ده‌رباره‌   په‌یوه‌ندی
دارستانێکی دەستکرد لە گەرمیان هیچ فەرمانگەیەک خۆی ناکات بە خاوەنی

2024/02/06 - 08:25 | 211 جار بینراوە    
 
دەنگ نێت
 
دارستانێکی دەستکرد کە لە گوندی قەڵاتەپەـی گەرمیان دروستکراوە، نزیکەی ۷ مانگە لەلایەن حکومەتەوە چاودێریی ناکرێت، بەڕێوبەرایەتی دارستان و پاوانی گەرمیان دەڵێت: سەر بە ئێمە نیە و سەر بە گەشتوگوزاری گەرمیانە، بەڕێوبەری گەشتوگوزاری گەرمیانیش دەڵێت: تەسلیمی ئیدارەی گەرمیانمان کردوە.
 
ساڵی ۲۰۱۷ لەلایەن کۆمپانیای نەوتیی پیت ئۆیڵ دارستانێکی دەستکرد لە گوندی قەڵاتەپەی سەر بە ناحیەی قۆرەتو دروست کرا و ۲ هەزار نەمامی تێدا چێنرا، ئەمە جگە لەوەی لەلایەن کۆمپانیاکەوە باخەوانی بۆ دابینکرا و پشتیوانی ماددی دەکرا، بەڵام پاش ۷ ساڵ و تەواوبونی کارەکانی کۆمپانیاکە بەپێی گرتە ڤیدیۆیەک دارستانەکە شوراکەی تێکدراوە، ئەمەش بەهۆی نەگرتەخۆی دارستانەکە لەلایەن هیچ یەکێک لەفەرمانگەکانی تایبەت بەو بوارە.
 
بەڕێوبەرایەتی دارستان و پاوان بەرپرسە لەدارستانە سروشتی و دەستکردەکانی گەرمیان، بەپێی وتەی: رەشید بەکر- بەڕێوبەری دارستان و پاوانی گەرمیان بۆ رادیۆی دەنگ، دارستانەکە هیچ پەیوەندیەکی بەوانەوە نیە و سەر بە بەڕێوبەرایەتی گەشتوگوزاری گەرمیانە.
 
لەبەرامبەردا بەڕێوبەری گشتی گەشتوگوزاری گەرمیان، بۆ رادیۆی دەنگ وتی: ئەم دارستانە کە دراوە بە ئێمە وادانرابو کە بۆ داهاتو دەبێتە شوێنێکی گەشتیاریی و پرۆژەی گەشتیاریی لەسەر ئەنجام دەدرێت، ئێمە لەئێستادا ٥ پرۆژەی گەورەمان راگیراوە بەهۆی قەیرانی داراییەوە و حکومەت ناتوانێت تەمویلی پرۆژە بکات.
 
هێرش فەیزوڵڵا، وتیشی: هیچ فەسڵ و مادەیەک نیە لەیاسای گەشتوگوزار ئیدارەی دارستانی پێ بدرێت.
 
باسی لەوەشکرد: پاش تەواوبونی کارەکانی کۆمپانیاکە و  نەبونی پاڵپشتی دارایی بۆ دارستانەکە، نزیکەی ۷ مانگ پێش ئێستا کۆبونەوەمان لەسەر کردوە و بەنوسراوی فەرمی بە ئیدارەی گەرمیانمان وتوە دارستانەکە بخەنە سەر دارستان و پاوانی گەرمیان، یان بەڕێوبەرایەتی کشتوکاڵی گەرمیان.
 
بەوتەی خۆیشی ئیدارەی گەرمیان وەڵامی نوسراوەکەی داوەتەوە و دەڵێن چارەسەری دەکەن.
 
پێشتر کۆمپانیای پیت ئۆیڵ لەسەر ئەرکی خۆی سیاجیان بۆ دارستانەکە کردوە و مۆلیدە و ماتۆڕی ئاویشمان بۆ دابین کردبو، بەڵام پاش رۆشتنی ئەو هاوکاریانەی بڕیوە، بۆیە ئێستا هیچ بودجەیەکی نیە و بەڕێوبەری ئەو دو فەرمانگە حکومییەش دەڵێن: ئێمەش ناتوانین بودجەی بۆ دابین بکەین.



Dengnet.net - 2024
دروستکراوە لەلایەن کۆمپانیای (کۆدتێك)ەوە
ژمارەی سەردان 1,731,959     ژمارەی میوان 13