ده‌رباره‌   په‌یوه‌ندی
بەڕێوبەری چاوێریی کۆمەڵایەتی گەرمیان: ئەو پرۆژەیەی بەناوی کەمئەندامان دروستدەکرێت لە خزمەتی ئەو توێژ

2024/07/03 - 08:46 | 324 جار بینراوە    
 
دەنگ نێت
 
پڕۆژەیەکی نیشتەجێبونی هەزار یەکەیی بۆ کەمئەندامان دروستدەکرێت لەگەرمیان، بەڕێوبەری چاودێریی و گەشەپێدانی کۆمەڵایەتی سنورەکەش دەڵێت: پڕۆژەکە بۆ خزمەتی کەمئەندامان نیە و داوامان کردوە رابگیرێت، سەرپەرشتیاری پرۆژەکەش دەڵێت: ئێمە لەگەڵ ٣ رێکخراوی تایبەت بە کەمئەندامان کۆنوسمان کردوە.
 
پڕۆژەی نیشتەجێبونی هیوا سیتی، دەکەوێتە سەر شەقامی پشتێنەیی کەلار، لە هەزار یەکەی نیشتەجێبون پێکدێت و بڕیارە بەشێکی بۆ کەمئەندامان بێت و بۆ سێ توێژ تەرخانبکرێت کە ئەوانیش (نابینا، کورتەباڵا و تالاسیما)ـن.
 
ژیلوان عادل، بەڕێوبەری گشتی چاودێریی و گەشەپێدانی کۆمەڵایەتی گەرمیان، بە رادیۆی دەنگی وت: ئەو مەرجانەی کە کۆمپانیاکە دایناوە بۆ شێوازی پێدانی قیستەکانیان، ئێمە بەوە ناڕازین، لەبەرئەوەی هەستدەکەین ئەو پارەیە زۆرە و کەمئەندام و خاوەنپێداویستی تایبەت کە موچەکەیان کەمە، پێیان نادرێت. 
 
دەشڵێت: ئەو پڕۆژەمان رەدکردوەتەوە و نوسراوی فەرمیمان کردوە بۆ دەستەی وەبەرهێنان و ئیدارەی گەرمیان و  بەڕێوبەرایەی گشتی وەبەرهێنان، داوامان کردوە ئەو پڕۆژەیە رابگیرێت، چونکە خزمەت بە بەکەمئەندام و خاوەنپێداویستی تایبەت ناکات. 
 
باسی لەوەشکرد: هیچ کەمئەندامێک لە رێگەی ئێمەوە سودی لە پڕۆژەکان نەبینیوە،  چونکە دەبێت بەلیژنە بێت و لیژنەکەش لەژێر سەرپەرشتی ئێمەدا بێت و بە پێی چەند پێوەرێک وەریبگرن، بەڵام تائێستا هیچ لیژنەیەک دروستنەکراوە. 
 
لەبەرامبەردا سەرپەرشتیاری کۆمپانیای جێبەجێکاری پرۆژەکە دەڵێت: سێ رێکخراوی تایبەت بەو توێژانەی کەسانی خاوەنپێداویستی تایبەت، رازین بە پرۆژەکە و واژویان کردوە. 
 
ئاکۆ محەمەد، بۆ رادیۆی دەنگ وتی: ئێمە کۆمپانیای ئەهلین و لەگەڵ ئەو رێکخراوانە کۆنوسێکمان واژوکردوە، فەرز نییە لەسەرمان پرۆژەکە بکەین، بەڵام لە خەمی کەمئەنداماندا کردومانە. 
 
وتیشی: ئێمە بە رەزامەندی کەمئەندامان قیستمان دیارییکردوە نەک بە ویستی کۆمپانیاکەمان، کەمئەندام چی ویستوە ئێمه ئەوەمان کردوە، بۆ نمونە خانوی کەمئەندامان لەگەڵ خەڵکی ئاساییدا ۱۰ هەزار دۆلار جیاوازی هەیە، قیستەکانیشیان ٦ ساڵ زیاترە لە خەڵکی ئاسایی.
 
دەشڵێت: ئەگەر قیستەکان بەموچەی کەمئەندامان دیاریی بکرایەن، ئەوا قیستەکان بە ۳۰ ساڵیش تەواو نەدەبون، بەڵکو ئەگەر بەگوێرەی موچەکانیان خانو بۆ کەمئەندامان دروست بکرێت، نەک کۆمپانیا، تەنانەت حکومەتیش لەتوانایدا نییە ئەوە بکات، بەڵام ئێمە شتێکمان کردوە جیاوازبێت لە هاوڵاتی ئاسایی.



Dengnet.net - 2024
دروستکراوە لەلایەن کۆمپانیای (کۆدتێك)ەوە
ژمارەی سەردان 2,004,612     ژمارەی میوان 665