ده‌رباره‌   په‌یوه‌ندی
فێرخوازێک لە کفری: لەبەر چونە WC لە تاقیکردنەوەی ئەمڕۆ بێبەشکرام

2024/06/23 - 10:10 | 421 جار بینراوە    
 
دەنگ نێت
 
فێرخوازێک لە قەزای کفری دەڵێت: لەبەر ئەوەی رێگریم لێکراوە بچمە سەرئاو، بێبەشکراوم لە تەواوکردنی تاقیکردنەوەی ئەمڕۆ، مامۆستای چاودێریشی دەڵێت: کارەکە بە یاسا و رێنمایی کراوە و فێرخوازەکە خۆی رۆشتوەتە دەرەوە.
 
رێباز ریاز، فێرخوازی پۆلی ١٢ لە ئامادەیی فیدراڵ لە کفری، بە رادیۆی دەنگی وت: ئەمڕۆ لەکۆی ٥٠ پرسیار ٤٨ پرسیارم وەڵامدابوەوە و تەنها ئەوەی مابو نقڵی بکەمە سەر دەفتەری تاقیکردنەوە، بەڵام پێویستم بەوەبو بچمە سەرئاو، کەچی سەرپەرشتیاری هۆڵی تاقیکردنەوە رێگەی نەدام.
 
وتیشی: فێرخوازی تر لە هۆڵەکانی تر رێگەیان پێدرابو، بەڵام من تکام لە سەرپەرشتیارم کرد کە رێگەم بدات بچمە سەرئاو و دواتر وەڵامەکان تەواو بکەم، کەچی رێگەی نەدام.
 
باسی لەوەشکردوە: کە بینیویەتی رێگە بە فێرخوازی تر دراوە بۆ چونە سەر ئاو، ئەویش هەستاوە و رۆشتوەتە سەرئاو، بەڵام دواتر مامۆستاکە رێگەی نەداوە و بانگی کارمەندی ئاسایشی بۆ کردوە کردویانەتە دەرەوە.
 
بەوتەی خۆیشی، ئەو فێرخوازی سێ ساڵەیە و بەوهۆیەوە خۆی هێشتوەتەوە کە نمرەی باش بەدەستبهێنێت، ئەمڕۆش هەمو وەڵامەکانی راستبوە و تەنانەت داوایکردوە تەنها رێگەی بدەن وەڵامەکانی نقڵ بکاتە نێو دەفتەری تاقیکردنەوە، بەڵام رێگەی ئەوەشیان پێنەداوە و بێبەشکراوە، لەکاتێکدا بەوتەی خۆی وەڵامی هەمو پرسیارەکانی راست بوە.
 
لەبەرامبەردا، م. محەمەد حسێن، کە چاودێری هۆڵی ئەو فێرخوازە بوە، بە رادیۆی دەنگی وت: بەپێی رێنماییەکان، دوای دابەشکردنی پرسیار، فێرخواز بۆی نییە بە هیچ پاساوێک بەتایبەتی بۆ چونە سەرئاو، لە هۆڵی تاقیکردنەوە بڕواتە دەرەوە،
 
وتیشی: فێرخوازەکە وتویەتی رێگەم بدەیت و نەدەیت من هەر ئەڕۆمە دەرەوە، منیش پێم وت بچیتە دەرەوە دواتر ناتکەمە ژورەوە، کەچی ئەو هەر رۆشتە دەرەوە.
 
لەبارەی ئەوەی کارمەندی ئاسایش بۆ دەرکردنی فێرخوازەکە بانگ کراوە، ئەو مامۆستایە ئاماژەی بەوەکرد کە فێرخوازەکە هەرا و ژاوەژاوی دروستکردوە، بۆیە بانگی کارمەندی ئاسایشی بۆ کراوە بەمەبەستی بردنە دەرەوەی.
 
دەربارەی ئەوەی فێرخواز لە هۆڵی دیکە رێگەی چونە سەرئاوی پێدراوە، م. حسێن محەمەد، وتی: ئەوە پەیوەندی بە منەوە نییە و من یاسام جێبەجێ کردوە.
 
لایخۆشییەوە م. سەرحەد محەمەد- لێپرسراوی بەشی ئەزمونەکان لە بەڕێوبەرایەتی گشتی پەروەردەی گەرمیان، بە رادیۆی دەنگی وت: فێرخواز جارێک بچێت بۆ wc ئاساییە، بەڵام نەک زۆر دوبارەی بکاتەوە و دەبێت چاودێر و بەڕێوبەر رازی بن.
 
لەبارەی بونی رێنمایی بۆ قەدەغەکردنی دەرچونی فێرخواز لە هۆڵی تاقیکردنەوە بۆ چونە سەرئاو، جەختی کردەوە کە قەدەغەیە، بەڵام وەکخۆی وتی: ئەگەر  حاڵەتێکی تایبەت و پێویست دروستبو، دەتوانرێت رێگە بە فێرخوازەکە بدرێت، بەو مەرجەی چاودێرێک لەگەڵیدا بڕوات.



Dengnet.net - 2024
دروستکراوە لەلایەن کۆمپانیای (کۆدتێك)ەوە
ژمارەی سەردان 2,004,617     ژمارەی میوان 670