ده‌رباره‌   په‌یوه‌ندی
٢ گەنج بە تۆمەتی بریندارکردنی کارمەندانی نەخۆشخانەی فریاکەوتنی کەلار دەستگیر دەکرێن

2024/03/17 - 11:49 | 170 جار بینراوە    
 
دەنگ نێت
 
٢ گەنج بەتۆمەتی هێرشکردنە سەر کارمەندانی نەخۆشخانەی فریاکەوتنی کەلار دەستگیر کران، سەرچاوەیەک دەڵێت: بە بۆکسی ئاسنی سەری کارمەندێکیان شکاندوە.
 
بەوتەی سەرچاوەیەک لە نەخۆشخانەی فریاکەوتنی شەهید هەژار لە کەلار، ئەمشەو خێزانێک کە دایکیان نەخۆش بوە، لە نەخۆشخانەکەدا بوە بە شەڕیان لەگەڵ ژمارەیەک کارمەند و ٢ کوڕی خێزانەکە هێرشیان کردوەتە سەر کارمەندەکان و سەری کارمەندێکیان بە بۆکسی ئاسنی "دەم بۆکس" شکاندوە و لە چەند کارمەندێکی تریشیان داوە و برینداریان کردون.
 
وتیشی: هەردو برا هێرشکەرەکە دەستگیرکراون و لەلایەن کارمەندانی نەخۆشخانەکەوە سکاڵایان لەسەر تۆمارکراوە و لەئێستادا دەستبەسەرن.
 
لەلایەکی دیکەوە و لەبارەی هۆکاری روداوەکەوە، هەڵۆ ئەحمەد، هاوڕێی یەکێک لەو کوڕانەی کە تۆمەتبار دەکرێن بە هێرشکردنە سەر کارمەندەکان و لەکاتی روداوەکەدا لەگەڵیان بوە لەناو نەخۆشخانەکە، بۆ رادیۆی دەنگ وتی: لەسەر بەستنی کانیۆلا بۆ دایکی، یەکێک لە کوڕەکان لەگەڵ کارمەندەکان بوە بە دەمەقاڵەیان و ئیتر ئاڵۆزی دروستبو، پۆلیسەکان کەوتە نێوانیان.
 
رەدیشیکردەوە کە لە ئاڵۆزیەکەدا چەقۆ و بۆکسی ئاسنی بەکارهاتبێت، بەڵام کارمەندێک کە نەیویست ناوی بهێنرێت، باسی لەوەکرد کە خودی خۆی بە بۆکسی ئاسنی لە سەری دراوە و لەسەر ئەوەش سکاڵای تۆمارکردوە.
 
هاوکات وتەبێژی پۆلیسی گەرمیان- عەلی جەمال، لە راگەیەنراوێکدا لەبارەی روداوەکەوە دەڵێت: دوای ئەوەی ئەمشەو کەسوکاری نەخۆشێک لەنەخۆشخانەی فریاکەوتنی شەهید هەژار لەکەلار لەگەڵ دو کارمەندێکی نەخۆشخانەکە دەبێت بەشەڕیان، لەئەنجامدا دو گەنج کە برای یەکترن پەلاماری دو کارمەندی بەشی ئیداری نەخۆشخانەکە دەدەن و برینداریان دەکەن.
 
دەشڵێت: دوای سکاڵای دو کارمەندەکە، بەبڕیاری دادوەر پۆلیس هەردو تۆمەتبار کە لەدایکبوی 2005 و 1994ـن دەستگیرکرد و لەئێستادا بەپێی مادەی (229) لەیاسای سزادانی عیراقی بەندکراون.
 

 




Dengnet.net - 2024
دروستکراوە لەلایەن کۆمپانیای (کۆدتێك)ەوە
ژمارەی سەردان 1,731,897     ژمارەی میوان 1360