ده‌رباره‌   په‌یوه‌ندی
٥٠٠ هەزار دۆلار له‌ پاره‌ى نه‌وت بۆ گه‌رمیان خه‌رجده‌كرێت

2021/04/15 - 04:13 | 925 جار بینراوە    
 
ده‌نگ نێت
 
سەرپەرشتیاری ئیدارەی گەرمیان ئاماژە بەودەکات تێبینی زۆریان هەبو لە بارەی ئەو پرۆژانەی کۆمپانیاکانی دەرهێنانی نەوت لە سنورەکە جێبەجێیان کردوە و دەڵێت: پرۆژەکان بچوک بون، هیچ کاریگەریەکی بەرچاویان نەبو، بۆیە بڕیارماندا کە رەزامەند نەبین بە هیچ پرۆژەیەکیان، بەوهۆیەشەوە وەزارەتی سامانە سروشتیەکان بڕیارێکی نوێی تایبەت بە گەرمیان دەرکردوە.
 
له‌ راپۆرتى ژماره‌ ١٨ى یه‌كه‌ى چاودێرى حكومه‌تى خۆجێی گه‌رمیاندا كه‌ له‌ باره‌ى كه‌رتى نه‌وت له‌ گه‌رمیان ئاماده‌ كراوه‌، جه‌لال شێخ نورى، ئاماژه‌ى به‌وه‌كردوه‌ كه‌ كۆمپانیا نه‌وتیه‌كان «پرۆژە بچوکەکانیان جێبەجێکردوە و گەورەکانیان بەهەند وەرنەگرتوە».
 
له‌باره‌ى تێچوی پرۆژەكانه‌وه‌ باسى له‌وه‌كردوه‌ پڕۆژه‌ بچوکەکان لە (7) هەزار دۆلارەوە دەستی پێکردوە تاوەکو (10) هەزار دۆلار، پڕۆژە گەورەکانیش لە (500) هەزار دۆلارەوە بۆ (2) ملیۆن دۆلاربوە کە داوایان کردوە بۆیان بنێردرێت.
 
دوای ئەوەی ئیدارەی گەرمیان هەڵوێست وەردەگرێت بەرامبەر کۆمپانیاکان بەوەی کە ره‌زامەندی نادەن لە سەر پرۆژەکانیان ئەگەر بەمشێوەیە بەردەوام بن، سەرئەنجام وەزارەتی سامانە سروشتیەکان دێتە سەرخەت. 
 
سەرپەرشتیاری ئیدارەی گەرمیان، ده‌شڵێت: «لە کۆبونەوەکەدا بڕیارماندا خەرجکردنی پارەی پرۆژەی پەرەپێدانی کۆمپانیاکان بکرێت بە ساڵانە کە بۆ ئەمساڵ بەهۆی نزمی نرخی نەوتەوە ٥٠٠ هەزار دۆلارمان دیاری کردوە بۆ ئەوەی لە گەرمیان پرۆژەی پێ ئەنجام بدەین».
 
ئەو نرخەی دیاری کراوە بە (500) هەزار دۆلار جێگیر نیە، ساڵانە دەگۆڕێت بە پێی نرخی نەوت و بڕی دەرهێنان و پێویستی ئەو پرۆژەیەی کە لەو ساڵەدا بەو داهاتە جێبەجێ دەکرێت.
 
 



Dengnet.net - 2024
دروستکراوە لەلایەن کۆمپانیای (کۆدتێك)ەوە
ژمارەی سەردان 1,722,109     ژمارەی میوان 196