ده‌رباره‌   په‌یوه‌ندی
کێشەی عەلوەی کەلار سەرهەڵدەداتەوە

2024/02/20 - 01:48 | 375 جار بینراوە    
 
دەنگ نێت
 
خاوەن پشکێک لە عەلوەی کەلار ئاشکرای دەکات هێزێکی ئەمنی هاتوەتە سەریان و لە عەلوەکە دەریکردون، دەشڵێت: کارەکە بەناوی ئیدارەی گشتیی یەکێتییەوە کراوە،  وتەبێژی وەبەرهێنانی گەرمیانیش دەڵێت: کێشەی خاوەندارێتی عەلوەی کەلار یەکلانەبوەتەوە و لەدادگایە، ئاگادارى هەڵکوتانەکەش نین.
 
رزگار محەمەد، یەکێک لە خاوەن پشکەکانی ئەو کۆمپانیایەی لە عەلوەی کەلار کاریدەکرد، بۆ رادیۆی دەنگ وتی: هەفتەی رابردو هێزێکی ئاسایش هاتنەسەرمان و نوسینگەکەیان پێداخستین و لە عەلوەی کەلار دەریانکردین.
 
وتیشی: پێش ئەم داخستنە، دانیشتنمان کردوە لەگەڵیان و وتویانە پرۆژەکە دەبەین بۆ خۆمان، ئێمەش کە وتومانە ئێوە کێن؟ وتویانە ئیدارەی گشتیی یەکێتی.
 
باسی لەوەشکرد: وتویانە ئەگەر چۆڵی نەکەن هێز دێنینە سەرتان، ئەوەبو قسەکەی خۆیان هێنایە دی و هێزیان هێنا و عەلوەکەیان داگیر کرد.
 
عەلوەی نوێی کەلار، سەرباری کردنەوەی، بەڵام کێشەی خاوەندارێتیی هەیە، دو لایەن هەن و هەریەکەیان خۆی بە خاوەنی پرۆژەکە دەزانێت، کێشەکەشیان چەند ساڵێکە لە دادگایە و یەکلا نەبوەتەوە.
 
چۆمان فه‌لاح، وته‌بێژى به‌ڕێوبه‌رایه‌تى گشتی وه‌به‌رهێنانى گه‌رمیان، بۆ رادیۆى ده‌نگ وتی: دۆسیه‌ى ئه‌و پرۆژه‌یه‌ له‌ دادگایه‌ و له‌لاى ئێمه‌ نیه‌ وه‌ك وه‌به‌رهێنان، تاوه‌كو ئێستاش یه‌كلانه‌بوه‌ته‌وه‌ كه‌ كێ خاوه‌ندارێتى ده‌كات.
 
وتیشى: هه‌ر كات یه‌كلابوه‌یه‌وه‌ و دادگا وه‌به‌رهێنه‌رێكى دیارییكرد كه‌ خاوه‌ندارێتى ئه‌و پرۆژه‌یه‌ ده‌كات، ئه‌وا وه‌ك وه‌به‌رهێنان به‌ پێى یاسا و رێنماییه‌كان مامه‌ڵه‌ى له‌گه‌ڵ ده‌كه‌ین.
 
له‌باره‌ى رۆیشتنی هێزێكى ئه‌منى بۆسەر عه‌لوه‌كه‌ و دەرکردنی ستافی کۆمپانیاکە تیایدا، وته‌بێژى به‌ڕێوبه‌رایه‌تى وه‌به‌رهێنانى گه‌رمیان وتی. ئاگادارى ئه‌و بابه‌ته‌ نین و زانیارییمان لانیه‌.



Dengnet.net - 2024
دروستکراوە لەلایەن کۆمپانیای (کۆدتێك)ەوە
ژمارەی سەردان 1,732,120     ژمارەی میوان 168