ده‌رباره‌   په‌یوه‌ندی
بەڕێوبەری گشتی شارەوانیەکانی گەرمیان راگیرا

2021/06/28 - 02:59 | 1630 جار بینراوە    
 
دەنگ نێت
 
بەڕێوبەری گشتی شارەوانیەکانی گەرمیان پاش چونە بەردەم دادوەری لێکۆڵینەوەی  دەستپاکی، بڕیاری راگرتن (توقیف)ی درا.
 
 سەرچاوەیەکی ئاگاداری یاسایی بە رادیۆی دەنگی وت: سەرلەبەیانی ئەمڕۆ بەڕێوبەری گشتی شارەوانیەکانی گەرمیان، بەرزان کەریم، چوەتە بەردەم دادوەری دادگای لێکۆڵینەوەی دەستپاکی گەرمیان کە پێشتر لەو دادگایە سکاڵای لەسەر تۆمارکراوە و فەرمانی دەستگیرکردنی بۆ دەرکراوە، لەوێ دادوەری دادگاکە پاش دادبینی بڕیاری راگرتن (توقیف)ی بۆ دەرکردوە و ئێستا راگیراوە.
 
٢٤ی مانگی رابردو، دادوەری پێشوی دادگای لێکۆڵینەوەی دەستپاکی گەرمیان، دادوەر: عەبدولئەمیر جومعە، فەرمانی دەستگیرکردنی بۆ بەڕێوبەری گشتی شارەوانیەکانی گەرمیان دەرکرد، لەسەر سکاڵایەک کە ئەندامێکی ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانی لەبارەی سەرپێچییکردن و کاری نایاسایی لە پرۆژەی ناوچەی نوێی پیشەسازیی ناحیەی رزگاریی تۆمارییکردبو، بەڵام بەڕێوبەری ناوبراو خۆی رادەست نەکرد.
 
دو ھەفتە پێشتریش، سەرباری بونی ناڕەزایەتیەکی زۆر، دادوەری ئەو دادگایە گۆڕدراو و دادوەر: عەباس محەمەد ئەمین لە جێگەکەی دانرا، ئەمڕۆش پاش چونی بەڕێوبەری گشتی شارەوانیەکانی گەرمیان بۆ بەردەم دادگا، لەلایەن ئەو دادوەرەوە فەرمانی راگرتنی بۆ دەرکراوە بەمەبەستی لێکۆڵینەوەکردنی زیاتر لەو دۆسیەیە.
 
لەو دۆسیەیەدا سەرۆکی شارەوانی ناحیەی رزگارییش تۆمەتبار کرابو و پاش چونە بەردەم دادوەر بۆ ماوەی چەند رۆژێک راگیرا و دواتر بە کەفالەت ئازاد کرا.
 
 



Dengnet.net - 2024
دروستکراوە لەلایەن کۆمپانیای (کۆدتێك)ەوە
ژمارەی سەردان 1,721,641     ژمارەی میوان 836