دەنگ نێت
لەبارەی وەرگرتنەوەی پۆستی قایمقامیەتی کەلار، باژێروانی مەکۆی کەلاری گۆڕان دەڵێت: ئەو پۆستەمان رادەست نەکردوە هەتا یەکێتی لێمان وەربگرێت، وتەبێژی مەڵبەندی گەرمیانی یەکێتیش دەڵێت: دوای پێکهێنانی کابینەی نوێی حکومەتی هەرێم قسەی لەسەر دەکەین.
پاش راپۆرتێکی رادیۆی دەنگ کە باسی لەوە کرد دوابەدوای خانەنشینبونی شەهاب ئەحمەد، چەند سیناریۆیەک هەن بۆ پڕکردنەوەی پۆستی قایمقامی کەلار، لەنێویاندا مانەوەی پۆستەکە لەلای گۆڕان، یاخود وەرگرتنەوەی لەلایەن یەکێتییەوە، هەردو حزب لەوبارەوە قسە دەکەن.
مەریوان رەحیم، باژێروانی مەکۆی کەلاری بزوتنەوەی گۆڕان، بە رادیۆی دەنگی راگەیاند: پۆستی قایمقامیەتی کەلار بەرکەوتەی بزوتنەوەی گۆڕانە بەئێستاشەوە.
وتیشی: لە پێش سەری ساڵەوە نوسراومان کردوە بۆ ئیدارەی گەرمیان و وەکالەتمان ناردوە کە ئەو پۆستە پۆستی بزوتنەوەی گۆڕانە و سورین لەسەر داواکارییەکەی خۆمان.
باسی لەوەشکرد: تاوەکو ئێستا هیچ دانیشتنێکمان نەکردوە لەگەڵ یەکێتی بۆ ئەو مەبەستە، چونکە پۆستەکە ئیستحقاقی خۆمانە و تەسلیم بە یەکێتیمان نەکردوەتەوە و نەکشاوینەتەوە لە حکومەت.
بەپێی وتەی ئەو بەرپرسەی گۆڕان لە حاڵەتێکدا یەکێتی کەسێکی بەرەسمی دانا ئەوان قبوڵی ناکەن، چونکە وەکخۆی وتی: "پۆستی ئێمەیە و کاندیدمان بۆی دیاریکردوە، ئەمەش حکومەتە، کەس ناتوانێت کەس دەربکات و بەدڵی خۆی کەس دابنێت".
لەبەرامبەردا عەلی دەروێش، وتەبێژی مەڵبەندی گەرمیانی یەکێتی نیشتمانی، بۆ رادیۆی دەنگ وتی: تاوەکو ئێستا قسە نەکراوە لەسەر ئەو رێککەوتنەی پێشتر لە نێوان یەکێتی و بزوتنەوەی گۆڕاندا کراوە، ئێمە هیچ نییەتێکی بردنەوەی پۆستەکەمان نییە.
وتیشی: ئەم بابەتانە پەیوەندی بە پێکهێنانی حکومەتەوە هەیە، لە دوای پێکهێنانی حکومەت رەنگە ئەم پرسانە قسەی تریان لەسەر بکرێت لەگەڵ گۆڕاندا، بارودۆخی گۆڕانیش رەنگە گونجاو نەبێت بۆ هەندێک گۆڕانکاریی.
باسی لەوەشکرد: ئەم بەڕێزە (مەبەستی راسپاردنی جێگری سەرپەرشتیاری ئیدارەی گەرمیانە کە بە وەکالەت و کاتیی لەجێی قایمقامی کەلار دانراوە) وەکو قایمقامی کەلار دەستبەکار دەبێت تاماوەیەکی دیکە، دواتر قسەمان دەبێت لەگەڵ بزوتنەوەی گۆڕاندا لەسەر ئەم پرسە.
لەبارەی ئەوەی گۆڕانکارییەکان دەکەوێتە دوای پێکهێنانی حکومەت یان دوای هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگا، وتەبێژی مەڵبەندی گەرمیانی یەکێتی بێئاگای خۆی دەربڕی و وتی: بەدیاریکراویی نازانم، ئەوە سەرکردایەتی هەردولا دەزانن و هەرکات کۆبونەوە، بڕیاری لەسەر دەدەن.
دەشڵێت: هیچ شتێکی لەو شێوەیەمان نەوتوە کە ئیلتیزام بە رێککەوتنەکەمانەوە ناکەین لەگەڵ گۆڕاندا، هەرکات بە فەرمی وتمان ئیلتیزامی پێوە ناکەین، ئەوکات بە بەرنامەیەکی ترە و قسەیەکی ترمان دەبێت لەگەڵ گۆڕاندا.