ده‌رباره‌   په‌یوه‌ندی
"دەسەڵاتداران ملیۆنان دۆلار بۆ بینینی دیپلۆماتکاران دەدەن و چالاکوانانی بادینانیشی لەسەر سزا دەدات"

2021/05/06 - 05:26 | 667 جار بینراوە    
 
دەنگ نێت
 
رۆژنامەنوسێک رەخنە لە بڕیارەکەی دادگای تێھەڵچونەوە دەگرێت کە سزای سەر 5 چالاکوان و رۆژنامەنوسەکەی بادینانی پەسەند کرد، دەشڵێت: یەکێک لە تۆمەتەکانی سەریان ئەوە بوە کە سەردانی کونسوڵخانەیان کردوە کەچی دەسەڵاتداران خۆیان ملیۆنان دۆلار دەدەن بۆ بینیان.
 
ئەمڕۆ وێنەی فەرمانی بڕیارێکی سەرۆکایەتی دادگای پێداچونەوەی ھەرێم بڵاوکرایەوە کە تیایدا پەسەندی حوکمی دادگای تاوانەکانی ھەولێر٢ دەکات دژ بەو 5 چالاکوان و رۆژنامەنوسەی بادینان کە یەکی بە 6 ساڵ زیندانی حوکم درابون.
 
رۆژنامەنوس: کەمال چۆمانی، لەوبارەوە نوسیویەتی: چەند رۆژ پێش ئێستا نوێنەرایەتیی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە ئەمریکا -رونتر نوێنەرایەتیی پارتیی- دیدارێکی ئۆنلاینی رێکخست کە تێیدا مەسعود بارزانی و فازیل میرانی و هۆشیار زێباریی لە کورد قسەیان کرد و سوپاسی پشتیوانیی کۆمەڵگای نێودەوڵەتییان کرد لە ١٩٩١، کەچی مەسرور بارزانیی لەسەر دانیشتن لەگەڵ کۆنسوڵخانەی ئەڵمانیا و رێکخراوە ئەمریکییەکان ئازادیخوازان دەخاتە زیندانەوە.
 
یەکێک لەو تۆمەتانەی کە ئاراستەی سزاداراوانی بادینان کرا و وەکو تاوان لەسەریان ھەژمار کرا، سەردانکردنیان بوە بۆ ژمارەیەک کونسوڵخانە.
 
کەمال چۆمانی، لەمبارەوە دەڵێت: خۆیان ملیۆنان دۆلار سەرفدەکەن تا دیپلۆماتکارێک ببینن و فۆتۆیەکی لەگەڵ بگرن، کەچی بۆ ئازادیخوازان تاوانە.
 
باس لەوەش دەکات 'پشتیوانیی نێودەوڵەتیی نەبوایە دو سێ چەتەی داعش دەگەییشتنە سەری رەش، کەچی پشتیوانیی نێودەوڵەتیی بۆ ئازادیی قسەکردن و حوکمی قانون تاوانە'.
 
پێیشیوایە ئەم بیرکردنەوەیە خودی مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی ھەرێمی کوردستانی لەپشتە کە بەوتەی خۆی ئەم بیرکردنەوە و عەقڵیەتە 'کوردستان بەرەو تاریکستان دەبات'.
 
 



Dengnet.net - 2024
دروستکراوە لەلایەن کۆمپانیای (کۆدتێك)ەوە
ژمارەی سەردان 1,715,375     ژمارەی میوان 1456