ده‌رباره‌   په‌یوه‌ندی
کۆنترین نشینگەی شوێنەواریی لە گەرمیان ئاشکرا دەکرێت

2024/12/04 - 09:22 | 222 جار بینراوە    
 
دەنگ نێت
 
تیمێکی شوێنەوارناسیی کۆنترین ناوچەی شوێنەواریی لە شاخی کورە "تەپەی کورە" لە گوندی بانئاسیاوی نزیک کەلار دەدۆزنەوە، باس لەوەشدەکەن کۆنترین نشینگەی مرۆییە تائێستا لە سنورەکە دۆزرابێتەوە و خاوەنی ناوەندێکی حوکمڕانی بوە.
 
بەپێی توێژینەوەیەک کە گۆڤاری زانکۆی کامبریدج بڵاویکردوەتەوە و ژمارەیەک توێژەر و شوێنەوارناس ئەنجامیانداوە، ئاماژە بەوەکراوە هەستاون بە کنەوپشکنین کردن لەناوچەی شوێنەواریی شاخی "کورە" کە ١٠ کیلۆمەتر لە باشوری قەزای کەلارەوە دورە و لە رۆخی روباری سیروانە و لە سنوری گوندی بانئاسیاوە، تیایدا بە پشتبەستن بەو شوێنەوارانەی دۆزیویانەتەوە، ئەوەیان بۆ دەرکەوتوە کە لە هەزارەی چوارەمی پێش زاین شوێنی نیشتەجێبون بوە و لە سەردەمی چاخی بەردیی نوێدا کە کۆتا قۆناغی چاخی بەردینە، گەورەترین نشینگە بوە لەناوچەکەدا.
 
ئاماژە بەوەشدەکات شوێنەوارەکە بۆ یەکەمجار لەلایەن بەڕێوبەرایەتی شوێنەواری گەرمیانەوە لەساڵی ٢٠١٨ ئاشکراکراوە، پاشان لەلایەن توێژەرانی بیانییەوە لەساڵانی ٢٠١٩ و ٢٠٢٢ و ٢٠٢٣ کنەوپشکنینی زیاتری تێداکراوە و توانراوە چەندین شوێنەواری تێدابدۆزرێتەوە و پێشبینیش دەکەن چەندین شوێنەواری دیکەش لە نمونەی باڵەخانەی گەورە لەخۆبگرێت، ئەمەش دەرخەری ئەوەیە کە ناوچەیەکی نیشتەجێبونی ئاوەدان بوە.
 
ئاماژەی بەوەشکردوە تائێستا ٢ ناوچە لەو شوێنە دیارییکراوە و کاری کنەوپشکنینی تێدائەنجامدراوە کە روبەرەکەیان ٧٢٨ مەتری دوجایە، تیایدا شەش قۆناغی چاخی بەردینی تێدا دەستنیشانکراوە کە یەکەمیان بۆ سەدەی یەکەمی هەزارەی چوارەمی پێش زاین دەگەڕێتەوە.
 
باسی لەوەشکردوە کە بینا و ژور و ئاگردانیش لەشوێنەکەدا دۆزراوەتەوە لەگەڵ پارچەی شوێنەواری وەکو قاپی گڵیی.
 
ئاماژەی بەوەشداوە پشکنینیان بۆ ژمارەیەک لەو قاپانە کردوە کە دۆزراونەتەوە و دەریخستوە کە زۆرینەیان بەکارهێنراون بۆ پێشکەشکردنی شلە و شۆربا کە گۆشت و مۆخی ئێسکیان تێدابوە. هەروەک ئەو خۆراکانەی دۆزراونەتەوە لەو ناوچەیە بەزۆری گەنم و جۆ و هەنجیر بون، هەرچی ئاژەڵەکانیشیانە بە زۆری بزن و پاشان مەڕ و مانگا و بەراز و سەگ و ئاسک بون.
بەمپێیەش توێژەران پێیانوایە ئاژەڵداریی زیاتر لە کشتوکاڵ لە کۆمەڵگەی شاخی "کورە"ـدا گرنگیپێدراوە.
 
توێژینەوەکە ئەوەش دەردەخات کە هاوکات رێڕەوێکی ئاوەڕۆ کە بە گۆزەی یەک لەدوای یەک دروستکراون دۆزراوەتەوە.
 
باسی لەوەشکردوە ناوچەکە گەورەترین نشینگەیی مرۆییە لەو چاخەدا لە سنورەکە کە تائێستا دۆزرابێتەوە و خاوەنی ناوەندێکی حوکمڕانی بوە کە بەتەواوی بۆیان روننەبوەتەوە سروشتەکەی چۆنە.
 
هەروەک چەندین گریمانەیان باسکردوە کە پێیانوایە بەپشتبەستن بە کاری داهاتویان تیایدا زیاتر بۆیان روندەبێتەوە.




Dengnet.net - 2024
دروستکراوە لەلایەن کۆمپانیای (کۆدتێك)ەوە
ژمارەی سەردان 2,257,900     ژمارەی میوان 3206