ده‌رباره‌   په‌یوه‌ندی
بەشدارانی پرۆژەی قەڵای شێروانە سیتی داوای بەهاناوەچون لە حکومەت دەکەن

2024/03/23 - 07:53 | 456 جار بینراوە    
 
دەنگ نێت
 
بەشداربوانی پرۆژەی قەڵای شێروانەسیتی لە کەلار، باس لە تەواونەبونی پرۆژەکەیان لەکاتی خۆیدا دەکات، کۆمپانیای جێبەجێکاری پرۆژەکە بەپێچەوانەوە دەڵێت: هەوڵدەدەین پێش تەواوبونی وادەکەی تەواوی بکەین.
 
بەشداربوانی پرۆژەی قەڵای شێروانە سیتی نامەیەکیان ئاڕاستەی رادیۆی دەنگ کردوە و تێیدا دەڵێن: ماوەی یاسایی پڕۆژەکە لە گرێبەستی نێوانمان 4 ساڵە، ئێستا تەمەنی پڕۆژەکە 3 ساڵ و 7 مانگە کەمتر لە 4 مانگی تر ماوەی یاسایی تەواو دەبێت، لەلایەن وەبەرهێنانی گەرمیان 7 مانگی بۆ درێژ کراوەتەوە و لە وەبەرهێنانی هەولێریشەوە ساڵێکی تریان بۆ درێژ کراوەتەوە بەنایاسایی، زۆربەی بەشداربوان نزیکە سێ دەفتەر دۆلار قیستیان داوە وەک دەردەکەوێت بەشێکی خانووەکان هەیکلەن و وەکپێویستیش کار لە خزمەتگوزارییەکان نەکراوە و بەوتەی ژووری ئەندازیاری وەبەرهێنان رێژەی خزمەتگوزارییەکان 0%ـە.
 
باس لەوەشدەکەن. سەرەڕای کەموکوڕییەکان کۆمپانیا لەڕێگەی دادنوسی هەولێرە سەدان هۆشداری و هەڕەشەی هەڵوەشاندنەوەی بۆ بەشداربوان ناردوە، لەکاتێکدا بەشداربوان لەدۆخێکی سەختی داراییدان و 6 مانگە تەنها یەک موچەیان وەرگرتوە.
 
دەشڵێن: لەرابردودا چەندینجار سەردانی بەڕێوبەرایەتی وەبەرهێنانی گەرمیان و چەندین کەسایەتی حوکمی و حیزبیمان کردوە، بەڵام وەکپێویست بەدەم داوای بەشداربوانەوە نەهاتون.
 
پرۆژەی قەڵای شێروانە سیتی لەلایەن کۆمپانیای گاردینیاوە جێبەجێ دەکرێت و کراوەبە دو زۆنی جیاواز، زۆنی A پێکدێت لە 646 خانوی یەک قات و بۆ چین و توێژەکان دەرچوە و پێکدێت لە خانوی 200 مەتری، زۆنی Bـی پرۆژەکەش بازرگانیە و بەپێی فرۆشتن لێی دروستدەکرێت.
 
دانا سەرچڵ، بەڕێوبەری کۆمپانیای گاردینیا لقی سلێمانی کە جێبەجێکاری پرۆژەی قەڵای شێروانیە سیتیە لە کەلار، بە رادیۆی دەنگی راگەیاند: ئێمە لەسەرەتای پرۆژەکە نزیکەی 8 مانگ سەروی ملیار و نیوێک دینار کاری پڕکردنەوەمان کردوە بۆ پرۆژەکە، لەبەرامبەر ئەمە درێژکردنەوەیان بۆ کردوین چونکە 8 مانگ ئیشمان نەکردوە.
 
وتیشی: قۆناغی هەیکەلی تەواو بوە، لەئێستادا لە بڕگەکانی وەک ئاو و کارەبا و لەبغ و گەچ و کۆنکرێت و ئاوەڕۆ و … هتد ئیشدەکرێت.
 
لەبارەی ئەوەی بڕگەی خزمەتگوزاریەکانی بەکوێ گەیشتوە؟ وتی: خزمەتگوزاریەکان سفر نیە، پەیوەستە بە زۆنی A، لە ئێستا لەقۆناغی دروستکردنی خوێندنگەیەکی 18 پۆلین، سیاجمان لەتەواوبوندایە، شەقامەکانمان پڕکردوەتەوە، بەس قۆناغی قیرتاوکردنی دەمێنێت، هەتاوەکو ئەو قۆناغە رۆشتوین.
 
وتیشی: ئێمە کۆتا مۆڵەتمان 5ـی 9ـی 2026ـە، تا ئەو کاتە مۆڵەتی رەسمیمان هەیە، ئێمە لەهەوڵداین بۆ ئەوەی زوتر پرۆژەکە تەواو بکەین.
 
لەبارەی ئەوەی ئایا بەشداربوان هەڕەشەیان لێکراوە بۆ لێسەندنەوەی یەکەکانیان، دانا سەرچڵ وتی: ئێمە لە گرێبەستەکەماندا هاتوە کە سێ مانگ جارێ 2500 (25 گەڵا) وەرگرین، داوایان لێکردوین بەهۆی قەیرانی داراییەوە هاوکاری بەشداربوان بکرێت، لەئێستادا مانگی 490 دۆلار لەبەشداربوان وەردەگیرێت.
 
وتیشی: بەس تەنها تایپی یەک نهۆمیەکانمان سەروی 2 ملیۆن دۆلار قەرزمان لای هاوڵاتیانە، ئەگەر بەپێی گرێبەستەکە بڕۆین هەر بەشداربویەک دو قیستی بەسەر یەکەوە نەدا ئەتوانین تەبلیغی بۆ بنێرین، بەڵام بەشدابوی وا هەیە تاوەکو زیاتر لە 15 هەزار دۆلاری لایە و خانوەکەشی لێوەرنەگیراوەتەوە.



Dengnet.net - 2024
دروستکراوە لەلایەن کۆمپانیای (کۆدتێك)ەوە
ژمارەی سەردان 1,732,219     ژمارەی میوان 262