ده‌رباره‌   په‌یوه‌ندی
شارەوانی گردەگۆزینە: قەرەبوی ماڵە روخاوەکانی گردەگۆزینە دەکەینەوە

2024/03/27 - 01:54 | 170 جار بینراوە    
 
دەنگ نێت
 
پێنج ماڵ لەسەر رێگای جادەی پشتێنەیی کەلار بەدیوی گردەگۆزینەدا روخێنران، سەرۆکی شارەوانی گردەگۆزینەش دەڵێت: هەرماڵێکی بە زەویەکی ۲۰۰ مەتری لە کەلار قەرەبودەکرێنەوە، خاوەن خانویەکیش دەڵێت: بەدەمی قەرەبو کراوینەتەوە، بەڵام بە فەرمیی نا.
 
شەقامی پشتێنەیی کەلار بەدیوی گردەگۆزینەدا، نزیکەی ٥ ساڵە تەواو نەکراوە، ئەوەش بەهۆی رێگری ژمارەیەک ماڵەوە. پێشتر ۱۱ ماڵ به‌ر ئه‌و شەقامە کەوتبون، شەشیان قه‌رەبوه‌كانیان وه‌رگرتبو و خانوه‌كانیان روخاندبو، ئه‌وانەی مانەوە ئەمڕۆ لەلایەن شارەوانییەوە روخێنران.
 
مەریوان رەمەزان، خاوەنی یەکێک لەو خانوانەی کە ئەمڕۆ روخێنران، بۆ رادیۆی دەنگ وتی: وتویانە قەرەبوتان دەکەینەوە، بەڵام هیچ شتێک دیاریی نەکراوە بۆمان.
 
وتیشی: "بە دەمی قەرەبویان کردوینەتەوە، بەڵام بە رەسمی نا، تائێستا چۆڵمان نەکردە، هاینە ناو خانوی خۆمانا، ئەتوانن بێن شۆفڵی لێبدەن؟ دەرناچین تا ئەوکاتەی قەرەبومان ئەکەنەوە بەفەرمی".
 
لەبەرامبەردا کەمال عەلی، سەرۆکی شارەوانی گردەگۆزینە، بۆ رادیۆی دەنگ وتی: پێشتر خانوەکانی دیکە قەرەبو کرانەوە و روخێنران، ئەوانەی ئەمڕۆش بەهەمانشێوە قەرەبو دەکرێنەوە لەناو شاری کەلار یەکی بە پارچەیەک زەوی ۲۰۰ مەتری.
 
وتیشی: ئەمە جگە لەوەی کشتوکاڵ هەمو دارەکانی جەرد کردوە و هەردارێکی بە نزیکەی ۲٥ بۆ ۳۰ هەزار قەرەبو دەکاتەوە، ئەوانەشی زەوی کشتوکاڵیی بن ئەوا بەپێی دۆنم لە سەدا ۳ قەرەبو دەکرێنەوە.
 
بەپێی وتەی سەرۆکی شارەوانی گردەگۆزینە، هۆکاری تێکدانی ئەو ماڵانە دەگەڕێتەوە بۆ ئەوەی کە بەر شەقامێکی سەرەکی کەوتون کە کەلار و گردەگۆزینەوە و ناحیەی رزگاریی پێکەوە دەبەستێتەوە.



Dengnet.net - 2024
دروستکراوە لەلایەن کۆمپانیای (کۆدتێك)ەوە
ژمارەی سەردان 1,722,947     ژمارەی میوان 959