دهنگ نێت
دو خوێندکاری زانکۆی گەرمیان گازندەی ئەوە دەکەن کە کرێی ئە پاسانەی خوێندکاران دەگوازێتەوە زیادی کردوە، بەڕێوبەری گواستنەوەی گەرمیانیش دەڵێت: ئەو بابەتە پەیوەندی بە ئێمەوە نییە، ئەوەی سکاڵای هەیە با بڕوات بۆلای سەرۆکایەتی زانکۆ، سەرۆکی زانکۆی گەرمیانیش وهڵامى پەیوەندیەکان ناداتهوه.
سازگار کاوە، خوێندکارە لە زانکۆی گەرمیان، بۆ رادیۆی دەنگ باسی لەوە دەکات کە کرێی ئەو مینی پاسانەیان زیاد کردوە لە ٥۰۰ دینارەوە بۆ۷٥۰ دینار، هەروەها ئەو بانزینەی کە ئەدرێت بەو مینی پاسانە کەمترە لەو بەنزینەی کە ئەدرێت بە خەڵکی ئاسایی.
وتیشی: لەکاتێکدا ئەوە حاڵی موچەیە کە کەسوکاری خوێندکار وەریدەگرن و بارودۆخی خوێندکاریش رونە دەرماڵە بەش ناکرێت.
خوێندکارێکی تر لە زاکۆی گەرمیان جەخت لە وتەکانی سازگار دەکاتەوە و باس لەوە دەکات کە ئەم بڕە پارەیە بۆ رۆژێک یان دوان لەوانەیە زۆر نەبێ، بەڵام ئێمەی خوێندکار هەمو رۆژێک هاتوچۆ دەکەین.
بیلال محەمەد، خوێندکار لە زانکۆی گەرمیان بە دەنگی وت: دەرماڵەی خوێندکار دابەش ناکرێت و حاڵی موچەش دەبینن، لە پێشوتر کرێکە ٥٠٠ دینار بو، بەڵام ئێستا زیادکراوە بۆ ٧٥٠ دینار، ئەمەش بارگرانیەکیەکە لەسەر خوێندکار.
حکومەتی هەرێمی کوردستان لەساڵی ٢٠١٢ وەکو پاڵپشتیەک بۆ خوێندکاران گرێبەستی لەگەڵ هەندێک مینی پاس کرد بۆ گواستنەوەیان، بەڵام دوای نزیکەی ٢ ساڵ و لەگەڵ سەرهەڵدانی قەیرانی دارایی لە ساڵی ٢٠١٤، گرێبەستەکانی هەڵوەشاندەوە.
لەبارەی چارەسەرکردنی گرفتەکە و هەرزانکردنی کرێکەیان، بەڕێوبەری گواستنەوەی گەرمیان دەڵێت: پێشتر ئەو مینی پاسانە هێڵیان هەبوە، بەڵام دواتر دابەشمان کردون بهسەر هێڵەکانی تردا، ئەمەش پاش گرتنی مینی پاس لەلایەن خودی زانکۆوە.
ئیدریس مستەفا، وتیشی: لەئێستادا گرفتەکەش پەیوەندی بە ئێمەوە نییە، ئەو مینی پاسانەی لەوێ کاردەکەن هێڵیان نیە و هیچ فەرمانێکی کارکردنیان نییە و بە نایاسایی کاردەکەن و پێشتریش قایمقامیەتمان ئاگادار کردوەتەوە کە ئەوانەی کاردەکەن نایاساین و پێویستە ئیجرائاتیان لەگەڵ بکرێت.
باسی لەوەشکرد: هەرکەسێکیش سکاڵا ئەکات با سکاڵا لای سەرۆکایەتی زانکۆ بکات، چونکە پەیوەندی بە ئێمەوە نیە، بەڵکو سەرۆکایەتی زانکۆ خۆی تەعامول دەکەن لە گەڵ مینی پاسهكان دا.
رادیۆی دەنگ بۆ وەرگرتنی قسەی ئهوان لهمبارهیهوه، چهند جارێك پەیوەندی بە د. فەرهاد قادر- سەرۆکی زانکۆی گەرمیانەوە کرد، بەڵام پەیوەندیەکانی بێوەڵام بون.