ده‌رباره‌   په‌یوه‌ندی
پۆڵا تاڵەبانى بە سەرپێچییکردن لە بڕیاری دەستبەسەراگرتنى ئۆتۆمبیلی جامڕەش تۆمەتبار دەکرێت

2021/07/27 - 12:49 | 2019 جار بینراوە    
 
دەنگ نێت
 
سەرچاوەیەک رایدەگەیەنێت کە پۆڵا تاڵەبانى، بەرپرسی مەڵبەندى گەرمیانى یەکێتى نیشتمانى سوکایەتى بە مەفرەزەیەکى ئەمنیی کردوە لە کەلار کە ویستویەتى لێپێچینەوەى لەگەڵ بکات بەهۆی ئەوەى ئۆتۆمبیلەکەى جامڕەش بوە، بەرپرسی مەڵبەندی گەرمیانیش رەدی دەکاتەوە هیچ کێشەیەکى لەوشێوەیە روی دابێت.
 
سەرچاوەیەکى ئەمنی لەکەلار، بە رادیۆی دەنگى وت: بەیانى ئەمڕۆ لە کەلار، لەکاتێکدا ئۆتۆمبیلەکانى بەرپرسی مەڵبەندى گەرمیانى یەکێتى کەوتونەتە نێو مەفرەزەیەکى ئەمنیەوە کە بۆ مەبەستى لێپێچینەوە لە ئۆتۆمبیلی نایاسایی و جامڕەش لە ئەرکدا بون، بەوهۆیەى ئۆتۆمبیلەکەى بەرپرسی مەڵبەند جامڕەش بوە، مەفرەزەکە لێپرسینەوەى کردوە، بەڵام ئەوان روبەڕوى مەفرەزەکە بونەتەوە.
 
وتیشی: کەژاوەکەى بەرپرسی مەڵبەندى گەرمیانى یەکێتى سوکایەتیان بە کارمەندانى مەفرەزەکە کردوە و بەبێ حساب بۆ کردن پیایدا تێپەڕیون، دوای تێپەڕینی کەژاوەکەش، هاتونەتەوە و وتویانە لەم شوێنە نەمێنن و بڕۆن، بەوپێیەى شوێنى مەفرەزەکە نزیک بە بارەگاى مەڵبەندی گەرمیانى یەکێتى بوە کە لەسەر جادەى سەرەکی کەلار – کفرییە لە نزیک ناحیەی رزگاری.
 
لایخۆشیەوە بەرپرسی مەڵبەندى گەرمیانى یەکێتى نیشتمانى، رەدی دەکاتەوە هیچ کێشەیەکیان لەگەڵ مەفرەزە ئەمنیەکان دا هەبێت.
 
پۆڵا سیروان تاڵەبانى، بۆ رادیۆی دەنگ وتى: "بەداخەوە لە هەندێک پەیج و شتا دا نوسراوە کە نەوەستاوین لە مەفرەزە و سوکایەتیمان کردوە، ئەمە ئەسڵ و ئەساسی نیە، وەکو هەمو کەسێکى تر بە مەفرەزەدا تێپەڕیوین و هیچ کێشەیەکمان نەبوە".
 
بەرپرسی مەڵبەندى گەرمیانى یەکێتى نیشتمانى، نەیشاردەوە کە ئۆتۆمبیلەکەى جامڕەشە، بەڵام وەکخۆی وتى: "لە شەریکەوە وایە کە گولەنەبڕ و جامڕەشە و خۆمان وامان لێنەکردوە".
 
لەبارەى بونى مۆڵەتەوە بۆ ئۆتۆمبیلەکەى، وتى: لەبەر ئەوەى هاتوچۆی بەغدا و شوێنەکانى تر دەکەم و پێشتر لە بەغدا بەرپرسی مەڵبەند بوم، مۆڵەتى سەرۆکایەتى و وەزارەتى بەرگرى عێراقمان هەیە و رێگەپێدانم هەیە بۆ هەمو عێراق.
 
رادیۆی دەنگ بۆ بەدواداچونى زیاتر، پەیوەندی بە وتەبێژی پۆلیسی گەرمیانەوە کرد، بەڵام پەیوەندیەکەى بەردەست نەبو، وتەبێژی هاتوچۆی گەرمیانیش لە پەیوەندیەکى رادیۆی دەنگ دا بێئاگایی خۆی لە روداوەکە دەربڕی.
 
هاوکات سەرچاوە ئەمنیەکە جەختى کردەوە لە رودانى کێشەکە و باسی لەوەکرد: بەڕێوبەرایەتى پۆلیسی گەرمیان لەسەر ئەو روداوە نیگەرانە و ئیدارەى گەرمیانى ئاگادار کردوەتەوە.
 
 
 



Dengnet.net - 2024
دروستکراوە لەلایەن کۆمپانیای (کۆدتێك)ەوە
ژمارەی سەردان 1,722,048     ژمارەی میوان 136