ده‌رباره‌   په‌یوه‌ندی
دەزگای ئاسایشی هەرێم بۆ رادیۆی دەنگ: تەقەکەرەکەی کەلاری کۆن پێشمەرگەیە

2024/02/15 - 03:03 | 1239 جار بینراوە    
 
دەنگ نێت
 
دوای ئەوەی لە گەڕەکی کەلاری کۆنـی قەزای کەلار، دەستڕێژی گولە لە ماڵێک کرا وتەبێژی دەزگای ئاسایشی هەرێم دەڵێت: تەقەکەرەکە پێشمەرگەیەو فەرمانی دەستگیرکردنی بۆ دەرچوە.
 
ئەو هاوڵاتیەی کە دەستڕێژی گولە لە ماڵەکەی کراوە ناوی ریاز تۆفیق ـەو باس لەوە دەکات کە ئەمە چەند جارێکە هێرش دەکرێتە سەرماڵمان، جارێک ئۆتۆمبێلەکەم دەسوتێنن و جارێک رومانە هەڵدەدەنە ماڵمان و چەند جارێکیش دەستڕێژی گولە لەماڵمان دەکەن.
 
عەقید سەلام عەبدولخالق، وتەبێژی دەزگای ئاسایشی هەرێمی کوردستان، بەرادیۆی دەنگی راگەیاند: ئەو هاوڵاتەی تەقەی لێکراوە، سکاڵای تۆمار کردوە، بەفەرمانی دادوەر فەرمانی دەستگیرکردن بۆ ئەو کەسە دەرچوە کە تەقەکانی کردوە.
 
 وتیشی: ئەو کەسە پێشمەرگەیە، بەڵام تاوەکو ئێستا دەستگیر نەکراوە و هاوکات لە ئێستادا هێزەکانی ئاسایش بەدواداچونی بۆدەکەن.
 
بەیانی ئەمڕۆ کاتژمێر ٥:٥٥ خولەک جارێکی تر تەقە لە ماڵێکی کەلاری کۆن دەکرێتەوە و نزیکەی ٤۰ قەوانی فیشک لەبەردەم ماڵەکە کەوتو، جگە لەزیانی ماددی هیچ زیانێکی گیانی لێنەکەوتەوە و دواتر ریاز تۆفیق لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیدا داوای لە بەرپرسان کرد بەدەم چارەسەرکردنی کێشەکەیەوە بێن، چونکە ژیانیان لە مەترسیدایە.



Dengnet.net - 2024
دروستکراوە لەلایەن کۆمپانیای (کۆدتێك)ەوە
ژمارەی سەردان 1,732,346     ژمارەی میوان 389