ده‌رباره‌   په‌یوه‌ندی
کەلار؛ کارمەندێکی ھاتوچۆ و کوڕی پلەدارێک سکاڵا لەسەر یەکتری تۆمار دەکەن

2021/08/25 - 04:52 | 1475 جار بینراوە    
 
دەنگ نێت
 
کارمەندێکی ھاتوچۆ لە کەلار دەڵێت: به‌هۆى ئه‌وه‌ى خاوەنی ئۆتۆمبێلێكى سەرپێچیکاری داوه‌ته‌ دادگا و بۆ ماوه‌ى ١٠ رۆژ ده‌ستگیرکراوە‌، سکاڵای لێکراوە و ئەمڕۆ راگیراوە و پاشان بە کەفالەت ئازاد کراوە.
 
عه‌لى جاف، براى كارمه‌نده‌كه‌ى هاتوچۆى كه‌لار، به‌ رادیۆى ده‌نگى وت: کوڕی بەرپرسێک لە کەلار، سەرپێچیی لە یاسای ھاتوچۆ کردوە، براکەشم لێپرسینەوەی لەگەڵ کردوە و داویەتی بە دادگا.
 
رونیشیکردەوە: بەھۆی ئەو سەرپێچییەوە، کوڕی بەرپرسەکە بە فەرمانی دادوەر راگیراوە.
 
ئاماژەی بەوەشکرد پاش ئەوەی کوڕەکە دەستگیرکراوە، ئەوانیش ھەستاون بە تۆمارکردنی سکاڵا لەسەر براکەی، بەوھۆیەشەوە ئەمڕۆ براکەی چوەتە بەردەم دادوەر و راگیراوە، پاشان بە کەفالەت ئازاد کراوە.
 
رادیۆى ده‌نگ بۆ وه‌رگرتنى زانیارى زیاتر په‌یوه‌ندى به‌ لایه‌نى به‌رامبه‌ره‌وه‌ كرد، به‌ڵام ره‌تیان كرده‌وه‌ لێدوان بده‌ن.
 
بەپێی زانیارییەکان، ئەو کوڕەی سەرپێچیی کردوە، کوڕی عەقید ​رێبوار عەباسی بەڕێوبەری گرتن و گواستنەوەی گەرمیانە، پاش ئەوەی سەرپێچی ھاتوچۆ دەکات لە فولکەیەکی گەڕەکی شەھیدان، ناوەستێت و دەگەڕێتەوە ماڵەوە، کارمەندەکەی ھاتوچۆش مەفرەزەی پۆلیس بانگ دەکات و دەچنە سەر ماڵی کوڕەکە بۆ دەستگیرکردنی، پاشان بە فەرمانی دادوەر کوڕەکە ١٠ رۆژ راگیراوە و ئۆتۆمبیلەکەشی بۆ ماوەی ٢٥ رۆژ دەستی بەسەردا گیراوە.
 
ھاوکات کوڕی بەرپرسەکە سکاڵای لەسەر کارمەندەکەی ھاتوچۆ تۆمارکردوە لەسەر ئەوەی بەبێ وەرگرتنی مۆڵەت لە دادوەر بە ھێزی ئەمنی ھاتونەتە سەر ماڵیان و فەرمانی دادگایان پێنەبوە بۆ ئەو کارە، بەوھۆیەشەوە دادگا ئەمڕۆ بانگھێشتی کارمەندەکەی ھاتوچۆی کردوە و راگیراوە، پاشان بە کەفالەت ئازاد کراوە.
 
 
 
 
 



Dengnet.net - 2024
دروستکراوە لەلایەن کۆمپانیای (کۆدتێك)ەوە
ژمارەی سەردان 1,722,330     ژمارەی میوان 375