ده‌رباره‌   په‌یوه‌ندی
کشتوکاڵی کۆکس: ناتوانین زەوی جوتیارانی شێخ لەنگەر بەسەر بەگزادەکاندا دابەش بکەین

2024/02/27 - 02:04 | 250 جار بینراوە    
 
دەنگ نێت
 
بەڕێوبەری کشتوکاڵی کۆکس لەبارەی داواکاری روپێوییکردنی زەویەکانی گوندی شێخ لەنگەر و دابەشکردنی بەسەر ژمارەیەک لە نەوەکانی بەگزادەکان دەڵێت: توانای ئەو کارەمان نییە.
 
بەپێی هەواڵێکی پێشوی رادیۆی دەنگ، ٢٩ وارسی بەگزادەکانی جاف، داوایەکیان ئاراستەی دادگای بەرایی کفری کردوە بۆ ئەوەی هەردو پارچە زەوی ژمارە (١/ ٣) و (١/ ٤) لە کەرتی یەکی شێخلەنگەر، دابەش بکەن بەسەریاندا و بیانکەن بە ناویانەوە، کە ئێستا بەناوی حەوت کەسیانەوەیە. لەکاتێکدا ئەو زەویانە نزیکەی ٥٠ ساڵە جوتیاری دیکەی لەسەرە و کشتوکاڵی تێدادەکەن.
 
لەبارەی دواین پێشهاتی ئەو دۆسیەیە، کامەران غەفار- لێپرسراوی بەشی کشتوکاڵی کۆکس، بۆ رادیۆی دەنگ وتی: لەلایەن دادگای بەرایی کفرییەوە نوسراومان بۆ کراوە بەمەبەستی جیاکردنەوەی زەوییەکان، بەڵام تائێستا نەمانتوانیوە ئەو کارە ئەنجام بدەین.
 
رونیکردەوە: تەنها یەک فەرمانبەری روپێو (مساح)ـمان هەیە و زەویەکانیش زۆرن، بەنوسراویش وەڵامی دادگای بەرایی کفریمان داوەتەوە کەلەتوانای روپێوەکەی ئێمەدا نیە ئەو هەمو زەوییە کە روبەرەکەی (٢ هەزار و ٤٠٠) دۆنمە، جیابکاتەوە، چونکە روبەەی زەویەکە زۆرە و کاتێکی زۆری دەوێت و ئێمەش ئیشوکاری دیکەمان هەیە و فریاناکەوین بۆ ئەو پارچەکردنە.
 
داواکردنی ئەو نەوانەی بەگزادەکانی جاف بۆ دابەشکردنی زەویەکانیان، لەکاتێکدایە کە بە وتەی لێپرسراوی کشتوکاڵی کۆکس، ئەم زەویانە لە ساڵی 1973ـوە لەلای جوتیارەکانە، بەهەر هۆکارێک بێ نەیانزانیوە خاوەن موڵکی تیایە، بۆیە بەردەوام بون لەسەر کشتوکاڵکردن تیایاندا و تەنانەت بەشێکی لێکراوە بە شوێنی نیشتەجێبون و مەخزەن.
 
بۆ خوێندنەوەی هەواڵێکی پێشوتر لەبارەی ئەو دۆسیەیەوە کلیک بکە…



Dengnet.net - 2024
دروستکراوە لەلایەن کۆمپانیای (کۆدتێك)ەوە
ژمارەی سەردان 1,732,144     ژمارەی میوان 189