز کەرەم ھەر لە ھۆڵی دادبینی ڕووی کردە نوێنەری ئەنجوومەنی ئاسایش و ووتی ئێوە بە زەبری ھەڕەشە ئیفادەتان لێ وەرگرتووم، ئەوانیش چاویان خستبووە چاوی و پێدەکەنین!
 
شڤان حاجی بەڕوشکی کە ئەمرۆ دادگایی دەکرا لە کاتی چوونە دەرەوە ھاواری کرد ساڵێکە پارێزەرم نەبینیوە.
 
لێرەوە وەڵامی من بۆ نوێنەری ئەنجومەنی ئاساییش ئەوەیە: ئایا کە زۆربەی شێرەکانی بادینان ساڵێک پارێزەری خۆیان نەبینن، ئێوە ناکەونە ژێر پرسیارەوە!!!
ئایا کە بەزەبری ھەڕەشە و لێدان ئیفادەیان لێ وەردەگرن، ئێوە ناکەونە ژێر پرسیار!
 
ئایا کە ناھێڵن کەس و کاریان بیانبینن، ئێوە ناکەونە ژێر پرسیار!
ئەرێ لە خۆتان پرسیوە کە بە تۆمەتی گروپی وەتس ئەپ و مەسنجەر و پەیج ساڵێکە ئەوانتان دەسگیر کردووە، دەکەونە ژێر پرسیار یا نا؟!
 
 



Dengnet.net - 2024
دروستکراوە لەلایەن کۆمپانیای (کۆدتێك)ەوە
ژمارەی سەردان 1,664,485     ژمارەی میوان 630