ده‌رباره‌   په‌یوه‌ندی
کشتوکاڵی گەرمیان دەڵێت پێویستمان بە بارانی زیاترە و شارەزایەکیش بونی مەترسی وشکەساڵی رەددەکاتەوە

2023/01/05 - 07:12 | 284 جار بینراوە    
 
دەنگ نێت
 
رێژەی بارانبارین لە هەمو بەشێکی گەرمیان ١٠٠ ملیمەتری تێپەڕاندوە، شارەزایەکی کەشناسیش دڵنیایی دەدات کە مەترسی وشکەساڵی لەسەر ناوچەکە نەماوە، کشتوکاڵی گەرمیانیش دەڵێت: هێشتا پێویستمان بەبارانبارینی زیاترە.
 
بەپێی ئامارەکانی هۆبەی کەشناسی لە بەڕێوبەرایەتی گشتی کشتوکاڵی گەرمیان، ئەمساڵ تاوەکو ئێستا بارانبارین سەروی ١٠٠ ملیمەترە، بەشێوەیەک لە کەلار ١١٣ ملم باران باریوە و لە کفری ١٢٤ ملم و لە خانەقی ١١٦ ملم.
 
لە کاتێکدا وەرزی پێشو تا ئەم کاتە، رێژەکە کەمتر لە چارەکێکی بارانبارینی ئەم وەرزە بوە، هەروەک ٢ وەرزی رابردو لەسنوری گەرمیان وشکەساڵی بو، بەڵام شارەزایەکی کەشناسی رەتیدەکاتەوە ئەو مەترسیە بۆ ئەم
وەرزە مابێت.
 
سیروان ساڵح، کە سەرپەرشتیاری پەیجی کەشوهەوای گەرمیانە، بە رادیۆی دەنگی وت: بەو  رێژە بارانبارینەی هەیە، هیچ مەترسیەکی وشکەساڵی لەسەر گەرمیان نەماوە.
 
لەبەرامبەریشدا بەرێوبەری گشتی کشتوکاڵی گەرمیان، شادیە حسێن، بۆ رادیۆی دەنگ وتی: دو جۆر وشکەساڵی هەیە: وشکەساڵی لە روی سامانی ئاو و کشتوکاڵ، لە روی سامانی ئاوەوە رەنگە گرفتێک نەبێت، بەڵام بۆ رزگاربون لە مەترسی وشکەساڵی کشتوکاڵیی، بابەتەکە جیاوازە و دەبێت تاوەکو مانگی نیسان باران بارین بەردەوام بێت و تێکڕا رێژەکە بگاتە ٢٥٠ ملم.



Dengnet.net - 2024
دروستکراوە لەلایەن کۆمپانیای (کۆدتێك)ەوە
ژمارەی سەردان 1,721,130     ژمارەی میوان 3205