ده‌رباره‌   په‌یوه‌ندی
هەڵبژاردنی کارگێڕانی لقی گەرمیانی پارتی دەبرێتە هەولێر

2024/06/30 - 09:54 | 337 جار بینراوە    
 
دەنگ نێت
 
بەهۆی بونی کێشە و ئاڵۆزییەوە، هەڵبژاردنی ئەنجومەنی کارگێڕیی لقی ٢٢ـی گەرمیانی پارتی دیموکراتی کوردستان لە بارەگای لقەکە لە کەلار ئەنجام نادرێت و دەبرێتە هەولێر.
 
بەپێی زانیارییەکانی رادیۆی دەنگ، بڕیارە سبەینێ هەڵبژاردنی ئەنجومەنی کارگێڕیی لقی ٢٢ـی گەرمیانی پارتی دیموکراتی کوردستان، لە بارەگای سەرکردایەتی کەرکوک/ گەرمیانی ئەو حزبە لە هەولێر ئەنجام بدرێت لە بری ئەنجامدانی لە بارەگای لق لە قەزای کەلار.
 
هەر بەپێی زانیارییەکان، ئەنجامدانی هەڵبژاردنی ئەنجومەنی کارگێڕیی لقی گەرمیان لە هەولێر، بەهۆی بونی شەڕ و ئاڵۆزیی و کێشەوە بوە کەوایکردوە نەتوانرێت تائێستا ئەنجام بدرێت، هەربۆیە بە بڕیاری لیژنەی باڵای هەڵبژاردنی سنورەکە، شوێنی ئەنجامدانی گوازراوەتەوە بۆ هەولێر و بڕیارە سبەی ئەو (٥٧) کادیرەی مافی دەنگدانیان هەیە بۆ ئەنجومەنی کارگێڕیی لق، بچنە بارەگای سەرکردایەتی کەرکوک/ گەرمیان لە هەولێر و لەوێ دەنگ بدەن.
 
زانیارییەکان ئاماژە بەوەشدەکەن، هێشتا گرنتی نییە سبەی هەڵبژاردنەکە بەڕێوەدەچێت، بەهۆی ئەگەری تەواونەبونی نیساب، چونکە بەشێک لە کادیرەکان نیگەرانن لە پرۆسەکە و دەیانەوێت بەشداریی نەکەن.
 
هەڵبژاردنی ناوخۆیی پارتی دیموکراتی کوردستان لە سنوری لقی گەرمیان، ئاڵۆزیی جۆراوجۆری بەخۆیەوە بینی، کە بوە هۆی پەکخستنی هەڵبژاردنەکە لە زۆر ناوچەی ئەو حزبەدا و هەروەک دواخستنی هەڵبژاردنی ئەنجومەنی کارگێڕیی لقەکە.
 
لەم لینکەوە راپۆرتێکی پێشوی دەنگ لەبارەی ئەو ناکۆکییانە بخوێنەرەوە.



Dengnet.net - 2024
دروستکراوە لەلایەن کۆمپانیای (کۆدتێك)ەوە
ژمارەی سەردان 2,130,547     ژمارەی میوان 1375