ده‌رباره‌   په‌یوه‌ندی
رێكخراوی ستۆپ: گۆڕینی دادوەری دەستپاکی گەرمیان لەگەڵ بانگەشەكانی چاكسازی نایەتەوە

2021/06/16 - 04:35 | 665 جار بینراوە    
 
دەنگ نێت
 
رێکخراوێکی تایبەت بە چاودێریی گەندەڵی رەخنە لە گۆڕینی دادوەری دادگای دەستپاکی گەرمیان دەگرێت و دەڵێت: لەگەڵ بانگەشەکانی چاکسازی یەکناگرێتەوە.
 
رێکخراوی ستۆپ، لە راگەیەنراوێکدا لەبارەی دۆسیەی گۆڕینی دادوەر: عەبدولئەمیر جومعە لە دادوەری دادگای دەستپاکی گەرمیان، نوسیویانە: ئێمە بەتەواوی دژی ئەو جۆرە مامەڵەیەین، چاوەڕێ بووین حكومەت و دەسەڵاتی دادوەری و ئیدارەیی خۆجێی پشتیوانی ئەو دادوەرە بەرێزە بكەن نەوەك بیگۆڕن.
 
رێكخراوی ستۆپ پێیوایە 'ئەو جۆرە مامەڵەیە لەگەڵ بانگەشە و بەرنامەی چاكسازی حكومەتی هەرێم یەكناگرێتەوە كە بەڵێنی داوە شەڕی گەندەڵی ئەولەویەتی كارەكانی بێـت'، دەشڵێت: ئەوەی روویدا ئاماژەی خراپن لەو ڕوەوە.
 
داواش دەکات بەزووترین كات لیژنەی لێكۆڵینەوە لەسەر ئەو ئاڵوگۆرە پێكبهێندرێت و رێوشوێنی لەو شێوەیەش جارێكی بەرامبەر کەسانێک نەگیرێتەبەر کە بە 'خەمخۆران و پێشەنگانی شەڕی گەندەڵی' ناویان دەبات.
 
رێكخراوی ستۆپ، رێکخراوێکی مەدەنی ناحکومییە و بارەگاکەی لە ھەولێرە، لە بواری روبەڕوبونەوەی گەندەڵی دا چالاکن و لەوروەوە چالاکی جۆراوجۆریان ھەیە.
 
دادوەر عەبدولئەمیر جومعە، دادوەری دادگای دەستپاکی 'نزاھە' گەرمیان بو، سەرەتای ئەم ھەفتەیە ئەو دادگایەی لێوەرگیرایەوە، ئەمەش دوای ئەوەی لەسەر سکاڵایەی ئەندامێکی ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانی، سەرۆکی شارەوانی ناحیەی رزگاریی راگرت و فەرمانی گرتنیشی بۆ بەڕێوبەری گشتی شارەوانیەکانی گەرمیان دەرکرد.
 
 
 
 
 



Dengnet.net - 2024
دروستکراوە لەلایەن کۆمپانیای (کۆدتێك)ەوە
ژمارەی سەردان 1,722,356     ژمارەی میوان 401