ده‌رباره‌   په‌یوه‌ندی
لەسەر ناردنی نامەیەکی فەیسبوک بەڕێوبەری ئاوی مەیدان دەستگیر دەکرێت

2021/09/18 - 01:05 | 1160 جار بینراوە    
 
دەنگ نێت
 
لەسەر ناردنی نامەیەک بۆ پەیجی ئاسایشی گەرمیان، ھاوڵاتیەک کە بەڕێوبەری ئاوی ناحیەی مەیدانە، لەلایەن بەرپرسی ئاسایشی ناحیەکەوە سکاڵای لەسەر تۆمار دەکرێت و بەوھۆیەوە دەستگیر دەکرێت.
 
سەرچاوەیەکی ئاگادار بە رادیۆی دەنگی وت: سەفا فایەق عەلی، کە بەڕێوبەری ئاوی ناحیەی مەیدانە لە گەرمیان، لەم ماوەیەی رابردودا لەسەر کێشەیەکی زەویوزارەکانیان نامەیەکی بۆ پەیجی ئاسایشی گەرمیان لە فەیسبوک ناردوە، تیایدا باسی لەوەکردوە بنکەی ئاسایشی مەیدان ھەستاوە بە ناردنی ھێز بۆسەر ئەنجومەنی ناحیەی مەیدان بۆ ئەوەی ئیمزا بکات لەسەر کۆنوسێکی تایبەت بە دەرکردنی بەشێکی زۆر لە جوتیارەکانی سنورەکە.
وەکو یەکێک لە خاوەن زەویەکانیش، داوا دەکات کە ئاسایشی گەرمیان بەدواداچون بکات لەو روەوە.
 
بەوتەی سەرچاوەکە، پاش ئەو نامەیە، بەرپرسی ئاسایشی مەیدان سکاڵا لەسەر سەفا فایەقی بەڕێوبەری ئاو تۆمار دەکات و دادوەریش فەرمانی راگرتنی داوە و چەند رۆژێکە لە گرتوخانە بەندە.
 
لایخۆشیەوە بەرپرسی ئاسایشی مەیدان، ساڵح مستەفا، بە رادیۆی دەنگی وت: ئەو ھەواڵەی کە ئەو کەسە ناردبوی بۆ پەیجی ئاسایش ناڕاست بوە و من ھێزم نەناردوەتە سەر کەس، بۆیە پێم وت کە نامەکە بسڕێتەوە، بەڵام ئەو نەیسڕیەوە، بۆیە منیش بەتۆمەتی ناوزڕاندن سکاڵام لەسەر تۆمار کرد.
 
ھاوکات بۆ بەدواداچونی ئەوەی بۆچی لەسەر ناردنی نامەیەک سکاڵایان کردوە و کەسێک خراوەتە زیندان، بەڕێوبەری ئاسایشی گەرمیان، لیوا: نەوشیروان ئەحمەد، بە دەنگی وت: بەدواداچونمان نەکردوە و ئەو دۆسیەیە لای ئێمە نیە، لە ئاماژەیەکدا بۆ ئەوەی لێکۆڵینەوە لە دۆسیەکە لای پۆلیسە.



Dengnet.net - 2024
دروستکراوە لەلایەن کۆمپانیای (کۆدتێك)ەوە
ژمارەی سەردان 1,721,419     ژمارەی میوان 1823