ده‌رباره‌   په‌یوه‌ندی
بڕیاری پێدانی زەوی بەو فەرمانبەرانی سودمەندبون لە پرۆژەکانی نیشتەجێبون ناڕەزایەتیی لێدەکەوێتەوە

2024/06/02 - 12:18 | 460 جار بینراوە    
 
دەنگ نێت
 
بەشێک لە مامۆستایان و فەرمانبەرانی گەرمیان ناڕازین لە بڕیارێکی حکومەت سەبارەت بە دابەشکردنی زەوی بەسەر ئەو فەرمانبەرانەی کە پێشتر سودمەندبون لە پرۆژەکانی نیشتەجێبون، پێیانوایە بڕیارەکە "نادادپەروەرانەیە".
 
بە پێی بڕیاری ئەنجومەنی وەزیران بە ژمارە ٢٤٢ لە رێکەوتی ٢٧/ ٣/ ٢٠٢٤، زەوی بەسەر فەرمانبەرانی شایستە کە سودمەند نەبون دابەش دەکرێت.
 
بەپێی بڕیارێکی ئەنجومەی باڵای وەبەرهێنانیش، چین و توێژەکانی وەك مامۆستایان و فەرمانبەران و پیشەوەران کە بەشداربون لە پرۆژەکانی نیشتەجێبون، بە سودمەندی زەوی هەژمارناکرێن و لە پرۆسەی وەرگرتنی زەویدا دەتوانن بەپێی رێنماییەکان پارچەیەک زەوی وەربگرن.
ئەم بڕیارەش نیگەرانیی ئەو فەرمانبەرانەی لێکەوتوەتەوە کە سودمەند نەبون لە پرۆژەکانی نیشتەجێبون.
 
مەریوان نەریمان، فەرمانبەر لە بەڕێوبەرایەتی گشتی گەشتوگوزاری گەرمیان، بۆ رادیۆی دەنگ وتی: پێشتر کە پرۆژەی نیشتەجێبون بۆ فەرمانبەران دروستکرا شێوازی دابەشکردنەکەی بەپێی خاڵبەندی بوە، کێ خاڵی زۆرتر بوە وەریگرتوە، بۆ نمونە لە پرۆژەی فەرمانبەراندا ۲۰ خانو دابینکراوە بۆ فەرمانگەکەمان، ئەوکات بەپێی خاڵبەندی ئەو خانوانە دابەشکراوە. 
 
وتیشی: غەدرمان لێدەکرێت ئەگەر دوبارە ئەو کەسانە وەریبگرنەوە کە پێشتر سودمەند بون، ئەگەر وا دابەش بکرێت "ئەبێت ئێمە لە دورەوە زرتەی چاومان بێت".
 
هاوکات جگە لە فەرمانبەران، مامۆستایانیش نیگەرانن لەم بڕیارە، مامۆستایەک دەڵێت: با سەرەتا زەوی بەسەر ئێمەدا دابەش بکرێت کە سودمەندنەبوین لە پرۆژەکانی نیشتەجێبون، دواتر بەسەر ئەو کەسانەدا دابەشبکرێت کە سودمەندبون.
 
سەرکەوت ئەحمەد، مامۆستا لە کەلار، بۆ رادیۆی دەنگ وتی: ئێمە وەکو کۆمەڵە مامۆستایەک لەشاری کەلار تاوەکو ئێستا سودمەند نەبوین نە لە پرۆژەی نیشتەجێبون، نە لە دابەشکردنی زەوی، ئەو مامۆستایانەی کە سودمەندبون لە پرۆژەکانی نیشتەجێبون بەخاڵبەندی خانوەکانیان وەرگرتوە، ئێستا کە زەوی دابەش دەکرێت ناکرێت هەر بەخاڵبەندی بێت، پێویستە رەچاوی دۆخی ئێمەش بکرێت کە سودمەند نەبوین. 
 
وتیشی: ئێمە مەبەستمان نییە کە زەوی نەدرێتە ئەو فەرمانبەرانەی کە سودمەندبون لە یەکەکانی نیشتەجێبون، بەڵکو دەڵێین با رەچاوی دۆخی ئێمەش بکرێت. 
 
بەوتەی ئەو مامۆستایە، وا دادپەروەرانەترە کە ئەگەر زەوی دابەشکرا، سەرەتا بەسەر ئەوانەدا دابەش بکرێت کە سودمەند نەبون لە پرۆژەکانی نیشتەجێبون و دواتر بەسەر ئەو کەسانە دابەش بکرێت کە سودمەندبون.



Dengnet.net - 2024
دروستکراوە لەلایەن کۆمپانیای (کۆدتێك)ەوە
ژمارەی سەردان 2,004,654     ژمارەی میوان 706