دەنگ نێت
له‌دوای سه‌ری ساڵه‌وه نرخی غاز له گه‌رمیان به‌رز بوه‌ته‌وه و به‌ڕێوبه‌ری نه‌وت و كانزاكانی گه‌رمیان ده‌ڵێت: نرخی غاز گران نه‌بوه، ئه‌وه‌ی گرانه غازی بازرگانییە، به‌ڵام رێژەی غاز كه‌م بوەتەوە و له‌م هه‌فتەیه‌ش چاره‌سه‌ر ده‌بێت.
نزیكه‌ی هه‌فته‌یه‌كه نرخی غازی ماڵان به‌رز بوه‌ته‌وه، كه بەهۆی نەبونی غازی پێویستەوەیە، بە وتەی چەند هاوڵاتییەک، نرخەکەی هەتا ١٥ هەزار بۆ یەک بوتڵە غاز رۆشتوە.
له باره‌ی ئەم کێشەیەوە، یادگار فه‌تاح، به‌رێوبه‌ری نه‌وت و كانزاكانی گه‌رمیان، بۆ رادیۆی ده‌نگ وتی: غاز گران نەبوە، بەڵکو کەم بوەتەوە، ئەو غازەی گرانە غازی بازرگانییە "تجاري"، بەڵام غازی کارگەکان هەر بە ٨ هەزار و ٥٠٠ دینارە بۆ یەک بوتڵ.
له‌باره‌ی هۆكاری به‌رزبونه‌وه‌كه‌یه‌وه، وتیشی: بەبۆنەی سەری ساڵەوە و تازەکردنەوەی مۆڵەتی کارگەکانەوە، ئەو کارگانەی مۆڵەتیان نیە یان بەسەر چوە، کێشەیان بۆ دروست کردون تا مۆڵەتەکانیان تازە ئەکەنەوە، لەئێستادا سەرقاڵی ئەوەین، بەشێکیانمان چاک کردوە و بەشێکیان ماون و ئەم هەفتەیە چاکی دەکەین.
به‌وته‌ی به‌رێوبه‌ری نه‌وت و كانزاكانی گه‌رمیان: له ئێستادا گەرمیان رۆژانە سەروی ٤٥ تەن غازی پێویسته، به‌ڵام له‌م ساته‌دا دیار نیە رۆژانە چەندێک غاز دێت، رۆژی واهەیە 20 تەن و رۆژی واش هەیە 25 تەن رۆژی تریش هەیە کە 40 تەن دەگاتە سنورەکە، ئەمەش بەهۆکاری ئەوەی بەشێک لە کارگەکان. کێشەیان هەیە.
باسی له‌وه‌شكرد: ئەو رۆژانەی نۆره‌ی ئەو کارگانە بێت کە کێشەیان نیە، ٤٠ تەن غازمان بۆ دێت و کێشەی نیە، بەڵام ئەو رۆژانەی سەرەی ئەو کارگانە بێت کە کێشەیان هەیە، هیچمان بۆنایەت.
جەختیشیکردەوە: چەند کارگەیەک ماونەتەوە بۆ تازەکردنەوەی مۆڵەتەکانیان، کێشەی ئەوانیش لەم هەفتەیەدا چاک دەبێت.