دەنگ نێت
لە کۆبونەوەیەکدا قایمقامیەتی قەزای کەلار چەند بڕیارێک لەبارەی رێکخستنەوەی دانانی یوتێرن و دروستکردنی لەمپەر و نرخی کرێی هاتوچۆی هێڵێکی ناوشار دەدات.
لە چەند رۆژی رابردودا رادیۆی دەنگ چەند راپۆرتێکی لەبارەی کێشەکانی
یوتێرن و
زیادکردنی نرخی کرێ هاتوچۆی هێڵی زانکۆ بڵاوکردەوە.
پەیجی قایمقامیەتی کەلار بڵاویکردەوە ئەمڕۆ (٣١ـی تشرینی یەكەم) لە دیوانی قایمقامیەتی قەزای کەلار، لیژنەی شەقام و هاتوچۆی گشتی بە سەرپەرشتی قایمقامی کەلار- شەهاب ئەحمەد کۆبوەتەوە، کە بڕیاریان لەبارەی چەند گرفتێکەوە داوە.
بەپێی راگەیەنراوەکە، لە کۆبونەوەکەدا بڕیار دراوە بە کردنەوەی یوتێرنی پێش بەڕێوەبەرایەتی گشتی پەروەردەی گەرمیان و داخستنی ویوتێرنی گەڕانەوەی نزیک قوتابخانەی عەرەبی و یوتێرنی نزیک بازاڕی سۆران.
هەروەها چەند بڕیارێک لەبارەی دانانی لەمپەر 'تاسە'ـی دەستکرد دراوە، لەوانە: دروستکردنی دو لەمپەر 'تاسە" بۆ ئاسانکاری هاتوچۆی دانیشتوانی (لانە ستی و پیشەوەران) لە سەر شەقامی پشتێنەی شار، لەگەڵ دروستکردنی سێ لەمپەری تر لەسەر (شەقامی نزیک مزگەوتی بەهەشت، شەقامی کۆتایی جوت سایدی گەڕەکی ئاوارەکان و شەقامی گەڕەکی شۆڕش بەرامبەر شارەوانی کەلار).
لە کۆبونەوەکەدا بڕیاردراوە لەبارەی جێگیرکردنی نرخی گواستنەوەی خوێندکارانی زانکۆی گەرمیان بە (٥٠٠) دینار.
بڕیارێکی دیکەی کۆبونەوەکەش داخستنی شەقامی سەرەکی ناوبازاڕی کەلار بوە بە روی هاتوچۆی ئۆتۆمۆبیلدا.