دەنگ نێت
بەڕێوبه‌رى وه‌به‌رهێنانى گه‌رمیان ده‌ڵێت: له‌لاى شەقامی پشتێنەیی كه‌لار پرۆژه‌یه‌كى نیشته‌جێبون دروست ده‌كرێت کە خۆى له 1750 یه‌كه ده‌بینێته‌وه، لەبەرامبەر پرۆژەکەشدا کۆمەڵێک خزمەتگوزاریی بۆ شارەکە ئەنجام دەدات لەنێوی دا سایدی دوەمی شەقامی پشتێنەیی.
هونەر مه‌حمود، به‌ڕێوبه‌رى گشتی وه‌به‌رهێنانى گه‌رمیان، بۆ رادیۆى ده‌نگ وتی: پرۆژه‌ى 'ده‌روازه‌ى شار' كه ده‌كه‌وێته لاى شەقامی پشتێنەیی کەلار، له‌لایه‌ن كۆمپانیاى بناری پیره‌مه‌گرون جێبه‌جیده‌كرێت كه سه‌ر به گروپى كۆمپانیاكانى قه‌یوانه، له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌ی پرۆژەیەکی نیشتەجێبونە، چەند پرۆژه‌ى بازرگانى وه‌ك ریستۆرانت و به‌شێكى پرۆژه‌ى گه‌شتیارییش لەخۆدەگرێت.
باسى له‌وه‌شكرد: ئه‌م پرۆژه‌یه 400 دۆنم زه‌وى بۆ ته‌رخان كراوه، به‌پێى ئه‌و پرۆژانه‌ى باسم كرد كه ئه‌نجامى ده‌دات پێشبینى ده‌كرێت 270 دۆنم زه‌وى بۆ بمێنێته‌وه و 1750 یه‌كه‌ى نیشته‌جێبونى جۆراوجۆری له‌سه‌ر دروست ده‌كات.
لەبارەی ئەوەی کۆمپانیاکە چ پرۆژەیەکی خزمەتگوزاریی بۆ قەزای کەلار جێبەجێ دەکات لەبەرامبەر پێدانی زەویەکە و ئەنجامدانی پرۆژەکە؟ هونەر مەحمود وتی: ئه‌م پرۆژه‌یه له‌به‌رامبه‌ر كۆمه‌ڵێك مه‌رج به كۆمپانیاکە دراوه، یه‌كێك له‌وانه به درێژى 13 كیلۆمه‌تر سایدى دوه‌مى شەقامی پشتێنەیی قه‌زاكه ته‌واو بكات.
پرۆژەکە لەسەر شەقامی پشتێنەیی کەلارە بە دیوی گەڕەکەکانی شار، لە گەڕەکی بەردەسورەوە هەتا لای شەقامی سەرەکی کەلار- کفری هاوتەریب بە شەقامی پشتێنەیی درێژ دەبێتەوە.
ئەوەی تێبینی دەکرێت لەم سنورەی کە بە پرۆژەکە دراوە، تاوەری گوێزەرەوەی کارەبا (ضغط عالي) و بۆریی سەرەکی گوێزەرەوەی ئاوی ناحیەی رزگاریی هەیە، لەبارەی ئەوەی چۆن چارەسەری ئەمانە دەکرێت؟ بەڕێوبەری وەبەرهێنانی گەرمیان ئاماژەی بەوەدا کە کۆمپانیاکە لەسەر ئەرکی خۆی ئه‌و تاوه‌ر و ستونانه‌ى كاره‌با کە دەکەونە ناو پرۆژەکەوە رێكده‌خاتەوە و بەشێکی دەگوازێتەوه، له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا چارەسەری بۆڕییە ئاوەکەش دەکات بەوشێوەیەی حکومەت داوای لێدەکات و دەیەوێت.